كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دەزگای خێرخوازی بارزانی زیاتر لە ٢٠٠ تەن تەماتەی جووتیاران دەکڕێتەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەڵمەتێکیدا زیاتر لە ٢٠٠ تەن تەماتە و بەرهەمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکڕێتەوە و بەسەر ئاوارەی کەمپەکانی دابەش دەکات.

وەحید ئەمین ئەتروشی، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە(باسنیوز)ی رایگەیاند: "جووتیارانی سنووری دهۆک گلەیی ئەوە دەکەن کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان لە بازاڕ بێ بەهایە، بۆیە ئێمە وەک دەزگای خێرخوازی بارزانی پلانێکمان داڕشتووە کە بەرهەمەکانیان بکڕینەوە و هەر هیچ نەبێت ماندووبوونی ساڵێکیان بە هەدەر نەچێ و داهاتێکیان بدێتەوە دەست".

گوتیشی: "ئێمە بەرنامەیەکمان ئامادەکردووە کە بۆ ماوەی حەفت ڕۆژ ئەو بەرهەمانەی جووتیارانی ناوخۆ بەتایبەتی تەماتە لە جووتیاران دەکڕین و بۆ هەر ڕۆژێک ئێمە ٣٠ تەن تەماتە دەکڕین کە بۆ ماوەی حەفت ڕۆژ دەکاتە ٢١٠ تەن".

ڕوونیشیکردەوە" پاشان ئەو بەرهەمانە وەک کارێکی مرۆڤایەتی بەسەر کەمپی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دابەش دەکەین، بۆ ئەو مەبەستە سبەی لەگەڵ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک و نوێنەری جووتیاران کۆدەبینەوە و بەها و نرخێکی گونجاو لەسەر بەرهەمەکان دادەنێین".