كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هۆشیار زێباری لەسەر كوژرانی هیشام هاشمی هاتە دەنگ


پێش كەمێك هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق بە توندی رەخنەی لە كوشتنی هیشام هاشمی چاودێری سیاسیی عێراق گرت، كە ئەمشەو لەبەردەم ماڵەكەیدا لەناو شاری بەغدا تیرۆر كرا.


لەمبارەیەوە زێباری لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی "كوشتنی خوالێخۆشبوو هیشام هاشمی چاودێری سیاسیی بە توانا و بێلایەنی عێراقی، تووشی شۆكی كردین، ئەمە شەرمەزارییەكی گەورەیە بە رووخساری دەسەڵاتی عێراقی و دەزگا ئاسایشیەكانی ئەم وڵاتە، كە ناتوانن پارێزگاری لە گیانی راگەیاندنكاران و رای ئازاد و رادەربڕین بكەن".


زێباری دەشڵێ "تا كەی كوشتنی قێزەونی تایفی بەردەوام دەبێ؟ پێویستە لەسەر حكوومەت دەمودەست لێكۆڵینەوە بكات و تاوانباران و بكوژان رادەستی دادگایەكی بێلایەن و دیودەر بكات".


جێی باسە ئەمشەو هیشام هاشمی چاودێری سیاسیی ناسراوی عێراق و پسپۆری ئاسایشی لەناو شاری بەغدا تیرۆر كرا.


سەرچاوەیەكی ئاسایشی عێراقی ئاشكرای كرد هاشمی لەناو بەغدا لەلایەن چەكداری نەناسراوەوە بە گوللە لە سەری دراوە و لەگەڵ گەیشتنی بە نەخۆشخانەی ئیبن نەفیس، گیانی لەدەست داوە.


بەپێی زانیارییەكان، چەكدارەكان بە دوو ماتۆرسیكلەوە لە گەڕەكی زەیونەی بەغدا لەبەردەم ماڵی خۆیدا، هاشمییان تیرۆر كردووە.


هاشمی كە پسپۆری ئاسایشی و چاودێری سیاسی بوو، ئەمڕۆ لە تەمەنی 47 ساڵیدا تیرۆر كرا، بەر لە ماوەیەكیش ڕەخنەی لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و كردنە ئامانجی ناوچەی سەوزی بەغدا گرتبوو لە ڕێگەی ئەو مووشەك و هاوەنانەی شەوانە لە شوێنی نەزاندراوەوە ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دەكرێن.