كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

كێ كۆمەڵكووژیی باشباغی لە باکووری کوردستان ئەنجام دا؟

پەكەكە رەتی دەكاتەوە و دەوڵەتی توركیاش پەكەكە تۆمەتبار دەكات

٢٧ ساڵ بەر لە ئێستا، كۆمەڵێك چەكدار هەڵیان کوتایە سەر گوندی "باشباغ"ی سەر بە پاریزگای ئەرزنجان لە باکووری کوردستان كارەساتێكی نامرۆڤانەیان  ئەنجام دا، ئەویش كوشتنی خەڵكەكەی و سووتاندنی گوندەكە بوو.

لە ٥ی تەمووزی ١٩٩٣، لە بەرەبەیاندا كۆمەڵێك چەكدار هەڵیانکوتایە سەر گوندی باشباغ كە سەر بە شاری ئەرزنجانە لە بوکوور و لە٢٢٠ كیلۆمەتریی ئەو شارە هەڵکەوتووە، ئەو چەكدارانە خۆیان بە پەكەكە دەناسێنن و كۆمەڵكووژییەكی نامرۆڤانە ئەنجام دەدەن.

ئەوان هەموو پیاوەكانی ناو گوندەكە كۆ دەكەنەوە و ئافرەتەكانیش دەبەنە شوێنێكی تر و هەرچی ئاڵتوون و پارە هەیە لێیان وەردەگرن، پاشان ٢٨ پیاو بە گوللە لەبەرچاوی ئافرەتەكانەوە دەكوژن و گوندەكەش ئاگر تێ بەردەدەن، لە ئەنجامی سووتاندنی گوندەكەشدا ٥ ئافرەت بهۆی زۆری سووتانیان گیان لەدەست دا.

زۆربەی پارتە سیاسییەكانی توركیا بە هەدەپەشەوە دوێنێ ٥ی تەمووز بەیاننامەیان بڵاو كردەوە و ئیدانەی ئەو كۆمەڵكوژییەیان كرد و داوایان كرد بكەرانی بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن.

پەكەكە رەتی دەكاتەوە ئەو تاوانەی ئەنجام دابێت و دەڵێت بۆ شكاندنی پەكەكە و كورد ئەو چەكدارانە خۆیان بە پەكەكە ناساندووە، بەڵام پارتە سیاسییەكانی توركیا جگە لە هەدەپە، پەنجەی تۆمەت بۆ پەكەكە درێژ دەكەن و دەڵێن كردەوەیەكی لەو شێوەیە تەنیا لە ئێوە دەوەشێتەوە.

لە توركیا لەلایەن حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانەوە چەندین جار كورد بە دڕندانەترین شێوە كۆمەڵكوژ كراوە، نموونە كۆمەڵكوژیی دەرسیم، زیلان و رۆبۆسكی و هەروەها لە كاتی سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران سەدان كورد كۆمەڵكووژ كران، بۆیە ئەمە بۆ یەكەمجارە لە توركیا لایەنێكی كوردی بە كۆمەڵكوژكردنی خەڵكێكی بێتاوان تۆمەتبار بكرێت.

ئەگەرچی پەكەكە رەتی دەكاتەوە، بەڵام بە جوانی و فراوانی و لۆژیكی رای گشتی توركیای تێ نەگەیاندووە كە ئەوان دەستیان لەو كۆمەڵكووژییە نەبووە، بۆیە میدیای توركیا لەوەیاندا زیرەكتر بووە و رای گشتی توركیای وا تێگەیاندووە كە پەكەكە دەستی لەو كۆمەڵكووژییەدا هەبووە.