بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی سێ داواکراوی ڕاگەیاند کە پلانی کوشتنی ئەفسەر و کارمەندانی پارێزگاکەیان هەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دوێنێ ٥/٧/٢٠٢ بڵاوی کردووەتە و وێنەیەکیشی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ڕای گەیاندووە: "هێزێکی نووسینگەی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، سێ داوکراویان دەستگیر کردووە کە بەپێی مادەی ٤ی تیرۆر لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی حەویجەوە، فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: "دەستگیرکراوەکان دەستیان کردووە بە ڕێکخستنەوە لەناو پارێزگای کەرکووک و مەفرەزەی تیرۆرکردنی ئەفسەر و کارمەندانی پارێزگاکەیان پێکەوە ناوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە "دەستگیرکراوەکان بەنیاز بوون چەکی بێدەنگ بهێننە پارێزگاکەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان".