كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

حكوومەتی عێراق: كارتی زۆرمان لە دەستە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی توركیا


ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند حكوومەتی وڵاتەكەی كارتی بەهێزی زۆری بەدەستەوەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق.


ئەحمەد سەحاف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند كە عێراق كارتی بەهێزی زۆری بەدەستەوەیە تا وەڵامی هێرشەكانی توركیا بداتەوە، لە هەمووشیان گرنگتر كارتی ئابوورییە.


سەحاف دەشڵێ عێراق زۆر سەرچاوەی هێزی هەیە، لەوانەش هێزی ئابووری، دەیان كۆمپانیای ئابووری و وەبەرهێنانی توركیا لە عێراق كار دەكەن و قەبارەی ئالوگۆڕی بازرگانیی بەغدا و ئەنكەرا زیاتر لە 16 ملیار دۆلاری ساڵانەیە، لەلایەكی دیكەشەوە یاسا نێودەوڵەتییەكان لایەنگری مافی عێراق دەكەن لەم كێشەیەدا، ئەگەریشی هەیە عێراق بچێتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سكاڵا تۆمار بكات بە مەبەستی گرێدانی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عێراق.


گوتەبێژەكە ئاماژە بەوەش دەدات كە عێراق هەروەها دەتوانێ ڕوو لە كۆمكاری عەرەبی و ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تر بكات لە بەرانبەر هێرشەكانی توركیا.


جێی باسە چەند رۆژێكە سوپای توركیا بە شێوەیەكی بەرفرەوان هێرش دەكاتە سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بۆ لێدانی هێزەكانی پەكەكە لەم ناوچانە.