هۆكاری بەرزبوونەوەی قوربانییانی كۆرۆنا لە عێراق چیە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هۆكاری بەرزبوونەوەی قوربانییانی كۆرۆنا لە عێراق چیە؟


ماوەی چەند هەفتەیەكە ڕێژەی قوربانییانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و ژمارەی تووشبووانی پەتاكە بە شێوەیەكی ترسناك لە عێراق بەرز بووەتەوە، ئەمەش لەچاو سەرەتای تەوژمی بڵاوبوونەوەی پەتایەكە جیاوازییەكی گەورەی هەیە.


لە كاتێكدا بەر لە تەوژمی ئەم سێ هەفتەیەی رابردوو، ڕێژەی تووشبووانی رۆژانە لە عێراقدا لە دەوروبەری 100 تووشبوو بوو، مردنیش بەهۆی پەتایەكە بە زۆری لە خوار 10 كەیسەوە بوو، ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تووشبووی نوێ تۆمار دەكرێن و دەوروبەری 100 تووشبووش گیان لەدەست دەدەن، بە جۆرێك تا ئەمڕۆ یەكشەممە 60 هەزار و 479 تووشبووی پەتاكە لە عێراق تۆمار كراون و دوو هەزار و 473 تووشبووش گیانیان لەدەست داوە.


لەمبارەیەوە كەناڵی (ئەلجەزیرە)ی عەرەبی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بە هۆكاری بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی ڕێژەی قوربانییانی كۆرۆنا لە عێراق داوە و نووسیویەتی ئێستا نزیكەی 20%ی ئەو كەسانەی ڕۆژانە پشكنینی كۆرۆنایان بۆ دەكرێ، ئەنجامەكانیان ئەرێنی دەردەچێ و دەردەكەوێ هەڵگری ڤایرۆسەكەن، ئەمەش ترسێكی گەورەی لای هاووڵاتییانی عێراق دروست كردووە، چونكە ئەم ڕێژەیە زۆر بەرزە لە چاو ڕێژەی ئاسایی وڵاتانی جیهان و تەنانەت لەچاو وڵاتانی دراوسێی عێراقیش، كە چەند هەفتەیەكە بە پێچەوانەی عێراقەوە، ڕێژەی تووشبوونی پەتایەكە لەناویاندا بەرەو كەمبوونەوەیە.


ئەلجەزیرە پشتی بە بۆچوونی دكتۆر فارس بریفكانی پەرلەمانتاری عێراق و جێگری سەرۆكی لیژنەی تەندروستی بەستووە كە دەڵێ "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتایەكەدا لە عێراق، رۆژانە لە دەوروبەری هەزار پشكنینی كۆرۆنا ئەنجام دەدرا، بەم شێوەیە ئەنجامدانی پشكنینی كەم، بووە هۆی ئەوەی زۆربەی تووشبووەكان نەدۆزرێنەوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە رۆژانە ڤایرۆسەكانیان بە دەوروبەری خۆیاندا بڵاو دەكردەوە، تا بە هەزاران كەس تووشی بوون، بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، بەم شێوەیە پەتایەكە بەڕێژەیەكی بەربڵاو لە عێراق زیادی كرد".


لای خۆیەوە عەلی عەنبوری پسپۆری تەندروستیی گشتی لە كۆلێژی پزیشكی كەندی لە بەغدا دەڵێ ئەم بڵاوبوونەوە بەرفرەوانەی كۆرۆنا لە عێراق چاوەڕوانكراو بوو، هەر ئەم ڕێژە بەرزەی تووشبوونەشە وای كردووە رۆژانە ڕێژەی مردنیش بەهۆی پەتاكە زۆر بەرز بێتەوە.


عەنبوری یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم تەشەنەكردنەی پەتایەكە لە عێراق بۆ رانەگەیاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆی سەرتاسەری لە وڵاتەكەدا دەگەڕێنێتەوە، هەروەها پابەند نەبوونی هاووڵاتییان بە ڕێنماییەكانی خۆپاراستن لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و نەبوونی هۆشیاریی تەندروستی و باوەڕ نەكردنی هاووڵاتییان بە ئاستی بەرزی مەترسیی پەتایەكە.


پسپۆرەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە پەتایەكە و قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە هەندێك شوێن لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتایەكەدا بە شێوەیەكی رووخسارەكی بووە نەك كردارەكی و توند، بە تایبەتی كە لە ناوچە میللییەكاندا بەردەوام ژیان ئاسایی بووە و هیچ شتێك نەگۆڕاوە.


عەنبوری زەنگی مەترسییش لێ دەدات بەوەی ئەو ژمارەی تووشبووانەی ئێستا رۆژانە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراقەوە رادەگەیەندرێن، زۆر كەمترن لە ژمارەی راستینەی تووشبووانی رۆژانەی پەتایەكە لەم وڵاتە، بە تایبەتیش كە ئێستا نەخۆشخانەكان تەنها پشكنین بۆ ئەو كەسانە دەكەن كە نیشانەكانی پەتایەكەیان هەیە، دەنا دەزگاكانی حكوومەت بەوە ڕاناگەن پشكنین بۆ هەموو ئەوانە بكەن كە گومانیان لێ دەكرێ هەڵگری ڤایرۆسەكە بن.


نمونەشی بە دۆخی كۆرۆنا لە ئەمریكا هێناوەتەوە و دەڵێ ئێستا رۆژانە 100 هەزار پشكنینی كۆرۆنا لە رۆژێكدا ئەنجام دەدەن، بەڵام پسپۆرانی وڵاتەكە دووپاتی دەكەنەوە كە ڕێژەی ڕاستینەی تووشبووانی رۆژانە لە ئەمریكا دە هێندەی ئەو ژمارەیەیە كە حكوومەت تۆماری دەكات و رایدەگەیەنێت، بۆیە دۆخی عێراقیش لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا جیا ناكرێتەوە و دەشێ رۆژانە دە هێندەی ژمارەی راگەیەندراو، تووشبووی پەتایەكە هەبن، ئەمەش لە كاتێكدایە كەرتی تەندروستیی عێراق ماندوو و داڕماوە، ژمارەیەكی زۆر كەمی ئامێری ئۆكسجین و هەناسەدانی دەستكردی هەیە لەچاو ژمارەی دانیشتوانی، ئەمەش وا دەكات چاوەڕێی مەترسیی زیاتر بكرێت.


جێی باسە مانگی رابردوو پزیشكێكی كوردی خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا لە مایكرۆبایۆلۆجی كە ناوی د.هادی حسێن شوانییە، لە بەریتانیاوە تۆمارێكی ڤیدیۆیی لەسەر مەترسییەكانی ئەم شەپۆڵەی ئێستای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە، وەك بەشێك لە دۆخە گشتییەكەی لە عێراقدا هەیە، لەمبارەیەوە گوتبووی هەموو كەس تووشی پەتاكە دەبن، بەڵام دەبێ وا بكەین بە سووكی تووشی بن و مەترسییەكانی كەم بكەنەوە.


پزیشكە كوردەكە ئاماژەی بەوە دابوو كە كێشەی گەورەی پەتای كۆرۆنا ئەوەیە لە هەموو جیهاندا تێكەڵی سیاسەت كراوە، ئەمەش وای كردووە توێژینەوە زانستییەكانیش ناكۆكیان تێبكەوێت و شێوەی ڤایرۆسەكە وەكو خۆی ئاشكرا نەبێت.


هەروەها باسی لەوە كردبوو كە بۆچی پەتایەكە لە كۆمەڵگەكانی ئەورووپا كۆنترۆڵ كرا و لە كوردستان نەكرا، بە پێچەوانەوە لە هەرێمی كوردستاندا تازە پەرە دەستێنێ و مەترسیی گەورەشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.


شوانی لە بەشێكی تۆمارە ڤیدیۆییەكەیدا دەڵێ ئەگەر چینییەكان وەكو هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان هەڵسوكەوتیان كردبا، ئەوا چین كەسی تێدا نەدەما و هەموویان لەناودەچوون.


ئەو پزیشكە كە بڕوانامەكەی تایبەتە بە ڤایرۆسی و مایكرۆبایۆلۆجی ئاماژەی بەوەش دابوو داخۆ ئەوەی ئێستا لە كوردستان ڕوودەدات بۆچی زۆر مەترسیدارە؟ ئایا شەپۆڵی دووەمی ڤایرۆسەكەیە یان هی یەكەمە؟ گوتبووی مەرج نییە ئەوانەی ئەنجامی پشكنینیان نێگەتیڤ دەردەچێ، هەڵگری پەتایەكە نەبن، بە پێچەوانەوە ئەگەری زۆرە خەڵكێكی زۆری هەرێمی كوردستان ئێستا هەڵگری پەتایەكە بن، بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن.