كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئیسرائیل: ئێمە دەستمان لە ڕووداوی تەقینەوەی ناو بنکە ئەتۆمییەکانی ئێراندا نییە

بنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی دەستی لە هەر ڕووداوێکی جێگەی گوماندا نییە کە لەناو بنکە ئەتۆمییەکانی ئێراندا ڕوو دەدەن.

ئەم هەڵویستەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەقینەوەیەک لەناو دامەزراوەی "ئەتۆمیی نەتەنز" هاتووەتە ئاراوە کەلە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووی داوە و هەندێ لە بەرپرسانی ئێران و میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە بە ئەگەری هێرشێکی تەکنۆلۆژیای ئیسرائیلیان لەقەڵەم داوە.

 هاوکات بەرپرسانی فەرمیی ڕێکخراوی ئەتۆمیی ئێران ئاشکرایان کرد کە تەقینەوە نەبووە و تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی بووە لەناو حەوشەی دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز ڕووی داوە.

ئسیرائیل کە باس لەوە دەکرێت ئێستا تاکە هێزی ناوکیی ناوچەکەیە، چەندان جار بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایان گەیاندووە کە ڕێگە نادەن ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم ڕابگات.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەو قسانەی لە کاتی وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆیەکی ناوخۆی وڵاتەکەی کردووە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئەو "تەقینەوە جێگەی گومان"انەی کە لەناو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا روو دەدەن، هیچ پێوەندییەکیان بە ئیسرائیلەوە هەیە؟ دەڵێت: "وا نییە کە ئەگەر بێت و هەر ڕووداوێک ڕوو بدات، وا لێک بدرێتەوە کە پێوەندیی بە ئێمەوە هەیە، چونکە ئەو سیستەم و دامەزراوانە زۆر ئاڵۆزن و لە ئاستێکی باڵادا پارێزراون، هەرچەند من لەوە دڵنیا نیم کە ئایا ئەوان بزانن بۆ هەمیشە پارێزگارییان لێ بکەن یان نا؟"

دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل هەر لە سەرەتای دامەزرانی حکوومەتی ئێرانەوەیە و ئێران ئیسرائیل بە فەرمی ناناسێت و خوازیاری لەناو بردنی ئەو حکوومەتەیە و پشتگیریی حیزبوڵای لوبنان و حەماس و گرووپە توندڕەوەکانی فەلسەتین لەدژی ئیسرائیل دەکات و ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە بە تەندی دژایەتیی یەکتر دەکەن و پرسی ئەتۆمیی ئێرانیش گرفتێکی دیکەی نێوان هەردوو وڵاتە.