كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

مەسرور بارزانی: خۆم بە خزمەتکاری هەموو هاووڵاتیان دەزانم

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی پرسیاری هاووڵاتییان کە داوای کردبوو، پرسیارەکانیان ئاراستەی بکەن، لە بەشی سێیەمی وەڵامەکانیشیدا، وەڵامی سێ پرسیار دەداتەوە کە یەکێکیان تایبەتە بە کرێکارانی بیانی.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 4-7-2020) وەڵامی سێ پرسیاری لەبارەی "رێژەی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، جیاوازی لەنێوان شارەکانی کوردستان و کەمیی پێکەنینی خۆی" دایەوە.

جیاوازی لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەی؟

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا مەسرور بارزانی دەڵێ "نەوەڵڵا، بەهیچ شێوەیەک جیاوازی لەنێوان شارەکان ناکەم، هەموو شارەکان بە شاری خۆم دەزانم و هەموو هاووڵاتییانی کوردستانیش بە خوشک و برای خۆم دەزانم، خۆشم بە خزمەتکاری هەموو هاووڵاتییان دەزانم، لە هەر شار و شارۆچکە و لادێیەکیش بن".

کەمکردنەوەی کرێکارانی بیانی و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان

ژمارەیەکی زۆری ئەوانەی پرسیاریان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کردووە، داوایان کردووە رێژەی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوە، لەجیاتی ئەوان دەرفەت بۆ خەڵکی خۆمان بڕەخسێنرێت، هەروەها داوای دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و رەخساندنی هەلی کار دەکەن بۆ گەنجان لە کەرتی تایبەت.

مەسرور بارزانی لەمبارەیەوە دەڵێ "زۆر راستە، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ خەڵکی خۆمان پێش هەموو کەسێک بڕەخسێنین، ئەمەش بە پەرەدان بە کەرتی تایبەت دەکرێت، ئێمە داوامان لە زۆربەی کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان کردووە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بە تەدریج ئەو فەرمانبەر و کارمەندانەی لە کۆمپانیاکانیان پێویستە کار بکەن، زۆرترینیان دەبێت فەرمانبەر و کرێکاری ناوخۆیی بن، ئەگەر پێویست بێت پسپۆری دەرەوەش بەردەوام بن لەگەڵ ئێمە، تاوەکو بۆ ماوەیەکی دیکە ئێمە بتوانین ببینە خاوەنی پسپۆریی ناوخۆیی، ئەوەیان کێشە نییە، بەڵام لەزۆربەی حاڵەتەکاندا وەکو بەرنامەی حکومەت ئێمە داوامان کردووە و لەسەری سوورین و بەردەوام دەبین، کە زۆربەی دامەزراندن لەو کۆمپانیایانە بۆ خەڵکی ناوخۆ بن، ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی گرنگی بە کەرتی تایبەتیش بدەین... بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەو هەلی کارانە دروست بکەین، بەداخەو لەبەر ئەو رەوشە نالەبارەی پەتای کۆرۆنا نەمانتوانیوە ئەمانە جێبەجی بکەین، بەڵام هیوادارین لە ماوەیەکی زوودا بەردەم بین لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەکەمان".

کەمی پێکەنین

"بۆچی زۆر پێناکەنی؟" ئەمەش پرسیارێکی دیکەیە کە ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کراوە و ئەویش بە پێکەنینەوە لە وەڵامدا دەڵێ "بەخوا نازانم! ئەوە ئێستا پێدەکەنم، ئەگەر پێویست بە پێکەنین نەبێت، نازانم چۆن پێبکەنم، بەڵام ئەگەر پێویستیش بێت، زۆر حەزدەکەم و هیوادارم وەڵامەکەمت بەدڵ بێت".