رۆیتەرز: كۆرۆنا و سزاكانی ئەمریكا هەژموونی ئێرانیان لە عێراق لاواز كردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

رۆیتەرز: كۆرۆنا و سزاكانی ئەمریكا هەژموونی ئێرانیان لە عێراق لاواز كردووە


ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرای كردووە كە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و توندكردنی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران، هەژموونی تاران لە عێراق كەم بووەتەوە.


رۆیتەرز لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە سزاكانی ئەمریكا و پەتای كۆرۆنا كاریگەرییەكی بەهێزیان كردووەتە سەر ئێران و وای كردووە حكوومەتی تاران نەتوانێ وەكو جاران بە پارە و هێزی سەربازی یارمەتی گرووپە میلیشیا شیعیەكان بدات، كە بە بریكاری ئێران لە عێراق كار دەكەن و هەژموونی ئێرانیان بەسەر عێراقدا سەپاندووە.


ئاژانسەكە لە زاری سێ سەركردەی میلیشیا شیعیەكانی گواستووەتەوە كە لەم ماوەیەدا ئێران بە هۆی سزاكانی ئەمریكا و پەتای كۆرۆناوە، تووشی شكستێكی گەورە بووە لە خۆسەپاندن بەسەر عێراقدا، بە تایبەتییش گرتنی خاڵە سنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێران كاریگەرییەكی گەورەی دروست كردووە.


بە گوتەی سەركردەكانی میلیشیاكان كە خۆیان لە حەشدی شەعبیدا دەبیننەوە، ئێران تا ئێستا پارەی زۆری نەختینەی بۆ هێزە بریكارەكانی لە عێراق دەنارد، بەڵام ئێستا چیتر سنوورەكان كراوە نین و ئەم كارە ئەستەم بووە، بۆیە لەم ماوەیەشدا كردنە ئامانجی ئەو هێزانەی ئێران بە دوژمنی خۆیانی دەزانێ لە عێراق، كەم بووەتەوە.


بە پێی زانیاریی ئاژانسە جیهانیەكە، پێشتر ئێران مانگانە بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ میلیشیاكانی لە عێراق دەنارد، بەڵام لەوەتەی پەیدابوونی پەتای كۆرۆنا، مانگانە لە نێوان دوو بۆ سێ ملیۆن دۆلاریان بۆ دەنێرێت.