كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
هیوا میرانی 02/07/2020

ڕەخنەی بەرژەوەندیخوازانە

ژمارەیان كەمە و پەنجەی دەست زیاتر نین ئەو ڕەخنەگرانەی بە راستی ڕەخنەی لەجێ بونیادنەرانە لە سیاسەتی حکوومەتی کوردستان و حزبەکان دەگرن و هەوڵی چاکبوون دەدەن.


لە کوردستان بە شێوەیەكی بەرچاو، ڕەخنەگری سیاسی لە ئەنجامی ئەوەوە دروست بووە، کە كەسی ڕەخنەگر لە بەرژەوەندیی دراوە یان هەر بەرژەوەندیی نییە لەگەڵ ئەو حزبەی ڕەخنەی لێ دەگرێت و حەزی دەكرد هەیبوایە.


لە دە ساڵی ڕابردوو، لە سنووری سلێمانی کۆمەڵێک (بەحساب ڕەخنەگری سیاسی) ڕەخنەیان لە دار و بەردی حکوومەت گرتووە و بەشێکی زۆریشیان بۆ ئەوەیان بوو پۆستێک یان دەستکەوتێکی دارایی بەدەست بهێنن و بە ئامانجەکەشی گەیشتن و دەنگی رەخنەیان نەما.


هەندێکیان نان و پیازیان بە دژایەتیی پارتییەوە دەخوارد و هەرچی باش و خراپی پارتی هەبوو رەتیان دەکردەوە و لەسەر حیسابی میللەت و بە ناونیشانی ئۆپۆزسیۆن، گەیشتن بە مووچە و پۆستی باڵا.


دوای داخستنی کۆمەڵێک پەیج لەلایەن كۆمپانیای فەیبسووكەوە و ئاشكرابوونی خەرجکردنی 27 دەفتەر دۆلاری مانگانە بۆ سپۆنسەرکردنی پەیجەکانیان، دیسان ئەو بەناو رەخنەگرانە بێدەنگییان هەڵبژارد، کە دڵنیام ئەگەر ئەوە لە سنووری پارتی بوایە، یەک مانگ وتار و راپۆرت و خۆپیشاندانیان دەبوو.


لە هەولێریش ماوەیەكە هەندێك كەس پەیدا بوون كە دەیانەوێت هەمان ڕێچكەی ئەو جۆرە رەخنەگرانەی سلێمانی بگرنە بەر، لە ئاست بچووكترین رووداوی هەولێر، دەنگیان بەرز دەكەنەوە و دەست بە هوتافلێدان دەكەن، زۆربەی ئەو كەسانە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە دەکەن، بۆیە بەردەوام وەک قاز بەدوای بەناو (رەخنەگرەكانی سلێمانی)، دەنگ بەرز دەكەنەوە.


بەشێکی دیکەش لەو رەخنەگرانە لە بەرژەوەندییان دراوە، پێشتر مینحەی ڕێکخراوەکان و پارەی چەوریان لەبەردەستدا بوو، بە کەیفی خۆیان تەخشان و پەخشانیان دەکرد، ئێستا کە مینحەکەیان بڕاوە، خۆیان کردووە بە پاکترین كەس و ڕۆژ تا ئێوارە چەندان بابەتی (بەحساب ڕەخنەیی) لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکەنەوە.


بەداخەوە زۆر کەمن ئەوانەی لە روانگەی دڵسۆزییەوە رەخنە دەگرن و بە پێدانی پۆست و پارە، پشت لە پرۆسەی باشترکردنی کۆمەڵگە و حوکمڕانیی کوردی ناکەن. لە كاتێكدا حكوومەت و كۆمەڵگەی كوردستانیش زۆر پێویستییان بەو كەسانەیە كە بە كردەیی ڕەخنەی بونیادنەرانە و دوور لە ژاوەژاوی سۆسیال میدیا دەگرن.