سەرکردەیەکی یەکێتی: کاتی ئەوەیە پارتی و یەکێتی گفتوگۆیەكی هێمن بكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرکردەیەکی یەکێتی: کاتی ئەوەیە پارتی و یەکێتی گفتوگۆیەكی هێمن بكەن

 

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند كە كاتی ئەوە هاتووە، حزبەكەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ”گفتوگۆیەكی هێمن“ بكەن و جەختی كردەوە كە هێوربوونەوەی پەیوەندیی ئەم دوو حزبە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە.

فەھمی بورھان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بارودۆخی سیاسیی کوردستان، لە قۆناغێکی ھەستیار و دژواردایە، پەتای کۆرۆنا بەشێوەیەکی چڕ لە نێو کۆمەڵگەدا بڵاو بووەتەوە و قەیرانی داراییش خەڵکی ماندوو کردووە، ھەروەھا کێشەیەکی زۆری هەڵپەسێردراو لەگەڵ بەغدا ھەیە، ئەوەش پێویستی بە یەکھەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکان ھەیە، بێگومان ئێستا بوونی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا کارێکی باشە و جێگەی دڵخۆشییە و کاتی ئەوەیە لایەنەکان پێکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن".

باسیشی لەوە كرد كە دەرچەیەك هەیە بۆ ئەوەی ”یەکێتی و پارتی گفتوگۆیەکی ھێمن و ھاوسەنگ بکەن، چونکە یەکێتی و پارتی تا لە نێوان خۆیاندا تەبا بن، دەستكەوتی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان بەدی دێت، دواجار خەبات و تێکۆشانی ئەو دوو حزبە پێمان دەڵێت، پێویستە دروور بکەنەوە لەو دروشمانەی کە برینەکان قوڵتر دەکاتەوە و کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات".

سەركردەكەی یەكێتی نەیشاردەوە كە هەر جۆرە بارگرژییەک لە نێوان یەکێتی و پارتی، ڕووبەری کێشەکان فراوانتر دەکات، بەڵام تەبایی و یەکڕیزیی نێوانیان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی کوردستانە و دۆخەکە ئاسایی دەکاتەوە و بەرەو کەناری ئارامی دەبات، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە یەکێتی و پارتی پێکەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن".

فەهمی بورهان لە لێدوانەكەیدا بۆ (باسنیوز) گوتی: ”ھەرچەندە دڵنیا نیم لەوەی ڕێککەوتنێکی ھاوشێوەی ڕێککەوتنەکانی پێشووتر هەبێت، بەڵام پێویستە یەکێتی و پارتی پێکەوە بە ھاوبەشی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا، ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بدەن، چونکە یەکێتی و پارتی دوو ھێزی لەمێژینەی کوردستانن، خاوەنی پەیوەندیی دیبلۆماسین لەگەڵ دونیای دەرەوەدا، خاوەنی جوگرافیا و جەماوەرێکی فراوانن، بۆیە پێویستە یەکێتی و پارتی پێکەوە كار بۆ بەدیھێنانی ئامانجی میللەتەكەمان بكەن".