توێژینەوەیه‌کی نوێ ماوەی دووریی سەلامەت لە کۆرۆنا دیار دەکا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

توێژینەوەیه‌کی نوێ ماوەی دووریی سەلامەت لە کۆرۆنا دیار دەکا

 

توێژینەوەیەکی نوێ گەیشتووەتە دیارکردنی دووریی پێویست بۆ سنووردارکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمکردنەوەی تووشبوون.

بەگوێرەی توێژینەوە نوێیەکە، کە توێژەران لە زانکۆی تۆرنتۆی کەنەدی و پەیمانگای هندی بۆ زانستەکان لە بنغالۆر و زانکۆی کالیفۆرنیای ئەمەریکی کردوویانە، ئەو پرووشکانەی لە پژمینی کەسی تووشبوو بە کۆڤید- 19 دەردەچن، توانای گواستنەوە و تووشکردنی کەسانی دیکەیان هەیە لە دووریی 13 پێ (واتە نزیکەی 3.9 مەتر)، تەنانەت لە هەوای راوەستاویشدا.

توێژەران سەرنجی ئەوەیان داوە، کە ئەو دڵۆپە و پرووشکانەی لە کەسانی تووشبوو لە کاتی کۆخە یان پژمیندا دەردەچن، بە شێوەی خێراتر لە پلەی گەرمای بەرز و شێی بەرزدا بە هەڵم دەبن.

لە توێژینەوەکەدا توێژەران نموونەیەکی ماتماتیکیی دینامیکیی هەوایان دیزایین کردووە، بۆ هەڵسەنگاندنی تایبەتمەندییەکانی بەهەوابوونی تایبەت بەو دڵۆپانەی لە کۆئەندامی هەناسەدانەوە دەردەچن.

بەگوێرەی رۆژنامەی (دەیلی میل)ی بەریتانی، زانایانی بەشدار لە توێژینەوەکە گەیشتوونەتە ئەوەی، کە لە هەر یەک جار کۆخەدا 3 هەزار دڵۆپە بە چواردەوردا پەرش دەبنەوە، لەکاتێکدا ئەو ژمارەیە لە پژمیندا دەگاتە 4 هەزار دڵۆپە.

بەگوێرەی پرۆفیسۆر سویتابرۆفۆ چۆدۆری، پسپۆر لە زانستەکانی وزە لە پەیمانگای توێژینەوەکانی بۆشایی ئاسمان لە زانکۆی تۆرنتۆ، ئەوا “هەورەدڵۆپە و ئەو مەودایەی دەیبڕێ و ئەو کاتەی دەمێنێتەوە، لەو هۆکارە گرنگانەن، کە لە توێژینەوەکەدا لەبەرچاو گیراون”.

لە چاودێریکردنی ئەو هۆکارانەی، کە پرۆفیسۆر چۆدۆری باسی کردوون، گرووپی توێژەران نموونەیەکی پێشکەوتوویان بەکار هێنا، ئەو ماوەیە دەپێوێ، کە دڵۆپەکان دەتوانن لە هەوادا بمێننەوە، هەروەها ئەو مەودایە دەپێوێ، کە دەتوانێ پێی بگات، لەگەڵ پەیوەندیی قەبارەی پرووشکەکان بە توانای مانەوەی کارا، سەبارەت بەوەی پەیوەندیی بە گواستنەوەی پەتایەکەوە هەیە.

توێژینەوەکان گواستنەوەی دڵۆپەکانیان لە دۆخێکی هەوایی بێ بادا لە مەودای نێوان 8-13 پێ (2.4- 3.9 م) بەر لە بەهەڵم بووندا سەلماند، ماوەی مانەوەی ئەو دڵۆپانەش بە زیندوویی لەنێوان 18- 50 میكرۆن دایە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگیی بەستنی دەمامک بۆ سنووردارکردنی بڵاووبوونەوەی نەخۆشییەکە.

توێژەران ئەو ئەنجامانەیان وا دانا، کە یارمەتیی قوتابخانە و شوێنی کارەکان دەدا، کە ئامادەن دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە، بەشێوەیەک کە ماوەی دووریی رەچاو بکەن، بۆ رێگرییکردن لە شەپۆلی دووەمی پەتایەکە.

هەروەها لەو ئەنجامانەی، کە توێژینەوەکە پێی گەیشتووە، بەگوێرەی (دەیلی میل)ی بەریتانی، دڵۆپەکان لە 30 پلەی سەدیی گەرمییدا بەهەڵم دەبن، یان کاتێ، کە رادەی شێ دەگاتە نزیکەی 50%.