ئەمڕۆ شاندێکى وەزارەتى پێشمەرگە سەردانى بەغدا دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ شاندێکى وەزارەتى پێشمەرگە سەردانى بەغدا دەکات

بەرپرسێکى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند بە ئامانجى دروستکردنى هەماهەنگى لە نێوان هەردوولا، ئەمڕۆ شاندێکى باڵاى وەزارەتى پێشمەرگە سەردانى بەغدا دەکات و لەگەڵ لیژنەى باڵاى هەماهەنگى لە وەزارەتى بەرگرى عێراق کۆدەبنەوە.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگرى سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگە بۆ کاروبارى ئۆپەراسیۆن بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى دیکەى لێژنەى باڵاى هەماهەنگى نێوان هەردوولا، ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێکى باڵاى وەزارەتى پێشمەرگە بە سەرۆکایەتى فەریق جەمال ئیمینکى سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگە کە هاوکات سەرۆکى لیژنە و نوێنەرى وەزارەتى پێشمەرگەیە دەچنە بەغدا".

راشیگەیاند: "سەردانەکەى شاندى وەزارەتى پێشمەرگە دواى زیاتر لە ساڵێک دێت، کە کۆبوونەوەى نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و بەگرى عێراق ئەنجام نەدراوە، ئەمەش دواى ئەوەى لەو ماوەیەدا دووجار وەزیرى پێشمەرگە سەردانى بەغداى کرد و ئامادەیى دەربڕى بۆ ئەنجامدانى هەماهەنگى و هاوکاریى وەزارەت".


ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بەهۆى ئەو پشێوییەى بەغداى پێداتێپەڕى زیاتر لە ساڵێکە نەتواندراوە هیچ کۆبوونەوەیەکى لێژنەى باڵاى هەماهەنگى ئەنجام بدرێت، کە ئامانج لێى دروستکردنى هەماهەنگییە بەتایبەت بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، چونکە هەماهەنگى نێوان پێشمەرگە و سوپا زۆر گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستانى داعش".