پایسكیل.. ئامێرێك بۆ گواستنەوە و خۆشی و وەرزش
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پایسكیل.. ئامێرێك بۆ گواستنەوە و خۆشی و وەرزش

 

پایسكیل لەنێوان و ئامێر و ئەسپدا

هەموو ئامێرێك درێژكراوەی جەستە و عەقڵی ئینسانە، ئامێرەكانیش بە شێوەیەكی دیار خزمەتیان بە پێشكەوتن و ئاسوودەیی ئینسان كردووە. پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە جۆر و ئاستی ئەو ئامێرانەوە بەستراوەتەوە كە بەكاریان دەهێنێ. ئەو كۆمەڵگەیەی فتیل و قەندیل بەكار دەهێنی بۆ ڕووناككردنەوە، ئەوە تەنیا بۆ ڕووناككردنەوەی نییە، بەڵكوو بۆ دیاریكردنی ئاستی كۆمەڵگەكەشە. ئەوەی ئاستی كۆمەڵگەكە دیاری دەكات فتیل و قەندیلەكەیە نەك ئینسانەكانی. هەر ئەوانیشن جیاوازیی خۆیان لەگەڵ كۆمەڵگەیەكی دیكە دیاری دەكەن، كە كارەبای ملیۆنان كەس بە نیو كیلۆ یوڕانیوم دابین دەكات. دەشێ ئەمڕۆ هەر لەسەر ڕووی ئەم زەوییە، هەردووك نموونەی كۆمەڵگە هەبن.


فریدریك ئەنگلیس فەیلەسووفی گەورەی ئەڵەمانی (١٨٢٠--١٨٩٥) باوەڕی وایە كە یەكەم ئامێر، ئینسان بەكاری هێنابێ دارێكی درێژ بووە. جیاوازیی ئەو دارە لەگەڵ هەر دارێكی دیكەی درێژ ئەوەیە، ئەو دارەی وەك ئامێر بەكار هاتووە چووەتە خزمەتی بیركردنەوەی مرۆڤەكەوە و بە درێژكراوەی دەستی ئینسانەكە دادەنرێ. ئەوەیە جیاوازیی نێوانە دارێك كە مرۆڤ دەیكاتە ئامێری دەستی خۆی، لەگەڵ هەر دارێكی درێژی كەوتوو، دارە ئامێرەكە بە ویستی ئینسانەكە دەجووڵێتەوە و دەشێ میوە و بەری درەختەكانی پێ لێ كردبێتەوە یان پارێزگاریی پێ لە خۆی كردبێ، یان لە كاتی ڕۆیشتن و بازداندا یارمەتیی دابێ. توانا و هێزی هەر كەلوپەلێك بكەوێتە ژێر كاریگەریی مێشك و بیركردنەوەی ئینسانەوە بە ئامێر دادەنرێ.
ئەوەی من مەبەستمە لەو بابەتەدا ئەوەیە:


- شوێنی ئامێر لە ژیانی ئینسانەكاندا چییە؟
- پێشكەوتنی كۆمەڵگە چ پەیوەندییەكی بە ئامێرەكانەوە هەیە؟
- زەمەن چ ڕۆڵێك لەو نێوانەدا دەگێڕێ؟

 

وەك پێشەكی
كۆمەڵگەی مۆدێرن ناتوانێ لە دەرەوەی كۆمەڵگەی جیهانیدا بژیت. بچووكبوونەوەی جیهان بۆ گوندێكی یان شارێك هەر قسەیەكی فەنتازی نییە بەس بەڵكوو ڕاستییە. ئەوەی بەسەر تەواوی كۆمەڵگەكانی سەر زەویدا سەپاندووە كە ناكرێ لە دەرەوەی كۆمەڵگەی بەشەریەتدا بژین. ئەگەر شتێكی وا ڕوو بدات، كۆمەڵگەیەك خۆی بخاتە دەرەوەی سیستەمی جیهانەوە سزاكەی یان لێكەوتەكەی ئەوەندە گەورە دەبێ وێنا ناكرێت و زیانەكەشی هەرگیزیش قەرەبوو ناكرێتەوە.


- ئایا كۆمەڵگەی كوردی وەك لە سیستەمی سیاسی و ئیداریی جیهاندا لە دەرەوەی كۆمەڵگە جیهانیەكاندایە، یان لە پەراوێزدایە، ئایا لە ڕووی بەكارهێنانی ئامێریشەوە هەر لەو ئاستەدایە؟
- ئەوە ئامێرە كۆمەڵگە جیهانییەكان پێكەوە دەبەستێتەوە.
- ئەوە ئامێرە كۆمەڵگە لە مێژووی لۆكاڵ ڕزگار دەكات و دەیكاتە بەشێك لە مێژووی جیهان و یونیڤێرساڵ.
- كۆمەڵگە چەند لە بەكارهێنان و ڕاهاتن لە سەر ئامێرەكان سەركەتووتر بێت ئەوەندەش لە تێگەیشتن لەگەڵ كۆمەڵگەكانی دیكە سەركەتووتر دەبێت.
- ڕاستە ئامێرەكان بێ گیانن، بەڵام ڕەمزی دۆستایەتی و یەكسانی مرۆڤیشن، چونكە تەنیا ئامێرەكانن هەرگیز كاریان بە ئایدۆلۆژیا و جۆر و ڕەچەڵەك و ڕەگەزی ئینسانەكان نییە و ڕاستەوخۆ دەچنە خزمەتی هەركەسێكەوە كە نیازی پێیان بێت.
- بۆ ئەوەی قسە و بیروڕایەكانم تەنیا وەك وشە و ڕستەی بێ گیان نەمێننەوە، هەوڵ دەدەم ڕۆڵی ئامێرەكان لە كۆمەڵگەی كوردیدا شرۆڤە بكەم. دەركەوتنی هەر ئامێرێك و مامەڵەی كۆمەڵگەی كوردی لەگەڵیدا شی بكەمەوە.

 

دەركەوتنی پایسكیل یان پاسكیل
پایسكیل وەك ئەوەی ئەمڕۆ دەیناسین، چەند داهێنەرێك لە سەدەی نۆزدە دروستیان كردووە. هەتا باڕۆنی ئەڵەمانی ( Kal Von Drais ) لە ساڵی ١٨١٧ زایینی گۆڕانێكی بنەڕەتیی تێدا كرد، دوو تایەی وەك یەكی بۆ دروست كرد. ئەوەی زیاتر هانی دروستكردنی پاسكیل و بەكارهێنانی دا، كوژرانی ئەو هەموو ئەسپە بوو بەهۆی بوركانەكانەوە. هەر خودی كاڵ ڤۆن درایس بیری لە دروستكردنی پایسیكل كردەوە تا جێگای ئەسپەك مردووەكەی بۆ بگرێتەوە، كە نە كای دەوێت و نە جۆ.


دیزاین و پێكهاتەی پایسكیل بۆ پیاو ئامادە كرابوو، واتا سەرەتای سەدەی نۆزدە كە پیاو هەمەكار بووە، ئیش و سەفەر و گواستنەوە كاری پیاو بووە، زیاتر پیاو ئەسپ و دواتر پایسكیلیان بەكار هێناوە. بەڵام هەر زوو ئەو ئامێرە دوو تایەیە سەرنجی ژن بۆ لای خۆی رادەكیشێ و ژنیش دەبێتە هاوبەشێكی سەرەكیی بەكارهێنانی پایسكیل. خێرایی پایسكیل و ئاسانیی بەكارهێنانی هەر زوو جێگای ئەسپی گرتەوە، هەتا بۆ گواستنەوەی كەلوپەلیش.

 

یەكەم پاسكیل لە عێراق
یەكەم پاسكیل لە عێراقدا لە سالی ١٩٠٦ زایینی دەركەوت، پێیان دەگوت (بایسكل) نزیك لە ناوە ئینگلیزییەكەی (دەڕاجەشی پێدەڵێن)، ڕۆیشتنی یەكەم پایسكیل لە ڕۆیشتنی ئەسپ نزیك بووە، هەر لە شوێنی ئەویش بەكار دەهات، بۆیە بەغداییەكان پێیان دەگوت (الحصان الحديدي) واتە ئەسپە دارینە. ئەوەش لە سەردەمی والیی عوسمانی مەجید بەگدا بووە. وەك لە كتێبی دەلیلی مەملەكەتدا هاتووە كە پێش ساڵی ١٩٣٦ نووسراوە. كە دەڕوانیتە خاوەنی كۆمپانیا و فرۆشیارەكانی ئەوكات ڕەنگاوڕەنگیی كۆمەڵەی بەغدادی لە ناوەكانیشدا زۆر جوان دەردەكەوێت، دوای زۆربوونی پاسكیل و ئارەزووی خەڵك لەسەری بازرگانیی پاسكیل گەشەی كرد و گرینترین فرۆشیارەكانی بریتی بوون لە:


- ئیسحاق بەنانی و براكانی، عەزرە میر حەكاك و كوڕەكانی، مووشی حاییك. میر حەسقیل موراد، وەحییم داود حەكاك، دانیال شەعشووع، عەبدولحوسین ئەلحاج عەلی.


پاسكیل لە كاتی خۆیدا ڕۆڵێكی گرینگی هەبووە، لە بەهێزكردن و گەرمكردنی پەیوەندیی كۆمەڵایەتییدا. ڕاستە ئەو ئامێرەی بارۆنە ئەڵەمانیایەكە دایهێنا جارێ كوشن و پایدەری نەبوو و لە تەختە دروست كرابوو، بەڵام زۆر خیرا گۆڕا.

 

پایسكیل و كورد
- ئایا پایسكیل هەمان ڕۆڵی لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا گێڕا؟
- ئایا پایسكیل بووەتە ئامێرێكی گشتی بۆ بەكارهێنان؟
- ئایا پایسكیل زەمەنی بەكارهێنانی هەیە؟ یان بەسەر دەچێ؟