كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

حکوومەت لە بارەی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزەکەوە ڕوونکردنەوە دەداتە پەرلەمانی کوردستان

پەرلەمانی کوردستان وەرزی بەهارەی بۆ ماوەی مانگێک درێژکردەوە و بڕیارە لەم نزیکانە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرنامەی کار دیاری بکات پەڕلەمانتارێکیش دەڵێ، درێژکردنەوەی وەزری بەهارەی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر کۆمەڵێك بابەتی گرنگ، ئاماژە بە ئەوەش دەدات کە حکوومەت ئامادەیی دەربڕیوە لە بارەی ٢٧ ملیارە قەرزەکەوە روونکردنەوە بدات.

زێدان برادۆستی، پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "دوو هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ کورتکردنەوەی ماوەی پشووی هاوینە، کە یەکێکیان بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانی کۆرۆناوەیە کە نەمانتوانی لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا کۆبوونەوەکان بەپێی پێویست ئەنجام بدەین، درێژکردنەوەی مانگێک لە خولی بەهارەدا بۆ ئەوەیە کە بتوانین لە ماوەی ئەو مانگەدا ئەو یاسایانەی کە پێویستن بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک پێشکەشی پەڕلەمانی کوردستانی بکەین، چ ئەو یاسایانە لە حکوومەتەوە بێن یاخود ئەو یاسایانەبن کە پەڕلەمانتاران پێشکەشی پەڕلەمانیان کردووە".

گوتیشی: "کۆمەڵێک پڕۆژە یاسامان هەیە کە لە لایەن فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەڕلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادە کراون بۆ پەڕلەمانی کوردستان، هەروەکو ئاشکرایە ئێمە بەهۆی کۆرۆناوە نەمانتوانی ئەو بابەتانەی کە پێویست و هەنووکەیین تاوتوێیان بکەین لە پەڕلەمان گفتوگۆیان لەسەر بکەین، سەرجەم بابەتەکانیش گرنگن بەڵام ئەوانەی کە زۆرترین تیشکیان دەخرێتە سەر کۆمەڵێک بابەتی تەندروستی و سیاسی، ئابووری و دارایین".


ڕاشیگەیاند: "ئەوەی کە زۆر گرنگە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت ئەو داڕوخانە ئابورییە بوو کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها دواکەوتن و کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانیش کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە، بەو هۆیەوە ئێمە لەو ماوەیەدا بە پێویستی دەزانین لایەنی پەیوەندیدار ئامادەی دانیشتنی پەڕلەمانی کوردستان بن و ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر داهات و خەرجی و پێشهاتەکانی دوواکەوتنی مووچە، هەروەها چی پێویستە بکرێت لە ئایندەدا هەموو لایەنەکانیش لەسەر ئەم بابەتە کۆکن".


گوتیشی: "سەبارەت بە قەرزی ٢٧ ملیار دۆلارەکەی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بنێرێت بۆ پەڕلەمان بەمەبەستی ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو بابەتە و بریارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو نووسراوی فەرمی بگاتە پەڕلەمانی کوردستان لەسەر شێوازی ئەو قەرزانە و کۆی گشتی قەرزەکان کە چۆنە و چۆن کراوە".


هەروەها ڕایگەیاند: "خاڵێکی دیکەی گرنگ کە بڕیارە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بۆردومانکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کە دانیشتووانەکانیان ئەم ماوەیە لە بارودۆخێکی سەخت دان بەهۆی لەشکرکێشییەکانی تورکیا و تۆپبارانەکانی ئێرانەوە، ئێمە داوامان کردووە پەڕلەمان بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەیە بکات کە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون، هەروەها زەرەر و زیانێکی زۆر بەو ناوچانە کەوتوون و بەشێکی زۆری بەرهەمی جووتیاران بەوهۆیەوە زیانی بەرکەوتووە، بۆ ئەمەش پێویستە ئێمە لە پەڕلەمانی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی بۆردومانەکان پێکبهێنین و سەردانی ناوچە سنوورییەکان بکەن و زەرەر و زیانە گیانی و ماددیەکان دەستنیشان بکرێن بۆئەوەی ئەگەر حکوومەتی هەرێمیش نەیتوانێت ئاراستەی بەغدا بکرێت وەکو دەسەڵاتێکی بەرپرس لە خاڵە سنوورییەکان هاوکاری ئەو کەسانە بکەن کە بەهەر شێوەیەک زەرەرمەند بووبن".