د. كرمانج عوسمان: بەپێی دەستووری ٢٠٠٥ هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە عێراقیش هەڵدەوەشێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

د. كرمانج عوسمان: بەپێی دەستووری ٢٠٠٥ هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە عێراقیش هەڵدەوەشێتەوە

”ئەوانەی باسی هەڵوەشاندنەوەی دەكەن لەڕووی یاسا و مێژوو و سیاسەت و جوگرافیا نەخوێندەوارن“

شارەزایەكی یاسا رای گەیاند كە ئەوانەی باسی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان دەكەن، لە یاسا، مێژوو، سیاسەت و جوگرافیا نازانن و قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ئاستی عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا پارێزراوە.


كرمانج عوسمان، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە یاسا، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لە مێژوودا ئەوكاتەی تازە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی كەوتبوو و هێشتا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش نەكرابوو، نە سعودیە، كوێت، سووریا، ئوردن، لوبنان و زۆربەی وڵاتان نەبوون و بە ناوچەكە دەگوترا ناوچەی حیجاز، ئەوكاتە كوردستان وه‌ك یه‌كه‌م قەوارەی قانوونی و سیاسى هاتە كایەوە، ئەویش مەملەكەتی كوردستان بوو كە لە ١١ وەزیر پێكهاتبوو، ئەم قەوارەیە پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق بە ١٠ ساڵ دامەزراوە.


باسیشی لە لایەنی جوگرافیی قەوارەی هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە دا، ناوچەی میزۆپۆتامیا تەنانەت لە سەردەمەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەسەر سێ ویلایەتدا دابەش كرابوون، ویلایەتی بەسڕە زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتووانەكەی عەرەبی شیعە بوون، ویلایەتی بەغداش زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتووانەكەی عەرەبی سوننە بوون، ویلایەتی مووسڵیش كە كوردستان بووە، بۆیە ”قەوارەی هەرێمی كوردستان هەمیشە هەبووە“.


د. كرمانج عوسمان ڕوونی كردەوە، لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی بە یاسا وەك قەوارەیەك هاتووەتە ئاراوە، دواتریش لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقدا، هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدرال لە عێراق جێگیر كرا و كەسایەتیی یاسایی خۆی وەرگرت، بۆیە ”هیچ دەقێك یان كەلێنێك نییە لە دەستووری عێراقدا بابەتی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانی دیاری كردبێت، مەگەر تەنها پەنا بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق ببرێت، ئەمەش بە مانای هەڵوەشاندنەوەی عێراق دێت، چونكە قەوارەی عێراقی تازە بە قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە بەندە و هەر كاتێك هەرێمی كوردستان لە لایەن عێراقەوە هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەوا دەبێت دووبارە نەخشەی عێراقیش بكێشرێتەوە، جگە لەوەی كە هەرێمی كوردستان لە حاڵەتی بڕیارێكی لەم شێوەیە، دەتوانێت پەنا بۆ دادگای ئیتیحادی ببات“.


ئەو شارەزایەی بواری یاسا ئەوەشی وەبیر هەموان هێنایەوە كە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە ساڵی ١٩٩١، لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بڕیاری ٦٨٨ دەركرا كە باس لە پاراستنی كوردستان دەكات لە جینۆسایدی ڕژێمی سەدام و ناوچەی دژەفڕینی داهێنا، ئەم بڕیارە هێشتا بەركارە، وەك دەشزاندرێت كە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیلزامین و بەركارن (نافذ المفعول)“.


لە كۆتاییشدا د. كرمانج عوسمان گوتی: ”قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ئاستی هەرێمی كوردستان، عێراق و نێودەوڵەتیشدا پارێزراوە و ئەوانەی باسی هەڵوەشاندنەوەی دەكەن، نەخوێندەواری یاسا، مێژوو، سیاسەت و جوگرافیان“.