سەرکردەیەکی یەکێتی: لەگەڵ پارتی كۆدەبینەوە و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانمان دەدەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرکردەیەکی یەکێتی: لەگەڵ پارتی كۆدەبینەوە و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانمان دەدەین

 

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد، بڕیاریان داوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنەوە و هەوڵی جددیش بۆ سەرخستنی كۆبوونەوەكە دەدەن.

ڕەوەند مەلا مەحمود، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەکانی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەیە کێشە ئاڵۆزەکانی ئێستا چارەسەر بکەین، پێویستە لەم بارودۆخەدا ھەنگاوی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئێستا بنێین، ھەروەھا کاتی ئەوە ھاتووە گەلی کورد یەک ھەڵوێست بێت، چونکە بارودۆخێکی نەخوازراوە ھاتوەتە پێشەوە، ئەرکی ھەموو لایەنە سیاسییەکانە پێکەوە دابنیشن و گرفتەکان چارەسەر بکەن".

ڕوونیشی كردەوە: "لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی كۆبووەتەوە، پێموایە کۆبوونەوەی داھاتوی نێوان یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو دەبێت، چونکە ھەموومان بەرپرسیارین لەم بارودۆخەی کە ئێستا ھەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، بۆیە پێویستە ھەموومان بەبێ جیاوازی پێکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ  ھەوڵی چارەسەركردنی گرفتەکان بدەین و نابێت بەرژەوەندیی میللەتەكەمان وەلا بنێین و بیر لە بەرژەوەندیی خۆمان بکەینەوە".

دووپاتیشی كردەوە كە ”یەکێتی لە لای خۆیەوە ھەوڵی ئەوە دەدات کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام بدات، ھەوڵی جددیش دەدەین بۆ سەرخستنی ئەو كۆبوونەوانە، بێگومان ئەگەر نەتوانین ھەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، لانی کەم دەتوانین بەشێکی ئەو كێشانە چارەسەر بکەین“.

سەركردەكەی یەكێتی نایشارێتەوە كە ھەرچەندە پێشتر نەیانتوانیوە هەموو كێشەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكەن، بەڵام ”ئەم کۆبوونەوانە شتێکی باشە و تاڕادەیەکی باش گەشبینم بەوەی ئایندەیەکی باشی ھەبێت".