كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەرپرسێکی تەندروستی: خه‌ریكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كان شوێن بۆ تووشبوانى كۆرۆنا نه‌مێنێ

 

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕای دەگەیەنێت، قەدەغەی هاتوچۆ وادەکات ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا کەم بێتەوە و بۆ تیمەکانی تەندروستیش سوودی هەیە.

د.خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو قەدەغەی هاتوچۆیەی له‌ هه‌ولێر ڕاگەیاندراوە، سوودی بۆ ڕێگریكردن له‌ زیاتربوونی حاڵەتەکانى تووشبوون به‌ كۆرۆنا هه‌یه‌، چونکە لە هەولێر ڕۆژانە حاڵەتەکان دوو هێندە زیاتر دەبن و هەفتەیەکە ڕوو لە زیادبوونێکی بەرچاوە، ئەو قەدەغەی هاتوچۆیه‌ سوودی ئه‌وه‌شى هه‌یه‌، قەڕەباڵغی و تێکەڵی خەڵک کەمتر دەکاتەوە بەمەش ژمارەی حاڵەتەکان زیاتر نابێت".

گوتیشی: "کەمبوونەوەی تێکەڵی و بەریەککەوتن بۆ تیمەکانی تەندروستیش بەسوودە بۆ ئەوەی باشتر حاڵەتەکان بدۆزنەوە و تواناکانیشیان ڕێک بخەنەوە بۆ چارەسەری ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەر، چونکە ئێستا خه‌ریكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كان شوێن بۆ تووشبوانى كۆرۆنا نه‌مێنێ".

د. خاڵس قادر ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "پێویسته‌ هاووڵاتییان پابه‌ندى ڕێنوێنییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن، ئەگەر پێویست نەبێ لەماڵ نەچنە دەرەوە، هەر کات بۆ پێویستی چوونە مارکێت، یان بۆ هەر شوێنێكى دیكه‌، پێویستە ماسك و ده‌ستكێش به‌كار بهێنن و له‌ خه‌ڵكى دوور بن، هه‌روه‌ها نەچنە میونداری و دوور کەونەوە لە دانیشتن و قەرەباڵغی لە گەڕەک و پارکی نێو گەڕەکەکان، دەبێ زۆر ئاگاداری بەتەمەن و نەخۆشەکان بن و نەچنە لایان لەو ماوەیه‌ باشترە زوو زوو تەلەفۆنیان بۆ بکەن و لێیان بپرسن".