بەڕێوەبەرێکی تەندروستیی جیهانی: پێکوتەی کۆرۆنا چارەسەرێکی پەرجوویی نییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەرێکی تەندروستیی جیهانی: پێکوتەی کۆرۆنا چارەسەرێکی پەرجوویی نییە

 شوشتنی دەست و دوورکەوتنەوە لە یەکتری باشترین چەکی دژ بە کۆرۆنایە"

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی دەدات کە ناکرێ پشت بە پێکوتەی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ببەسترێت، بەڵکوو شوشتنی دەستەکان و دوورکەوتنەوە لە یەکتری ئەو رێگایانەن، کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بۆ لانوبردنی ڤایرۆسەکە ئەگیرێنە بەر.

هانز کلۆگ، بەڕێوەبەری هەرێمی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئەورووپا، لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (دەیلی میل)ی بەریتانی گوتی: "شوشتنی دەستەکان و دوورکەوتنەوە لە یەکتری، رەنگە هەمان ئەو رۆڵەیان هەبێ، کە پێشبینی دەکرێ پێکوتەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ لەناوبردنی کۆڤید- 19 هەیانبێ".

هەروەها گوتیشی: "رەنگە پێکوتەی دژە ڤایرۆسەکە لە ماوەی چەند ساڵێکدا دروست بکرێ، بەڵام هۆشداریی دا، کە ئەمە (چارەسەرێکی پەرجوویی) نییە بۆ تەنگژەی تەندروستیی جیهانی.

کلۆگ باوەڕی وا نییە، کە پێکوتە چاوەڕوانکراوەکان بەسەر پەتایەکەدا زاڵ بن، گوتیشی: "هیچ دڵنیاییەک نییە، کە ئەو پێکوتانە کاریگەرییان لەگەڵ هەموو کەسێک هەبێ، کە بەکاری دێنن".

ئەو بەڕێوەبەرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ترسی هەیە، کە هەموو وڵاتانی جیهان (دەرفەتی یەکسان و وەک یەک)یان هەبێ بۆ دەستگەیشتن بە پێکوتەکان.

روونیشی کردەوە، کە ئەمە مانای وایە، شوشتنی دەستەکان و دوورکەوتنەوە لە یەکتری، باشترین چەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا، تا ئەو کاتەی نەخۆشییەکە دەبێتە نەخۆشییەکی بەردەوام و هەمیشەیی لەناو خەڵک، یان تا ئەوکاتەی خەڵک بەرگریی دژی ڤایرۆسەکە پەیدا دەکەن.

کلۆگ بەردەوام دەبێ و دەڵێت: "لەو حاڵەتەدا نەخۆشییەکە دەبێتە نەخۆشییەکی بەردەوامی وەک ئەنفلەوەنزای ئاسایی، نیشانەکانی بەرز دەبنەوە، پاشان کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە و وا پێویست دەکا، کە فێر ببین چۆن لەگەڵیدا دەژین".

دەشڵێت: "هەمووان باوەڕیان وایە، کە پێکوتە چارەسەرێکی سەرکەوتوو دەبێ، بەڵام گرنگتر لە هەموو شتێک ئەوەیە، کە ئێمە نازانین کاریگەرییەکەی لەگەڵ تێکڕای تەمەنەکان دەبێ یان نا".

جەختیش دەکاتەوە: "هەمووان باس لەوە دەکەن، کە پێکوتە دژە ڤایرۆسەکە چارەسەرێکی پەرجوویی دەبێ، بەڵام هەرگیز ئەمە راست نییە. لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا ئەنفلەوەنزای ئیسپانیمان لەگەڵدایە، ئایا باشترین ستراتیجیەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا چییە؟ ئەمە بەسەر ئەم پەتا و دۆخەشدا دەچەسپێ، کە ئێستا پێیدا تێپەڕ دەبین، ئەویش (شوشتنی دەستەکان و دوورکەوتنەوەیە لە یەکتری).

کلۆگ هیواشی خواست، کە ڤایرۆسی دووچاری قەڵەمبازێک ببێ و کەمترین کاریگەریی و مەترسیی لەسەر تووشبوان هەبێ.