ململانێیەکی توند کەوتووەتە نێوان کازمی و حەشدی شەعبی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ململانێیەکی توند کەوتووەتە نێوان کازمی و حەشدی شەعبی

ململانێیەکی توند کەوتووەتە نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و حەشدی شەعبی و هەوڵی میلیشیاکان ئەوەیە دەست لەکار بکێشێتەوە، یان لە ڕێگەی زۆرینەی پەرلەمانییەوە متمانەی لێبسەننەوە، بەڵام چاودێرێکی سیاسی پێیوایە ئەو کارە لە دۆخی ئێستای عێراق، کە ئاسان نابێت.

بەهۆی بڕیاری دەستگیرکردنی ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی لەکاتی هەوڵدانیان بۆ مووشەکبارانکردنی ناوچەی سەوز، کە ئامانجەکە بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری بە ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووە، ململانێی توند کەوتووەتە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تا ئاستی ئەوەی گفتوگۆ کراوە لەسەر ئەوەی ناچار کازمی بە دەست لەکار کێشانەوە بکرێت یان هەوڵ بدرێ متمانەی لێبسەندرێتەوە، هەر ئەو هەوڵ و گوشارانەش وایکردوە چەکدارەکان ئازاد بکرێن.

شەوی 25-ی ئەم مانگە، هێزێکی دژە تیرۆری عێراق هەڵیکوتایە سەر بارەگاکانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی بەمەبەستی دەستگیرکردنی ئەو فەرماندە و چەکدارانەی حزبوڵڵا، کە دەستیان لە هاویشتنی مووشەک بۆ باڵیۆزخانەکانی وڵاتان بەگشتی و بەتایبەتی ئەمریکا هەبووە. 

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو شەوە 23 ئەندامی سەربە کەتائیبی حزبوڵڵا دەستگیرکراون، کازمیش ئەو کات رایگەیاند، ئەو هەنگاوەیان لەپێناوی گێڕانەوەی شکۆ بووە بۆ حکوومەت. 

عومەر نورەدینی، چاودێری سیاسی، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، بەپێی عورفی دەستووری، سەرۆک وەزیرانی عیراق دەبێت شیعە بێت،  لە ڕووی سیاسییەوە  ئەم عورفە دەستووریە و دەخوازێ لە دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق لانی کەم، ڕەزامەندی حزب و لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی شیعەی لەسەر بێت، دوای ئەوە دەبێ لەناو پەرلەمان و بەدەنگی زۆرینە متمانەی پێ بدرێ، ”کازمی، کە بۆتە سەرۆک وەزیران بەم پرۆسە دەستووری و سیاسی و پەرلەمانییەدا ڕۆیشتوە، جگە لەوە پشتیوانی دەرەکیشی هەبووە، بۆیە دەست لەکار کێشانەوەی کازمی و وەرگرتنەوەی متمانە تەنانەت قبوڵکرنی دەست لەکارکێشانەوەشی وائاسان نییە و لەئایندیەکی نزیکدا ئەمە ڕوونادات“.

ئەو چاودێرە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە لەگەڵ  هەموو ئەوانەشدا، کاتێک لە سروشتی دەوڵەتی عێراق و سیستەمی  حوکمڕانی ڕادەمێنی، بۆت دەردەکەوێ کە هێزی بڕیاردان  و پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری سیاسی  لەعێراق بە پلەی یەکەم لای دامەزراوە دەستووریەکان نییە، بەڵکو لای هێز و لایەنی ئەوتۆیە، کە لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتن، لەوڵاتێکی وادا هەمیشە ئەگەری گۆڕانکاری کتوپڕ وناسەقامگیری سیاسی  لە ئارادا دەبێ و ئەوەی چاوەڕوان ناکرێ، ئەگەری روودانی هەیە.