گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دادی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وردەكاریی ئەو سكاڵایەی ئاشكرا كرد كە داواكاری گشتی لە دژی شاسوار عەبدولواحید تۆماری كردووە.
دوێنێ دووشەممە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی كۆمپانیای نالیا و سەرۆكی گرووپی نەوەی نوێ دەركرد.
لەمبراەیەوە نەریمان تاڵیب، گوتەبێژی وەزارەتی داد بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند: ”لە وه‌زاره‌تی داد سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتی هه‌یه، ”سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتی به‌پێی یاساكه‌ی پارێزه‌ره بۆ هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه و دەستدرێژییەك بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و ته‌ندروستیی گشتی، داواكاری گشتی پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییە گشتییه‌كانه، داواكاری گشتی بە پشت بەستن بە مادەی 2ی یاساكەی، دەتوانێت سكاڵا لە دژی كەسی ئاسایی و كەسی مەعنەوی بجووڵێنێت، بەبێ بوونی شكاتیش، خۆی دەتوانێ سكاڵا بجوڵێنێت بە مەرجێك ھۆكارەكە دەستدرێژی بێت بۆ مافێكی گشتی بۆ نموونە پاراستنی تەندروستیی گشتیی كۆمەڵگە كە مافێكی گشتییە“.
ڕوونیشی كردەوە: ”له‌م روانگه‌وه داواكاری گشتی به ئەركی خۆی هه‌ستاوە به تۆماركردنی ئەو سكاڵایه له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید. ئە‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به داواكاری گشتی و وه‌زاره‌تی دادەوە هه‌یه، وەكوو قانوون دووپاتی كردۆتەوە، جووڵاندن و تۆماركردنی سكاڵا بووە و دواتر چۆتە بەردەمی دادگای لێكۆڵینه‌وه و دادگای لێكۆڵینه‌وه سه‌یری پرسه‌كه‌ی كردووە، ئیتر پەیوەندی بە وەزارەتی داد و داواكاری گشتییەوە نەماوە، دۆسیەكە رێكاری یاسایی خۆی وەرگرتووە و چۆتە بەردەمی دادگای تایبەتمەند و دادوەر حوكمی خۆی دەدات، دۆسیه‌كه ئێستا گه‌یشتووه‌ته ئە‌وه‌ی كه یاسا دیاری كردووە و جێبەجێكردنی ئەوەیە كە یاسا بە پێویستی دەزانێت“.
گوتەبێژی وەزارەتی داد جەختی كردەوە: ”قانون دووره له سیاسه‌ت و جێبه‌جێ كردنی په‌یوه‌ندی به لایه‌نی سیاسییەوە نییه، سزاكان دیاریكراون، بۆ نموونە لە مادەی 368ی یاسای سزاكانی ژمارە 111ی ساڵی 1969دا، سزا بۆ ھەر كەسێك دانراوە كە دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، جا بە ھەر شێوەیەك كە رۆڵی ھەبووبێت، بۆ نموونە ئه‌و كه‌سه‌ی بەھۆی لێدوان یان نووسین ده‌بێته هۆی دروستكردنی رەئییەك كە دژی بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستییە كە دووپاتیان لە مەترسیی كۆرۆنا كردۆتەوە و بڕیار و رێكاری خۆپاراستنیان دەركردووە، ھەر كەسێك بە پێچەوانەی ئەوەوە كاربكات و ببێتە ھۆی ئەوەی كە خەڵكێك پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و تەندروستی نەبێت، ئەو كەسە بە پێی قانوون سزا دەدرێت. یان ھەر كەسێك هه‌وڵ بدات وا له‌خه‌ڵك بگه‌یه‌نێت ئه‌و نه‌خۆشییه بوونی نییه، سزا دەدرێت، جا ئەگەر بووە ھۆی مردنی كەسێك، ئەوكات سزاكەی باری توندتر دەبێت“.
دووپاتیشی كردەوە، جێبەجێكردنی یاساكان په‌یوه‌ندی بە پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و ته‌ندروستیی گشتییه‌وه هه‌یه، وەكوو ئێستا كە دەیبینین، ”كاتێك كه‌سێك بانگه‌شه ده‌كات كه نه‌خۆشییه‌كه بوونی نییه. داواكاری گشتی دێته سه‌رخه‌ت و بەدوور له باكگراوندی سیاسی كاری خۆی ده‌كات، لە سەرەتای مانگی ئاداریشەوە داواكاری گشتی له هه‌موو فه‌رمانگه‌كانی لە ھەموو شارەكانی ھەرێمی كوردستان ئێشكگری هه‌یه و لێژنەی تایبەتمەندی ھەیە بۆ وەرگرتن و جووڵاندنی ھەر سكاڵایەك كە بەدەستی دەگات و پێویست دەكات بۆ پاراستنی مافی گشتی بیجوڵێنێت“.