ڕانیە.. لە ئەنجامی شەڕێک کەسێک کوژراو و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕانیە.. لە ئەنجامی شەڕێک کەسێک کوژراو و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، ئەمشەو دووشەممە لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە ڕانیە کەسێک کوژرا و دووانی دیکەش بریندار بوون.

 

شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "کاتژمێر 9:30 ی شەوی دووشەمە تەرمی هاووڵاتی (س، ع، ئـ) تەمەن 30 ساڵ لە ڕەگەزی نێر دانیشتووی ڕانیە گەیەندرایە پزیشکی دادوەری ڕانیە کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە هەیە، هەروەها دوو برینداری تر لەگەڵ تەرمی ناوبراو گەیەندارنە نەخۆشخانە، بە ناوەکانی (ع، ع ،ئـ) تەمەن 38 ساڵ دانیشتووی ڕانیە کە دەکاتە برای کوژراوەکە، برینداری دووەم بەناوی (م، ئـ، م) تەمەن 17 ساڵ دانیشتووی ڕانیە کە هەردووکیان لە ڕەگەزی نێرن و لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکیان بۆ کراوە و برینەکەیان جێگیرە".

 

گوتیشی: "ڕووداوەکە بریتیە لە رووداوێکی تەقەکردن لەناو دووکانێکی مۆبیلیات لە رانیە ، بە گوتەی بریندار (ع، ع، ئـ) لە لایەن کەسێکەوە لەسەر کێشەیەکی نێوان خۆیان لە ناو دووکانەکەیدا تەقەیان لێکراوە".


گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین هەروەها ڕایگەیاند: "دوای ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمی ناوبراو، ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە ،لەگەل فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسەکەی تەقەی کردووە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە".