تەندروستیی جیهانی: پەتای کۆرۆنا لە کۆتایی نزیک نەبووەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

تەندروستیی جیهانی: پەتای کۆرۆنا لە کۆتایی نزیک نەبووەتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، پەتای کۆڤید- 19 لە کۆتاییەکەی نزیک نەبووەتەوە.

گوتیشی: “هەموومان دەمانەوێ ئەمە کۆتایی پێ بێ، هەموومان دەمانەوێ لە ژیان بەردەوام بین، بەڵام راستییەکی تاڵ هەیە، ئەویش ئەوەیە، کە لە کۆتاییەکەی نزیک نەبووینەتەوە، هەرچەندە هەندێک پێشکەوتن لە هەندێ وڵات لە ئاستی جیهاندا روویان داوە، بەڵام لە واقعدا پەتایەکە روو لە زیادبوونە”.

رێکخراوەکە پلان دادەنێ بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پێشکەوتنانە گرێ بدات، کە لە بواری توێژینەوەکان بۆ نەهێشتنی نەخۆشییەکە نراون.

مایک ریان، بەڕێوەبەری بەرنامەی فریاگوزاریی لە رێکخراوەکە گوتی: “رێکخراوەکە پێشبینی دەکا کاری گەورە بکات لەپێناو گەیشتن بە پێکوتەیەکی دڵنیاکەرەوە و کارا، بۆ رێگریکردن لە نەخۆشیی کۆڤید- 19، بەڵام دیار نییە کە سەرکەوتنی کارەکە مسۆگەرە یان نا”.

بەگوێرەی داتایەک، کە ئاژانسی (فرانس پرێس) بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان ئامادەی کردووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی لە سەرانسەری جیهان لەناو بردووە، نزیکەی سێیەکیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپان، لەوەتەی ڤایرۆسەکە لە چیین لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو سەری هەڵدا.

ژمارەی ئەو کەسانەی بە پەتایەکە لە سەرانسەری جیهان گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە 500,390 کەس، لە کۆی 10,099,576 کەسی تووشبوودا.

لە ئەوروپاش، کە کیشوەرە هەرە زەرەرمەندەکەیە بە پەتایەکە، 196,086 قوربانی لە کۆی 2,642,897 کەسی تووشبوودا تۆمار کراوە. لەکاتێکدا زۆرترین ژمارەی قوربانییان بە پەتایەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان تۆمار کراوە، کە 125,747 قوربانییە، لەدوای ئەویش بەرازیل دێت بە 57622 قوربانی و ئینجا بەریتانیا بە 43550 قوربانی، ئیتالیا بە 34738 قوربانی و فەرنسا بە 29778 کەس، کە بە پەتایەکە گیانیان لەدەست داوە.