لای ئێوەش سەیرە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ساڵانی هەشتاکان کاتێک لە ئیتاڵیا دەمخوێند، ئەو دەمە پارتی سۆسیالیست دەسەڵاتی گرتە دەست و بێتینۆ کراکسی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا بوو، لە عێراقیش سەدام حسێنێک و حزبی بەعس حوکمڕان بوون، هاوڕێیەکی ئیتاڵیم بەردەوام بابەتێکی دووبارە دەکردەوە و دەیگوت فەیلەسووفێکی سۆڤیەتی (بێ ئەوەی ناوی بهێنێت) دەڵێت: ”کاتێک کەسانێک بیانەوێت ژیان لە خەڵک هەراسان بکەن، سەرەتا دەست بە بوختانکردن بۆ دەروبەری خۆیان دەکەن، دوای ماوەیەک شەرم نامێنێت تێیاندا و پەل دەهاوێژن بۆ بۆختانی گەورەتر و دەکەونە رەخنەی دەسەڵات، هەر ئەو کەسانە لەژێر سایەی ئەو دەسەڵاتە دەخۆن و دەکەن. ئەو کەسانە سەرەتا شەرمیان نامێنێت، دواتر کەرامەتیان هەراج دەکەن، دەکەونە بەر دیدی خەڵک و ئاسان دەکڕدرێن، کە هزر و وشەکانی دەمیان فرۆشت، کەسایەتی لەدەست دەدەن، کە کەسایەتیان لەدەست دا شتی لەو گرنگتر بەلایانەوە كە رەوشت و ئاكارە بەهایەکی ئەوتۆی نامێنێت، کە ئەویش نەما هیچ گەڕانەوەیەک نامێنێت جگە لە ریسوابوون“.

دوای ئەو هەموو ساڵەو پێشکەوتنی دونیا لە هەموو بوارەکان و دروستبوونی میدیای زۆر، رۆژانە لە سۆشیال میدیا زۆرترین بوختان و پانترین شەقامی قسەکردن و ئەوەی دەبێت نەوترێت دەوترێت، بەتایبەتی لە فەیسبووک دەبیستین و دەبینین. جا تۆ دیقەتی ئەو هەموو بابەتە سەیرانە بدە، بزانە هاوڕێ ئیتالیەکم راستی نەدەوت؟

بەڕاستی سەیرە! ئەندامی سەرکردایەتیی پارتێکی گەورە و گران، وەک خەڵک گلەیی دەکات و دەڵێت با بڕۆینەوە ماڵەوە و هیچمان پێناکرێت و لێی دانیشین (دەبێت مەبەستی کەرەنتینەکردن بێت؟) خۆ ئەوە ئەندامانی خوارەوە بیاننووسیایە رەخنەبارانیان دەکرد و بە سەنگەر گواستنەوە خەتاباریان دەکردن، خۆی لێ دەبوورێنێت کەچی سەرچاوەی کێشەکان خۆیانن.

ئاخر چۆن سەیر نییە! پەرلەمانتار پارێزبەندیی لەسەر هەڵدەگیرێت، کەچی لە پێشتر زیاتر قسەی بۆ دێت و بوختانی زیاتر ئاراستە دەکات؟ شەرمیش لە ڕابردووی ناکات! چۆن بۆتان سەیر نییە! ئاخر لە چ دنیایەکدا ڕووی داوە، لە هزر و کاری تێرۆریستیەوە بۆ پەرلەمانتار و بوختان و بە دڵی خۆی نووسین و داوای ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، دەبێت ئەو مافە بە خۆی بدات لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا دەبوو ڕێگەی پێنەدرێت بەربژێر بکرێت بۆ پەرلەمان.

چۆن سەیر نییە! چەندین ساڵە هەرچی باس هەیە، تا ئاستی کردنە مەرجی بەشداریی حکوومەت کە چاکسازی بکرێت و ئیتر نادادپەروەری بەسە، کەچی لەگەڵ بڕیاردانی چاکسازی دەرفەت نادەن حکوومەت هەناسەیەک بدات و دەست بە چاکسازی بکات، هەر رۆژە و کێشەیەکی بۆ دروست دەکرێت. جگە لە داعش و پەنابەری و ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەزمی دوو ئیدارەیی و بەهەرێمکردنی سلێمانی تا بەزاندنی هێڵی سووری هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتیش.

هەرە سەیر و سەمەرەکە! خۆی بە سەرۆکی جوڵانەوە دەزانێت و چۆن لە هەناسەیەکدا کرا بە ملیۆنێر و دوای چەند ساڵێکیش ملیۆنان دۆلار قەرزاری خەڵک حکوومەتیش بوو. هەر خۆی ئەو خەیاڵەی بۆ خۆی دروست کرد (یان دەوروبەر خستیانە سەر ئەو خەیاڵەی) دەتوانێت لەنێو كارەساتی كۆرۆنادا خۆپیشاندان بکات و پێگەی حزبەكانی دەسەڵات لەق بکات و بە قسە بازاڕییەکانی حکوومەت بڕووخێنێت و نەجاتی بێت لە قەرزەکان، هەرچەند راویان نا بەڵام دوای چی؟ ئەو زۆریی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ئەستۆیدایە و ئێستەش خۆی قایم کردووە.

لە چ دنیایەک و وڵاتێک هەیە و بووە و دەبێت، پەرلەمانتارێکی كورد لە بەغداوە کە بە حیساب نێردەی خەڵکە بۆ پەرلەمان، بڵێت ئەوەی لەدەستم بێت درێخی ناکەم بۆ باسکردن و راگرتنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان، لەبری داکۆکیکردن لە مافی رەوای خەڵک! ئەمانە رقی ناخی رەشی خۆیان لە ناوەندێک هەڵدەڕێژن، کە تێناگەن بۆ لەوێن و دەبێت چی بکەن.

ئەرێ سەیر نییە بەلاتانەوە! كەسێك یاریدەدەری پرۆفیسۆر و دکتۆر و مامۆستای زانکۆ بێت، کەچی رێ بە خۆی بدات باسی سیاسەت بکات و بەناوی میللەتەوە نامە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بنووسێت و داوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم بکات! سەیرە وا نییە؟ مامۆستای زانکۆت پێ بڵێن و شەرم لە خۆت نەکەیت و نەزانیت کە نابێت ئەو نامەیە بەناوی خەڵکەوە بنووسیت، لەبەر ئەوەی تۆ مامۆستای گرووپێکیت (خۆزگەم بەخۆیان نەبێت) تەنانەت ناتوانیت بەناوی ئەوانیشەوە قسە بکەیت بەڵکوو تەنیا دەبێت زانیاریان پێبدەیت.

تا بنووسیت کۆتایی نایەت، چۆن کەسانێک هەن بەردەوامن لە خەڵەتاندن و چەواشەکاریی خەڵکی ماندووی هەرێمی كوردستان و ئەوەی ئەوان بەو خەڵکەی دەکەن هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا رووی ئەوەی نییە بیکات.