بەرپرسێكی پێشووی گۆڕان: سۆران عومەر تێرە و مانگانە هەشت ملیۆن دینار وەردەگرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرپرسێكی پێشووی گۆڕان: سۆران عومەر تێرە و مانگانە هەشت ملیۆن دینار وەردەگرێ

“بەلایەوە گرنگ نییە خەڵكی چیان بەسەر دێت”

بەرپرسێكی پێشووی گۆڕان رای گەیاند، ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كە بانگەشەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان كردووە، مانگانە هەشت ملیۆن دینار لە هەرێمەكە وەردەگرێت.

رۆژی هەینی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كە بە جێبەجێكاری پیلانەكانی لاهوور جەنگی، سەردەستەی خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناسراوە، داوای كرد، لەمەودوا كار بۆ تێكدان و هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان بكرێت.

لە بەرامبەردا دکتۆر سابیر ئیسماعیل، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ھیچ کوردێک مافی ئەوەی نییە، باسی ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە ئەم کوردستانە موڵکی ھیچ کەس و لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەرھەمی خوێنی شەھیدان و ئەنفالکراوانە، ئەوەشی باسی ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی کوردستانی کردووە، پێویستە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت”.

ڕوونیشی كردەوە كە دەبێت خەڵكی بزانن بۆچی ئەو قسانەی كردووە و كێ هانی داوە؟ ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی کوردستان مانای وایە ئیتر کورد دەسەڵاتی نامێنێت، ئەوەشی کە ئێستا دەسەڵاتی ھەیە و ئەو قسەیەی کردووە، خۆشی دەچێتەوە ژێر ڕکێفی حکوومەتی عێراق، ئیتر دەبێ بزاندرێت قازانجی لەم داواكارییە چییە؟

بەرپرسەكەی پێشووی گۆڕان نەیشاردەوە كە ئەم داواكارییە هاندانی بەغدایە بۆ ئەوەی بیر لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، “بەغدا لەخوای دەوێت کەسانێک ھەبن ھانی بدەن بۆ ئەوەی خاکەکەمان داگیر بكات، ئەوەندەش خیانەت لەم خاکە کراوە، خیانەتی گەورە ئەوەیە ئەم خاکە، ھەرزانفرۆش بکەیت و ڕادەستی نەیارانی کورد بکەیت، بەڵام ھەر کەسێک خاوەنی ئەو قسەیە بێت کە باسی ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێم دەکات، ئەجێندای دوژمنانی کورد جێبەجێ دەکات و خیانەتێکی گەورەی نیشتمانی کردووە، چونکە کارەساتە پاش ئەو ھەموو شەھید و ماڵوێرانییە، ھەندێک کەس ئاواتەخوازی ئەوە بن جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ ژێر ڕکێفی حکوومەتی عێراقی”.

ئەوەشی نەشاردەوە كە بابەتی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە، “سۆران عومەریش لەسەر تێری ئەو قسانە دەکات، چونکە خۆی مانگانە هەشت ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت، دواتر بەمووچەیەکی باش خانەنشین دەکرێت، بۆیە تێری خواردووە و بەلایەوە ئاساییە کە ئیتر هەرێمی كوردستان بكەوێتە دەست ئەم و ئەو”.