وەزارەتی تەندروستی: زیاتربوونی ژمارەی تووشبووان مەترسی لەسەر نەمانی کیتی پشکنینی کۆرۆنا دروست دەکا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی تەندروستی: زیاتربوونی ژمارەی تووشبووان مەترسی لەسەر نەمانی کیتی پشکنینی کۆرۆنا دروست دەکا

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ئەگەر بێت و ڕێژەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا بەمشێوەیە لە هەڵکشان بێت مەترسی لەسەر نەمانی کیتی پشکنینی پەتاکە دروست دەبێت.


د.محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ئەگەر بێت و بەمشێوەیە ژمارەی تووشبووانی ڕوو لە زیاد بوون بێت، مەترسی لەسەر کیتی پشکنینی کۆرۆنا دەبێت، نەک بە تەنیا کیت بەڵکو پێداویستی دیکەی پزیشکیش دەگاتە ئەوەی کە ڕۆژێک تەواو ببێت، هەر لەبەر ئەوەیە ئێستا داوای توندکردنی ڕێککارە پزیشکییەکانمان کردووە بۆ ئەوەی حاڵەتەکان لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت و نەگاتە ئەوەی کە نەخۆش لە نێو نەخۆشخانەکاندا شوێنیان نەبێتەوە و ئامێرە پزیشکییەکان تەواو نەبن و پێداویستییەکان هەموویان بەردەست بن و ئەو نەخۆشانەی کە دێنە نەخۆشخانە ژمارەیان زیاتر نەبێت لەو توانایەی کە لە شوێنی تەندروستی شوێنی دەبێتەوە بۆ کیتی پشکنینیش بەهەمان شێوە".


گوتیشی: "ئەگەر بێت و کیتی پشکنین نەمێنێت ناچارین پشت بە پشکنینەکانی دیکە ببەستین، یاخود ئەو پشکنینانەی تێچوویان یەکجار زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە زۆر جەخت لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بکەینەوە و لە ڕێگەی نیشانەکانەوە بناسرێنەوە کە ئەوانە لە کاتی نەمانی کیت سوودی لێوەردەگیرێت، بەڵام تاوەکو کیتەکە هەبێت خێراتر نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکرێت".


ڕاشیگەیاند: "چارەسەرەکان بەشێکی زۆریان ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێن، بەڵام سەبارەت بە ئەو دەرمانانەی کە لە پڕۆتۆکۆڵی چارەسەری جیهانیدان، بەڵام ئەو دەرمانەی کە لە ڕووسیا وەکو چارەسەر بەکارهاتووە و ئەنجامی ئەرێنی هەبووە، بەم نزیکانە دەگاتە هەرێمی کوردستانیش، هەروەها بەشێک لە کۆمپانیا ناوخۆی عێراق دەیانەوێت خۆیان دەرمانەکە بەرهەم بهێنن، ئەگەر بێت و کوالێتیەکەی گونجاو بێت و لیژنەی ڕاوێژکاری پزیشکی پەسندی بکات ئەوکات بێگومان ئێمەش دەرمانەکە بەکار دەهێنین".