جیهان بە هەمان دۆخی هەڵگیرسانی جەنگی دووەمدا تێدەپەڕێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

جیهان بە هەمان دۆخی هەڵگیرسانی جەنگی دووەمدا تێدەپەڕێت

شارەزایەكی ئابووری و سیاسی ئامۆژگاری وڵاتە زلهێزەكان دەكات


شارەزایەكی ئابووری و سیاسیی جیهانی ئامۆژگاریی ڕێبەری وڵاتە زلهێزەكانی كرد خۆیان لە سەرهەڵدانی جەنگێكی جیهانی بەدوور بگرن، چونكە ئەو دۆخەی ئێستا هەمان دۆخی سەرهەڵدانی جەنگی دووەمی جیهانیە.


ئەمڕۆ یەكشەممە تەڵاڵ ئەبوغەزالە شارەزای ئابووری و سیاسیی جیهانی لە بەرنامەیەكی كەناڵی "رووسیا توودەی"دا هۆشداری دا زلهێزەكانی جیهان كە بەرەو جەنگێكی گەورە دەچن.


ئەبوغەزالە بە بۆنەی تێپەڕینی 75 ساڵ بەسەر كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانیدا، هۆشداری دا لە مەترسی ڕوودانی جەنگی سێیەمی جیهانی و ئاماژەی بەوە دا كە لە ئەگەری ڕوودانی ئەم جەنگەدا، جیهان ڕووبەڕووی كارەساتێكی گەورە دەبێتەوە.


شارەزا ئابووری و سیاسییەكە، كە بە ڕەگەز ئوردنیە، لە بەرنامەكەدا بە ناوی "جیهان بەرەو كوێ؟"، دەڵێ "هەموو جەنگێك بۆ ئەوە هەڵگیرساون تا كێشەكانی جیهان یەكلا بكەنەوە، بەڵام لە راستیدا لە ئەنجامی هەموو جەنگەكاندا، جیهانێكی خراپتر هاتووەتە ئاراوە".


ئەبو غەزالە ئاماژەشی بەوە داوە كە نیشانەی زۆر هەن بۆ ڕوودانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان چین و ئەمریكادا، هەفتەی رابردووش پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی ستراتیژییەكانی چین لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردبووەوە كە ئەمریكا هێزەكانی سوپای خۆی لە دەریای چین كۆكردووەتەوە، هۆشداریشی داوە لە هەر پێكدادانێكی سەربازی و تەقەكردنێك لەم ناوچەیەدا، چونكە لە هەر ئەگەرێكی هاوشێوەدا جەنگ هەڵدەگیرسێ و كارەسات بۆ هەموو جیهان لەگەڵ خۆیدا دێنێت.