کێبرکێی پێکوتەکانی دژە کۆرۆنا.. ئایا هاوین هەواڵی خۆشی پێیە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کێبرکێی پێکوتەکانی دژە کۆرۆنا.. ئایا هاوین هەواڵی خۆشی پێیە؟

 

خۆبەخشەکان لە 6 کیشوەردا دەستیان بە تاقیکردنەوەی ئەو پێکوتانە کرد، کە چەندین کارخانەی پزیشکی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشیان خستوون، بە ئومێدی ئەوەی لەم هاوینەدا بۆ هەموو لایەک دەستەبەر بکرێ، بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو پەتایەی، کە جیهانی گرتووەتەوە.

پزیشکان و زانایان لە زیاتر لە ناوچەیەکدا لە جیهان دەوری مۆڵگەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان داوە، لەپێناو تاقیکردنەوەی پێکوتەکان لەسەر نەخۆشەکان، لەسایەی گەمارۆدانی پەتایەکە لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان، هەروەها بۆ دڵنیابوون لە توانای پێکوتەکان.

توێژەرە بەریتانی و چینییەکان ئەم رۆژانە پێکوتەی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکانیان تاقی دەکەنەوە، بەتایبەت لە بەرازیل، کە تا ئێستا رۆژانە رێژەیەکی بەرز لە تووشبووان تۆمار دەکات.

بڕیاریش وایە وڵاتە یەکگرتووەکان لە مانگی تەمووزی داهاتوو پێکوتەیەکی نوێ لەسەر 30 هەزار خۆبەخش تاقی بکاتەوە، کە حکوومەت هاوکاریی پێشخستنی دەکات، لەدوای ئەویش چاوەڕوان دەکرێ بەریتانیا لە مانگی ئابدا پێکوتەیەک لەسەر 30 هەزار خۆبەخشی دیکە تاقی بکاتەوە.

زۆر لە پسپۆران لە کەرتی پزیشکی جۆرێک گەشبینییان سەبارەت بە پێکوتەکان هەیە، کە لە چەند مانگی داهاتوودا تاقی دەکرێنەوە، هیواخوازیشن توانایەکی بەرزی هەبێ، بە جۆرێک کە بتوانن لە نزیکترین کاتدا گشتاندنی بۆ بکەن.

ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانی بۆ هەوکردن و نەخۆشییە گوازراوەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکان گوتی، رەنگە پێکوتە نوێیەکە بدرێ بە خۆبەخشان لە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی وەک بەرازیل و باشووری ئەفەریقیا.

فاوچی بۆ ئاژانسی (ئەسۆشێتید پرێس) گەشبینیی خۆی سەبارەت بە پێکوتە نوێیەکان راگەیاند، کە ئێستا لە زۆرترین شوێنی جیهان تاقی دەکرێنەوە، دووپاتیشی کردەوە، کە “مەسەلەکە کێبرکێ نییە، گرنگ ئەوەیە بگەین بە زۆرترین ژمارەی پێکوتەی باوەڕپێکراو و کارا و دڵنیاکەرەوە”.

پسپیۆرانی پێکوتەکان پێشبینی دەکەن، ئەو پێکوتانەی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست دەکرێن، هەمان توانای پێکوتەکانی دیکەیان نابێ، کە پێشتر تاقی کراونەتەوە، بەدیاریکراوییش پێکوتەی سوورێژە.

د. درو وایسمان لە زانکۆی بنسلفانیای ئەمەریکی گوتی: “ئەگەر سەلمێنرا، کە باشترین پێکوتەی کۆڤید- 19 رادەی کارایی 50%یە، ئەوا ئەو پێکوتەیە بە لای منەوە زۆر گرنگە”.