ناوت ناهێنم تا ئاواتەكەت بەدی نەهێنم!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ناوت ناهێنم تا ئاواتەكەت بەدی نەهێنم!

له‌وه‌ ده‌چێت پێت خۆش بێ ببیته‌ مانشێتی هه‌واڵه‌كان و شیربەفرینەی‌ سوشیال میدیا، بۆیە من ناوت ناهێنم و ئەو ئاواتەت ناهێنمە دی كە به ‌ناوهێنانت دڵخۆشت كه‌م، جاران تەنیا دەنگتمان بیستبوو و رەنگ و هەڵوێستەكانتمان نەدیبوو، بەڵام كە بەوان ئاشنا بووین، ئیدی ئه‌و ده‌نگه‌ش مرد و چیتر حەزمان نەكرد بيبیستینەوە.

ئه‌مه‌وێت چه‌ند شتێكت به‌بیر بهێنمه‌وه،‌ سه‌رده‌مێك بوو لە رادیۆوە لە هەوڵی ئەوەدا بوویت گوایە بە دەنگت خەڵك جۆش بدەیت، بەڵام سەردەمانێكی پێش بیستنی دەنگی تۆ، هەزاران رۆڵەی كوردستان پێشمەرگە بوون، بە پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانییشه‌وه‌ كه‌ مامی شه‌هیدم یەكێك بوو لەوان و هەروەها باوكیشم سه‌رده‌مانێك پێشمه‌رگه‌ بوو، دەمێ ئەوان پێشمەرگەی بارزانی بوون، تۆ ئەو وەخت گڕوگاڵت ئەكرد.

سه‌ری بڵند، بڵند و سەربەرزە و یەكێك لە گرنگترین و ناودارترین سەركردەكانی كوردستانی لێ نیشتەجێیە، ئه‌م ئه‌زموونەی باشووری كوردستانیش‌ به خوێن و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمه‌رگه‌كانی پارتی و یه‌كێتی دروست بووه،‌ بۆیه‌ سەركردەكانی باشوور و پێشمەرگەكانی له‌ باشوورن، كوردستانی باشوور پارچه‌یه‌كی هه‌ستیار و گرنگی كوردستانی گه‌وره‌یه و‌ سەرەڕای هەر كەموكوڕێیەك، جێی ئومێد و هیوای هەموو كوردستانیانە و هەموو كوردێك تێیدا خانه‌خوێیه و تاكە قەوارەی دەستووریی كوردە،‌‌ وه‌لێ من تێنه‌گه‌یشتم بۆچی ئێستا پێتوایه‌ بۆ پارتی و بارزانی كوردستانی باشوور حه‌رامه‌ و بۆ خەڵكی تر حه‌ڵاڵه‌؟ دەبێ ئەو راستییە بزانیت كە بارزانیەكان لە پیش دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە لەم بەشەی كوردستانی گەورە خەبات دەكەن؟

ئه‌و پەیامه‌ ده‌نگیه‌ نه‌شازه‌ی خوێنتانه‌وه، نازانم، خۆت پێمان بڵێ، ئه‌مه‌ وتاره،‌ یان شیعر، یان په‌خشان یان لاوانه‌وە، یان پیاهه‌ڵدانه‌، یان...؟! زۆر سه‌رنجم دا و گوێم لێ گرت، نه‌متوانی پۆلێنی ئه‌م نووسینه‌ پڕ بوغزەت بكه‌م، نازانم له چ‌ فۆرمێكی ئه‌ده‌بیدا نووسراوه‌؟
به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پڕ بوو له‌ رق و كینه‌ و ڕواندنی ره‌قی ڕه‌ش به‌رامبه‌ر به‌ حزبێكی 70 ساڵه كە‌ تا ئێستاش حزبی ژماره‌یه‌ یه‌كه‌ له‌ عێراق و كوردستان، لە كاتێكدا ده‌بوو تۆ وه‌ك كوردێك داكۆكی له‌ ماف و خه‌باتی كورد بكه‌یت، به‌ پارتی و یەكێتی و په‌کەكه‌شه‌وه لە شوێنی خەباتی خۆی‌، نه‌ك ماف بده‌یت به‌ حزبی تر كه‌ پێویستە مەیدانی شه‌ڕ و خەباتیان له‌ باكووری كوردستان بێت، چونكە پارتی و بارزانیه‌كان هه‌ڵقوڵاوی خاكی ره‌سه‌نی باشوورن و لەنێو ئەم كۆمەڵگەیەوە سەریان هەڵداوە و تێكۆشاون بۆ ئازادی.

بۆیە رێنوێنیت دەكەم، گه‌ر جارێكی دیكە ویستت ببیت‌ به‌ جێی باس و خواسی میدیاكان، سەرەتا مێژوو بخوێنه‌وه، چونكە ئه‌و حزبه‌ی كه‌ تێیدا پێشمه‌رگه ‌بوویت له‌ سه‌رده‌می شاخ، ئه‌و حزبه‌ش پێشتر بەشێك بووە لە خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ‌دڵنیام گه‌ر مام جه‌لال له‌ ژیاندا بمایه‌  له‌سه‌ر ئه‌م نووسینەت، به‌ گۆچانه‌كه‌ی سزای ئه‌دایت!

گه‌ر ئه‌ته‌وێت خۆت شیرین بكه‌یت له‌ لای فڵان حزب ئه‌وا به‌م نووسینه‌ نابێت قوربان، چونكە مەرج كردارە نەك هاتوهاوار! پێشنیار ئه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ل تۆی خۆش بوێت، حه‌ق وایه‌ شین و لاوانه‌وه‌یه‌ك بۆ خورماتوو و كه‌ركووكی فرۆشراو بكه‌یت كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا، بە خیانەت شكۆی كوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تیی تێدا شكێنرا.

گه‌ر جارێكی تر ویستت شتێك بنووسیت و بیخوێنیتەوە، هه‌وڵ بده به‌ به‌ڵگه‌وه‌ و به‌هێمنی  بدوێی، تا باشتر گوێمان لێت بێت و هیچ نەبێ تێت بگەین، نه‌وه‌ك به‌م هاشوهووشه، خۆت باش ده‌زانیت، بنه‌ڕه‌تی نووسینه‌كه‌ت له‌سه‌ر چیه ‌و بۆچی نووسیوته و دەتەوێ بە چی بگەیت! عەرەب دەڵێت: المعنی في قلب الشاعر.