پەرلەمانتارێک: کڕینی ڕاپۆرتی دەرچوونی وانەکانی زانکۆ لە نێو قوتابیان زۆر زیادی کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێک: کڕینی ڕاپۆرتی دەرچوونی وانەکانی زانکۆ لە نێو قوتابیان زۆر زیادی کردووە


ئەندامێکى لێژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵاى پەرلەمان رایگەیاند بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا و وەستانى دەوام، حاڵەتەکانی فرۆشتنى راپۆرتى دەرچوونى وانەى کۆلێژ و پەیمانگاکان پەرەى سەندووە، بەڵام هەوڵەکانمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەى نەبێتە دیاردە.

د.زێدان برادۆستى، ئەندامى لێژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵاى پەرلەمانى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا و رێککارەکانى خۆپاراستن لە پەتاکە دەوامى کۆلێژ و پەیمانگاکان وەستا، بۆ ئەوەى قوتابیان توشى زیان نەبن وەزارەتى خوێندنى باڵاش بڕیارێکى دەرکرد بۆ ئەو قوتابیانەى لە جیاتى تاقیکردنەوەى وەرزى دووەم راپۆرتێک لەهەر وانەیەک پێشکەش بکەن بەمەبەستى دەرچوونیان لەو وانەیە".

راشیگەیاند: "ئەو قوتابیانەشى کە نمرەکانیان کەم بێت دەتوانن راپۆرتێک ئامادە بکەن و پێشکەشى بکەن، بۆ ئەوەى لەو وانەیەى کە مەبەستیانە نمرەى باش بەدەست بهێنن، ئەمەش شتێکى ئاساییە بەڵام ئێستا زۆربەى قوتابیان لەچەند بابەتێکى دیاریکراو خۆیان ماندوو ناکەن بۆ ئامادەکردنى راپۆرتى دەرچوون، بەڵکو ئەو راپۆرتە بە ئامادەکراوی لە بازاڕ دەکڕن و پێشکەشى دەکەن".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئێمە بەدواداچوونمان بۆ بابەکە کردووە و پەیوەندیمان بە چەند نووسینگەیەکەوە کردووە ئەوانەى ئەم کارە دەکەن، لەهەندێک وانە ئاساییە ئەو نووسینگانە یارمەتى قوتابیان بدەن، بەڵام نابێ ئەمە ببێتە دیاردە، چونکە مەترسى هەیە لەسەر ئاستى قوتابیان و وادەکات قوتابیان تەمبەڵ بن و خۆیان ماندوونەکەن بە کۆکردنەوەى سەرچاوە".

روونیشیکردەوە" قسەمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا کردووە بۆ ئەوەى بە هەموو لایەک رێگە لەو دیاردە خراپە بگرین، چونکە مامۆستا ئاستى قوتابى خۆى دەزانێت بۆیە ئەگەر راپۆرتەکەى کڕى بێت یان خۆى ئامادەى کردبێت دیار دەکەوێت".