ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیاد بوونە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیاد بوونە

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کار، ساڵ بە ساڵ ژمارەی پڕۆژە و كرێكارانی دەستەبەركراو لە هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە و بەڕێوەبەرێکی گشتیی وەزارەتەکەش دەڵێ هۆکارەکەی بۆ هۆشیاری کرێکاران دەگەڕێتەوە.

د. عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ئەو هۆكارەی وایكردووە ساڵ بە ساڵ ژمارەی پرۆژە و كرێكاری دەستەبەراو زیاد بکات، بەشێكی بۆ هۆشیاری و تێگەیشتنی خاوەنكار و كرێكار بۆ سوود و قازانجی بەشداریان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، بەشێكی دیكەشیان بۆ ئەو هەڵمەتە هۆشیارییە دەگەڕێتەوە كە ئێمە بە هاوكاری سەندیكای كرێكاران دەستمانپێکردووە و یاساش ڕۆڵی خۆی هەبووە".

گوتیشی: "بێگومان لە کاتی دەستەبەرکردنی ناوی کرێکارانیشدا ساڵانە کۆمەڵێک کرێکار تەرک دەکرێن و کۆمەڵێکی تر دەخرێتە شوێنیان و بەپێی ئەو بەراوردەی کە لە نێوان ژمارەی دەستەبەرکراو و تەرک کراوەکان کردوومانە ژمارەی دەستەبەرکراوەکان زیاترە".

ئاماژەی بە ئەوەش کرد، هۆکاری لادانی ناوی ئەو کەسانە تەواوبوونی گرێبەستەکانیان و بچوکبوونەوەی پڕۆژەکانیانە".

گوتیشی: "پێویستە لەسەر خاوەنکار لە ڕۆژی دەستبەکاربوونی کرێکارەوە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی ناوی کرێکارەکەی تۆمار بکات و گرێبەستەکە نیشانی کرێکارەکە بدات و %17 ی مووچەی ئەو کرێکارە مانگانە بدات بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە شێوەیەک خاوەنکار %12 ی مووچەکە لە پارەی خۆی بدات و لە %5 ی هی کرێکارە بێت وەکو بەشداری، دواتر ئەو کرێکارانە مافەکانیان لە لای ئێمە دەستەبەر دەبێت لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێک یاخود بئ کار مانەوەی ئەو کرێکارە ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی مافی کرێکارانە".

ڕاشیگەیاند: "کرێکاری بیانیش لای ئێمە مافی پارێزراوە و دەستەبەر دەکرێت بەمەرجێک لەو وڵاتەی لێوەی هاتووە دەستەبەر نەکرابێت، بەڵام ئەو کرێکارانە لای ئێمە خانەنشین ناکرێن بەمەرجێک دەکرێن ئەگەر خەڵکانی ئێمەش دەستەبەر بکرێن لەو وڵاتانەی ئەو کرێکارانەی لێوە هاتووە و لە هەرێمی کوردستان 83 هەزار کرێکاری دەستەبەرکراومان هەیە کە لەو ژمارەیەش حەوت هەزار کرێکاری بیانی هەیە".