تۆ بڵێی پەرلەمانتارانی كورد، لاسایی حەسەن خەیری بكەنەوە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

تۆ بڵێی پەرلەمانتارانی كورد، لاسایی حەسەن خەیری بكەنەوە!

 

حەسەن خەیری ئەو كەسایەتییە كوردەی، كە لە دامەزراندنی یەكەم پەرلەمانی توركیا لەسەر دەستی ئەتاتورك، وەكوو ئەندام پەرلەمان چووە پەرلەمان و ئەتاتورك گوتی: "تۆ نوێنەری كوردیت و پێویستە بە جلی كوردی بێیتە ناو پەرلەمان".

بەوەشەوە نەوەستا هەر بەو جلانەوە كردییە ئەندامی شاندی دانوستانكار لە رێككەوتننامەی سیڤەردا، تا بە ئەورووپا بڵێت توركیا چەند دیموكراتە هەموو نەتەوەیەك بە ئازادانە لەو وڵاتە مومارەسەی چالكیی سیاسی و كولتووریی خۆی دەكات.!

حەسەن خەیری بە ئاشكرا پشتگیریی لە تورك و ئەتاتورك دەكرد، ئەو توركبوونی لە كوردبوون پێ شەرەفەمندانەتر بوو! بۆیە لەناو پەرلەمانی توركیا دەیگوت لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد و بەیعەتی بە تورك و ئەتاتورك دا.

بەڵام دواتر ئەتاتورك بە تۆمەتی ئەوەی سووكایەتیی بە پەرلەمانی توركیا كردووە و بە جلی كوردییەوە هاتووەتە ناو پەرلەمان، سزای لەسێدارەدانی بۆ حەسەن خەیری بڕییەوە.

خەیری بەرلەوەی لەسێدارەی بدەن گوتی: ”توخوا ئەگەر لەسێدارە درام، لە شوێنێك بمنێژن كە كوردێكی زۆری پێدا تێپەرێت، تا هەر كوردێك بە تەنیشت گۆڕەكەمدا تێپەڕی تفێكم لێ بكات و بزانێت خیانەت لە نەتەوەكەت چەند تاوانێكی گەورەیە“

ئێستاش بەشێك لەو ئەندام پەرلەمانانەی كورد لە عێراق و پەرلەمانی كوردستان، كە بەهەموو تاقەتیان دژایەتیی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی دەكەن، تۆ بڵێی رۆژێك لە رۆژان وەكوو خەیری بڵێن ئەگەر مردین با گۆڕەكەمان لە شوێنێك بێت كوردی زۆری پێدا تێپەرێت، تا تفێك لە گۆڕەكەمان بكەن، چونكە داوای هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانمان كردووە و بەردەوام دژایەتیی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانمان كردووە.

ئاخر جیاوازی چییە لە نێوان حەسەن خەیری و ئەو ئەندام پەرلەمانانەی لە میدیاكانی عێڕاق و بیانی هەرچی سووكایەتییە بە هەرێمی كوردستانی دەكەن. خەیری دەیگوت لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد، ئەوانیش دەڵێن شتێك نەماوە بە ناوی هەرێمی كوردستان و پێویستە هەڵبوەشێتەوە.

خەیری پێی وابوو كورد كێشەی خاكی لەگەڵ توركیادا نییە، ئەو ئەندام پەرلەمانانەش هەمان شت دەڵێن و پێیانوایە كورد عێڕاقین و تەنانەت هەندێكیان دەیانگوت با سوپا بجوڵێندرێت بۆ داگیركردنی هەرێمی كوردستان.

ئەتاتورك وەفای بۆ خەیری نەبوو، چونكە دەیزانی كەسێك وەفای بۆ میللەتی خۆی نەبێت بۆ توركیشی نییە، دەبێت ئێوەش باش بزانن عەرەبی عێڕاقی وەفای بۆ ئێوە نییە و رۆژێك وەكوو ئەتاتورك بە تۆمەتی خیانەت دادگاییتان دەكات، دڵنیا بن.