ھەرێمی کوردستان.. بڕیاری کڕینەوەی بڕێکی دیکەی گەنمی جووتیاران درا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ھەرێمی کوردستان.. بڕیاری کڕینەوەی بڕێکی دیکەی گەنمی جووتیاران درا

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد ، بەدەر لەو٣٩٠ ھەزار تۆن گەنمەی کە حکوومەتی بەغدا لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی دەکڕێتەوە، کارگەکانی ناوخۆی هەرێمیش بڕیاران داوە 200 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران بکڕنەوە.

 نەوزاد ئەدھەم بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیەشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بۆ ئەمساڵ حکوومەتی بەغدا ٣٩٠ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکڕێتەوە کە تاوەکوو ئێستا ٤٠%ی ئەو ڕێژەیە لە سایلۆکان وەرگیراوە".

 گوتیشی:" بەدەر لەوە بۆ ئەمساڵ کارگەکانی ئالیک لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بڕیاریان داوە (٢٠٠ ھەزار تۆن) گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بە نرخێکی گونجاو بکڕنەوە".

کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن کارگەکانی ناوخۆوە، سەرەتای کەوتنە واری جێبەجێکردنی بڕیاری کڕینەوەی گەنمی جووتیارانە کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە کاری لەسەر دەکرێت.

جێگەی ئاماژەپێکردنە حکوومەتی عێراق تەواوی بەرھەمی گەنمی شارەکانی عێراق وەردەگرێت، بەڵام لە کۆی دوو ملیۆن تۆن گەنم تەنھا٣٩٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بەپێی گوتەی نەوزاد ئەدھەمیش بڕی گەنمی دیکە وەک تەواوکارییەک لە وڵاتان ھاوردە دەکات.