سۆران عومەر بۆ وا دەكات ؟!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سۆران عومەر بۆ وا دەكات ؟!

ئەو رۆژەی رووداوی خێڵی حەمە روویدا، رووی ناشیرینی سۆران عومەر دەركەوت، بەڵام ئاسان نەبوو، گەنجێك بەناوی ئایینی ئیسلام و بەناوی خوداوە، موخاتەبەی خەڵكی ستەمدیدە بكات، قەناعەتیان بۆ دروست ببێ، كە ئەم گەنجە، خۆی دۆڕاندووەو بەكاردەهێنرێت و لە ناخەوە رووخاندوویانە، بۆیە دەیبینن،بۆ سۆرانیش ئاسان نەبوو بەم هەرزەكارییەوە بدۆڕێیت، بۆیە ئەم برادەرە هەرگیز ناتوانێ لەناخەوە پێبكەنێ و، هەموو قسەكانیشی بۆنی خوێن و بۆنی لەكەداركردن و تۆڵەكردنەوەی لێدێت، هەر كە قسە دەكات، یەكسەر هەستدەكەی سۆران عومەر لەناو رقدا ئاوس بووە، بەڵام ئەمە گوناهی كێیە، مرۆڤ لە قۆناخی هەرزەكاریدا كە هێشتا ئەقڵیشی هەرزەكارانەیە، نابێ ئەوەندە هەڵپەی هەموو شتێك بكات، پێویستە كەمێك وردبێتەوە، بخوێنێتەوە، دەنا ئاوەها دەدۆڕێنێ و تا مردنیش ناتوانێ قەرەبووی بكاتەوە!، ئەم دۆخە خراپە بەتەنیا سۆران عومەرێكی نەگرتۆتەوە، زۆرن ئەوانەی لەتەمەنێكی كاڵفامیدا خۆیان دەدۆڕێنن، ئیتر سایكۆلۆژیایەكی دوژمنكارانەی پڕ لە توندوتیژییان بۆ دروستدەبێت و هەموو جوانی و رەنگینییەك بە ناشیرینی دەبینن، هەموو بەهارێكی ئەم كەژو كێوانەی كوردستان بە رەشەبایەكی بەر بیابان دەبینن.

   دوای خێڵی حەمە، خیانەت و خۆفرۆشی سۆران عومەر لەلایەن مەلا كرێكار بە روونی ئاشكرا كرا، خۆی دەبوایە دوای ئەو پەردە هەڵماڵینەی مەلا كرێكار، ئیتر سۆران عومەر كۆتایی بە خۆفرۆشی و خیانەت و سیخوڕی بهێنابا، بەڵام دوو خاڵ هەیە،كە سۆرانی بە خیانەتكاری هێشتەوە، یان ئەوەتا رووی زۆر قایمەو تەڕ نابێت، جیناتەو لە مێشكیدا چەسپ بووە، یان ئەوەتا بەجۆرێك خۆی دۆڕاندووە كە ئیتر تا مردن خیانەت و سیخوڕی  كاری ئەو دەبێت، لەم دوو خاڵە بەدەر نییە، ئەگینا  ئێمە 100 ساڵی رەبەقە كوشتەی دەستی حكومەتی بەغداین و بە دەیان هەزار رۆڵەی ئەم هەرێمەی لێ شەهید كردووین، هیچ لۆژیكێك نییە، ئاو بكەیتە ئاشی ئەو حكومەتەوەو، دۆڕاندنی خۆت بە خەڵكی بەشمەینەتی ئەم هەرێمە بفرۆشیتەوە، بە دڵنیاییەوە سۆران عومەر زۆر لە(میرابۆ) ترسناكترە، بەڵام میرابۆش تا نەمرد و تا شۆڕشی مەزنی فەرەنسی بەسەردا نەهات، نەدەزانرا كە سیخوڕە، بەڵام كە شۆڕش هەموو بەڵگەنامەكانی كەوتە بەردەست ، لەناو ئەو بەڵگەنامانە دەركەوت میرابۆ چ سیخوڕو خائینێك بووە، بۆیە خەڵكی فەرەنسا چوون، تەرمەكەیان  كە لە گۆڕستانی تێكۆشەران شاردرابۆوە، لەناو گۆڕیان دەرهێناو بردیان لە ریزی جاش و خۆفرۆشەكانیان شاردەوە، دڵنیام  سۆران عومەر بۆ هەموو خەڵكی كوردستانیش روون دەبێتەوە، كە ئێستا لە جیاتی یەك بەڵگە دەیان و سەدان بەڵگەی جاشێتی هەیە. هەر بچووكترین نموونە سۆران بە هیچ شێوەیەك بڕوای بە كاری پەرلەمانی نییە، بەڵام دەستی لێ ناكێشێتەوە، چونكە بەرژەوەندی نانی جاشێتییەكەی لەوەدایە، ئەگینا سۆران باش دەزانێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی تۆكمەی بۆ چاكسازی داڕشتووە، بەڵام بە یەك وشەش پشتگیری لەم چاكسازی نەكردووە، بەڵكو بە پێچوەنەوە، هەمیشە قێزەونترین وشە لە دەمی بەردەبێتەوە.

تا ئێستا لە هەموو نووسینەكانی سۆران دا یەك دێڕم نەبینیوە باسی لە بنەمایەكی فیكری و دەوڵەتمەداری كردبێ، بەڵكو هەموو نووسینەكانی بریتییە لە جنێونامەیەك بۆ رووخان و تێكدانی حكومەتی هەرێم، جارێك لەخۆی نەپرسیوە، بۆیە ئێمە جەماوەری خەڵكی كوردستان دەكەینە پێوەر،  ئەرێ یەمەن قازانجی كرد حكومەتی  ساڵحیان رووخاند،  سەردەمی قەزافی باشتر بوو یان ئێستا ، سوریا كەوتە ناو  چ گۆمێكی خوێنەوەو  خەڵكەكەی چۆن  هەموو دەربەدەر بوو، بۆیە من زۆرجار ئەو پرسیارەم بە خەیاڵدا دێت، سۆران ئەوەندە تامەزرۆی رووخانی حكومەتی هەرێمە، ئێ خۆ حكومەتی بەغداو دەوڵەتانی هەرێمی هەر  ئەوەیان دەوێ كە سۆران هەوڵی نەزۆكانەی بۆ دەدات، باشە ئێستامان باشترە یان بكەوینەوە ژێر پۆستاڵی حەشدی شەعبی ، ئەو شوێنانەی حەشد داگیری كرد، بینیمان چۆن تەحەدایان لە نامووسی خەڵكی ئەو ناوچانە دەكرد ، سۆران ئەوەی دەوێ، بەڵام ئەو خەونەشی دەبێت لەگەڵ خۆی بباتە ناو گۆڕی ئەبەدییەوە.