كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەكە

ئەمڕۆ ٤٨ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەك تێدەپەڕێت و ناوی تەواوی حەسەن عەبدوڵایە، ناسراوە بە حەسەن زیرەك، دایكی ناوی ئامینە بووە، لە رێكەوتی ٢٩-١١-١٩٢١ لە شاری بۆكان لە دایكبووە.

حەسەن زیرەك، لە تەمەنی ٥ ساڵی باوكی كۆچی دوایی كردووە. دوای چەند مانگێك بەسەر كۆچی دوایی باوكی، دایكی شو دەكاتەوەو دەستبەرداری حەسەن زیرەك دەبێت، لەو كاتەشدا حەسەن زیرەك هیچ شوێنێكی نامێنێت تیایدا ژیان بگوزەرێنێت و وێڵ و سەرگەردان دەبێت و هەر شەوەو لە تەكیەو خانەقا ژیان بەسەر دەبات، بۆیەش لە یەكێك لە گۆرانیەكانی باسی ژیانی پڕ مەینەتی خۆی دەكات ودەڵیت (جێم نیە تیای بسرەوم خاكم وەسەر بێ لانە خۆم).

دواتر لە رێگای پێنجوێنەوە دێتە باشووری كوردستان و لە شاری سلێمانی لە گەرەكی دەرگەزێت نیشتەجێ دەبێت. دواتریش ماوەیەك دەچێتە شاری كەركوك. دواتر بەمەبەستی توافی غەوسی گەیلانی دەچێتە شاری بەغدا و بۆ كاركردن لە ساڵی ١٩٥٢ لە یەكێك لە هوتێلەكە كوردەكان لەو شارە كار دەكات، دواتر دەچێتە لای عادل عیرفان بەرپرسی بەشی كوردی رادیۆی كوردی لە بەغدا و بە مانگانەی ٦ دینار دادەمەزرێت. لە ساڵی ١٩٥٣ یەكەم گۆرانی لە ڕادیۆی بەغدا تۆمار دەكات، لەو ماوەیەدا كە لەوێ دەبێت ٥٦ گۆرانی بۆ تۆمار دەكەن. گۆرانیەكانی بڵاودەبنەوەو باوبانگێكی باش پەیدا دەكات. بۆیە ڕادیۆی كوردی بەغدا بەسەرەتای وێستگەی كاری هونەری هونەرمەند حەسەن زیرەك دادەندرێت.

حەسەن زیرەک، لە ساڵی ١٩٥٨ دەگەڕێتەوە ئێران و ماوەی چوار ساڵ لە ڕادیۆی تاران كار دەكات. لەو ماوەیەشدا ژمارەك گۆرانی تری بۆ تۆمار دەكەن. لە ساڵی ١٩٦٢ دەچێتە ڕادیۆی كرماشان و لەوێش ٨٣ گۆرانی تر تۆمار دەكات. کە ئەو گۆرانیانەی دەبنە باشترین بەرهەمەکانی كە لە ماوەی ئەو دووساڵەدا لە ئۆکسترای کرماشان بە سەرپەرشتی مامۆستا موجتەبا میرزادە تۆمار کراون. لە ساڵانی ١٩٦٧-١٩٦٨ لە شاری سەقز خاوەنی هۆتێل بووە و زۆرجار خۆی لەوێ گۆرانی وتووە. لە ساڵانی ١٩٦٩ - ١٩٧٠ لە چیای بابۆز لە كانی مەلا ئەحمەد لە ڕۆژهەڵاتی شاری بانە چایخانەی هەبووەو بەردەوام گۆرانی لێ وتووە. لە ساڵی ١٩٧١ تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر دەبێت و تا لە ٢٦-٦-١٩٧٢ لە ماڵی خوشكی لە شاری بۆكان. یەكەمجار لە گۆڕستانی گەورەی شاری بۆكان دەنێژرێت دواتر لەسەر وەسیەتی خۆی كە لەلایەن ئیمام جومعەی بۆكان كردبووی دەیگوێزنەوە بۆ كێوی ناڵەشكێنە، كە لای حەسەن زیرەك تایبەتمەندی خۆی هەبوو، بۆیەش لە یەكێك لە گۆرانییەكانی دەڵێت (دەچمە سەر ناڵەشكێنێ بەرامبەر بە بۆكانێ). لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە ساڵی ١٩٧٢ هونەرمەندی ناوداری كورد، حەسەن عەبدوڵا ناسراو بە (حەسەن زیرەك) لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

هونەرمەند حەسەن زیرەك لەماوەی تەمەنی ژیانیدا، زۆر گوند و شار گەڕاوە، هەربۆیەش سروشتی جوانی کوردستان و ئیش و ئازاری نەتەوەكەی بوونەتە هەوێنی گۆرانیەکانی. حەسەن زیرەك گۆرانیی بۆ هەموو کەس وتووە، بۆیە کۆمەڵگای کوردیی بەگشتیی ئارەزووی گۆرانیەکانی دەکەن و گوێ بۆ ڕادەگرن. هەرچەندە حەسەن زیرەک، خوێندەواری نەبووە، بەڵام ژمارەیەكی زۆری شیعری گۆرانییەکانی هی خۆی بووە و لەبەری کردوون، هەر خۆشی ئاوازی بۆ داناون، ئەمەش یەکێک لە جیاوازیی و تایبەتمەندییەکانی ئەو كەڵە هونەرمەندە بووە. بەڵام جگە لە شیعرەكانی خۆی، شیعری شاعیرانی هەریەكە لە (هێمن، هەردی، نالی، گۆران، وەفایی، سەید کامیل، کوردی، پێرەمێرد، تاهیر بەگی جاف)ی كردوونەتە گۆرانی، هەروەها گۆرانیی هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ، ئەحمەد شەماڵ، مەلا حسێن عەبدوڵازادە، سەید محەمەد سەفایی، عوسمان بۆکانی، نەسرین شێوان و ژاڵە)ی وتووەتەوە. نەورۆز، كە شیعری شاعێری گەورەی كورد پیرەمێردە كە هونەرمەند حەسەن زیرەك كردوویەتی بە گۆرانی و وەك سرودێكی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی كوردستان ناسراوەو دەوترێتەوە. بەرهەمەكانی هونەرمەند حەسەن زیرەك تاكو ئێستاش بەزیندوویی ماونەتەوەو بوونەتە شاکاری هونەریی كوردی.