بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە هاوكاریی لاهوور جەنگی و دەزگای زانیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوە دەچێت و چەندان سەرچاوەش زانیارییەكان لەمبارەیەوە پشتڕاست دەكەنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، فڕۆكەكانی توركیا بۆردومانێكیان لە هاوینەهەواری (كونە ماسی)ی سەر بە شارەدێی (گاپیلۆن)ی سنووری قەزای شارباژێڕ ئەنجام دا كە پێشبینی دەكرێت ژمارەیەك گەریلای پەكەكە كرابنە ئامانج و لەگەڵیشیاندا ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون.
هەر ڕاستەوخۆ پاش بۆردومانەكە، میدیای سەر بە لاهوور جەنگی تۆمەتی ئەوەیان ئاراستەی پارتی كرد كە گوایە زانیاری‌یان بە لایەنی توركی داوە بۆ بۆردومانەكە، بەڵگەشیان بە پۆستی چەند پەیجێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێناوەتەوە كە نازاندرێت ئاخۆ هەر ئەو پەیجە ساختانەن كە لاهوور جەنگی پێشتر دروستی كردوون و هێشتا كۆمپانیای (فەیسبووك) داینەخستوون، یان نا، بەڵام ئەوە ڕوونە كە ناوچەكانی پارتی سەدان كیلۆمەتر لە شوێنە بۆردومانكراوەكەوە دوورە و هیچ كەسێك ناتوانێ باوەڕ بە زانیارییەكی لەم شێوەیە بكات.
بەپێی زانیارییەكانی (باس‌نیوز)، لە كۆتایی ٢٠١٨ەوە پەیوەندییەكی تایبەت لە نێوان توركیا و یەكێتی هەیە كە لاهوور جەنگی پێداگری لەسەر ڕێكخستنی ئەو پەیوەندییە كردووە، بۆ ئەمەش هاوكاریی هەواڵگری و سەربازی لە دژی پەكەكە لە نێوان هەردوولا هەیە.
لەمبارەیەوە دیار موفتی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتی، بە (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاند: "بۆردومانەکەی ئەمڕۆی ناوچەی گەشتیاری کونەماسی بەتەنھا ھۆکارەکەی بۆ بوونی پەکەکە لەو ناوچانە ناگەڕێتەوە، چونکە سوپای تورکیا عەقڵیەتێكی پاوانخوازی ھەیە و ئامانجی سەرەکی ئەوەیە ھەرێمی کوردستان تێكبدات“.
لەبارەی ئەگەری هاوكاریكردنی نێوان تاقمێكی نێو یەكێتی و توركیاش لەم بۆردومانە، گوتی: ”نازانم تا چەند یەکێتی ئاگاداری بۆردومانەکەی تورکیا بووە، پێویستە یەکێتی خۆی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، بەڵام خەڵکی خاكفرۆش زۆرە و ئامادەن لەپێناو مشتێک پارەدا ھەموو شتێک بکەن، ڕەنگە خەڵکێکی خائین ئەو زانیارییانە بۆ تورکیا بگوازنەوە".
دانیشی بەوەدا نا كە ”لەناو شاری سلێمانی بە ئاشکرا میتی تورکیا ھەیە و خەڵکێکی زۆر كاریان بۆ دەكات و پێگەی خۆی بەهێز كردووە و لە بەرامبەریشدا یەکێتیش ھیچ ناكات".
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ محه‌مه‌د ئه‌مین پێنجوێنى، سیاسەتمەدار و كەسایەتیی نزیك لە پەكەكە، بۆ (باس‌نیوز) ڕەخنەی لە سیاسەتی ئێستای یەكێتی گرت و رای گەیان كە تا مام جەلال لە ژیاندا بوو، ”سیاسەتێكی عاقڵانە و واقیعییانەی پەیڕەو دەكرد، ده‌یتوانى دڵى توركه‌كان ڕ‌ازى بكات و ڕه‌چاوى بارودۆخى ئه‌و حزبانه‌ش بكات كه به (په‌كه‌كه) ناسراون، به‌ڵام له دواى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى بارودۆخى تێكچوو، دواتر سه‌ركردایه‌تییه‌كى نوێ هه‌ڵبژێردرا، ئێستا له‌سه‌ر داواكاریى توركیا، سه‌ركردایه‌تیی نوێى یه‌كێتى ڕێگرى له كاروچالاكیی ئه‌و هێز و گرووپانه دەكرێت كه سه‌ر به په‌كه‌كه‌ن".
پێنجوێنی باسیشی لەوە كرد كە ئێستا دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا ”بارەگایان هەیە“.
پێشتر لە ٢٣ی ١٠ی ٢٠١٩، پاش كوژرانی هەریەك لە دەمهات عەگید و جەمیل ئامەد، لە چیای گۆیژە لە نزیك ناوچەی دەباشانی شاری سلێمانی، د. فایەق گوڵپی، سەركردەی پێشووی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان (پەچەدەكە) كە باڵێكی سەر بە پەكەكەبوو، بە (باس‌نیوز)ی راگەیاندبوو: “ده‌بێت لەلایەن که‌سێک و لایه‌نێکەوە جاسوسی به‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌وه کرابێت، ئه‌گه‌رنا له شوێنێکی وا گشتی، فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکەوان ناتوانێت ئه‌و سه‌رکردانه بدۆزێته‌وه و په‌لاماریان بدات“.
ڕوونیشی کردەوە: “ئه‌مه یه‌که‌م جار نییه سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که له سلێمانی بکرێنه ئامانج، پێشووتر هه‌ریه‌که له سه‌رحه‌د ڤاسۆ و دیار غه‌ریب له رانییه و قه‌ڵادزێ و ئێستاش ده‌مهات عه‌گید و جه‌میل ئامه‌د به‌هه‌مان شێوه له‌م سنووره کراونه‌ته ئامانج و به‌هه‌مان میکانیزم”.
لەبارەی پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتیشەوە فایەق گوڵپی ڕای گەیاند، ئەو نازانێت پەیوەندییەکە لە چ ئاستێکدایە، بەڵام “په‌که‌که به‌شێوه‌یه‌کی گشتی چالاکی له سلێمانی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌بووه تائێستا برینداریان هه‌بێت یان نه‌خۆشیان هه‌بێت، ده‌هێنرێت بۆ سلێمانی چاره‌سه‌ر ده‌کرێن، هه‌ر ئه‌مه‌یان هه‌بووه، مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش سنووردار بکرێت”.
فایەق گوڵپی ئەو كاتە ئاشكرای كرد: “ئه‌و کادیرانه‌ی په‌که‌که له سنووری ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی نزیک ده‌بنه‌وه، له بازگه‌کانی یه‌کێتی تێدەپەڕن، پاش ماوه‌یه‌ک له‌لایه‌ن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیاوه ده‌کرێته ئامانج، واته ئه‌م په‌یوه‌ندییه هاوسه‌نگ نییه و له قازانجی تورکیا تەواو دەبێت”.
ئەم بۆردومانەی توركیا لە سنووری سلێمانی و بە پشتیوانیی لاهوور جەنگی لە كاتێكدایە كە ڕۆژی ٢١ی ٦ی ٢٠٢٠،جەمیل بایك، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بۆ میدیاكانی خۆی رای گەیاند كە ئەگەر كادیرەكانیان دەكرێنە ئامانج، بەهۆی هاوكاریی هەواڵگرییە و بە دیاریكراویش ناوی دەزگای زانیاری هێنا كە لاهوور جەنگی سەرپەرشتی دەكات، بەوەی هاوكاریی دەزگای میتی توركی دەكات.
وێنەی دەمهات عەگید و جەمیل ئامەد، دوو سەركردەی پەكەكە كە لە چیای گۆیژە لە ١٥ی ١٠ی ٢٠١٩ لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا كرانە ئامانج: