پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی... لە گرێی دەروونییەوە بۆ شکستپێهێنانی پرۆسەی سیاسی!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی... لە گرێی دەروونییەوە بۆ شکستپێهێنانی پرۆسەی سیاسی!

 

6

 

چیەتیی گوتاری پۆپۆلیستی

بەو پێیەی ئامانجی گوتاری پۆپۆلیستی وروژاندنی تووڕەیی و بێزاریی خەڵکی ڕەشۆک و کارکردنە لەسەر هەست و سۆزیان، بۆیە کاراکتەری پۆپۆلیست بەرمەبنای هەڵبەز و دابەزی بارودۆخ و هەلومەرجەکان، بەپێی سروشتی شوێنکات و بۆنەکان، هەروەها بە ڕەچاوکردنی ئاستی هۆشیاری و بارودۆخی دەروونیی وەرگرەکەی، ناوەڕۆک و پەیامەکانی ناو گوتارەکەی دادەڕێژێت، کە هەر ئەمەشە وا دەکات، ئەدگار و ڕووخسارەکانی گوتاری پۆپۆلیستی بەئاسانی بناسرێنەوە.


لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانەی سەرەوە، سەرکردەی پۆپۆلیست جاری وایە بە زمانێکی نەرم و نیان و ڕۆمانسی، هەیشە بە ڕیتمێکی توند و زبری شۆڕشگێڕانە، کەڕەتێک بە ڕووپۆشێکی فەلسەفی، یەکێکی تر بە هەناسەیەکی سیاسی، بڕێ کات بە کاوێژکردن لەسەر ڕووداوەکانی مێژوو، کاتێکی دیکە بە مەکرێکی ئەدیبانە، هەندێ جار پشووسوار و هەڵچوو، هەندێک جاریش هێمن و خامۆش، لە هەندێ دۆخ ڕاست و ڕاشکاو، لە هەندێکی تر دڕدۆنگ و پێچاوپێچ و…….هتد، گوتارەکەی ئاراستە دەکات.


ئەوەی لەنێو هەموو ئەم هەڵبەز و دابەزەدا خاڵی هاوبەشە ئەوەیە، کاراکتەری پۆپۆلیست وشە و چەمک و دەستەواژە و ڕستەی لێ نابڕێن، کە زۆر جار و لە زۆربەی شوێنکات و هەلومەرجەکاندا، هەمان کەرەستە، بەڵام بە داڕشتنەوەیەکی تر و لە قاڵبێکی دیکەی دەربڕیندا، ئەوەی پێی دەڵێن گەمەی زمانەوانی، بەکار دێنێتەوە.


دووبارەکردنەوە وەک چەکێکی کاریگەری گەوجاندن، توخمێکی گرنگ و سەرەکیی ناو گوتاری پۆپۆلیستییە، کە ئامانج لێی کاس و سڕکردنی مێگەلە. هاوکات درێژدادڕیی تاقەتپڕووکێن و بەکارهێنانی دەستەواژە و چەمکگەلی تەمومژاوی و ئاڵۆز، هەندێک جاریش زمانێکی بازاڕی و گاڵتەجاڕ و سادەگۆیی، لەگەڵ دووپاتەکردنەوەی ئەو دروشمانەی مێگەل دەخاتە جۆش و خرۆش، چەند توخم و ڕەگەزێکی دیکەی پێکهێنەری ئەو گوتارەن.


بەکورتی و بە کوردی: گوتاری پۆپۆلیستی گوتارێکە زۆر ناڕۆشن و سۆزدار، کەمتر عەقڵانی و لۆژیکی. گوتارێکە پتر وەهمی و خەیاڵی، کەمتر واقیعی و زانستی. گوتارێکە فێڵ و فریو، شوێنیان بە فیکر لەق کردووە. گوتارێکە ڕەنگاوڕەنگ بە خەون و موژدە، خاڵی لە ئەلتەرناتیڤی دۆخی باو و چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکان و…..هتد.

 

پۆپۆلیست بە ماسکی جیاوازەوە
ڕێکخراوی “هیومان ڕایتس وۆچ” لە ڕاپۆرتێکیدا بە ناونیشانی “زیاتربوونی مەترسیی مەیلی پۆپۆلیستی”، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات “مافەکانی مرۆڤ بە ئامانجی پاراستنی خەڵک لە دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی حکوومەتەکان هاتوونەتە ئارا…… کەچی هەنووکە نەوەیەک لە پۆپۆلیستەکان پەیدابوونە، ئەم پارێزگاری و پاراستنە سەراوژێر دەکەن. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە بە ناوی گەل قسە دەکەن، کەچی مافەکان وەک ئاستەنگ و لەمپەری بەردەم بەدیهاتنی ئیرادەی زۆرینە دەبینن. ئاستەنگێک، کە بۆ پاراستنی وڵات لە مەترسییەکان و خراپەکارییە چاوەڕوانکراوەکان، پێویست نییە”.


بەپێی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، پۆپۆلیستەکان و دیماگۆجییەکان، خەریکی گەرمکردنی بازاڕی بازرگانیکردن بە قسە و دروشمبازیین، لە ڕێگای گوتارە پۆپۆلیستەکانیان و لەمیانی بەلاغەتی زمان و یاریکردن بە وشە و لێکدانەوەی چەوت و چەوێڵ و خستنەڕووی چارەسەرە درۆیینە و فریودەر بۆ کێشەگەلێک، کە یەخەی کۆمەڵگاکانی گرتووە، کار بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین پشتگیری دەکەن.


ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و سەنگەربەندیی میدیا و ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و حکوومەتەکان دەکاتەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەوڵ و هەنگاوە مەترسیدار و نیازخراپیی و ویستە ترسناکانەی شەپۆلی نوێی پۆپۆلیست و دیماگۆجەکان و تیشک خستنە سەر ڕووی ڕاستەقینەیان و جەخت دەکاتەوە، کە “گەل دەبێ بچێتە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییە و سنووردانان لەبەردەم بڵاوبوونەوەی پۆپۆلیزم و پۆپۆلیستەکان، بەرپرسیارێتیی هەموومانە”.


بە هەرحاڵ، سەردەمەکە و شەپۆلی پۆپۆلیزم بەجۆرێکە، ئیدی لەوە دەرچووە تەنیا کایەی سیاسیی گرتبێتەوە. بەپێچەوانەوە، هەنووکە کۆی کایەکانی دیکەی ئایین، ڕۆشنبیری و میدیا بەدەست پۆپۆلیزمەوە گیریان خواردووە. گوتاری هەر یەکێکیش لەم کایانە، کە ئامانجەکەی فریوعەوامییە، دۆخی ناسەقامگیریی سیاسی، هەلومەرجی خراپی ئابووری، ژینگەی ئاڵۆز و پەشێوی کۆمەڵایەتییان قۆستووەتەوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگایانەوە لە یەک کاتدا دوو نیشان بە یەکەوە بپێکن. وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵک و دنەدان و ختووکەدانیان بۆ هەڵچوون و کەفوکوڵ و تەقینەوە، لەگەڵ خۆنمایشکردنیان وەک فریشەی چاکەکار و فریادەڕەسی کۆمەڵگا.


دەتوانین پۆپۆلسیتەکان وەک سەرکردە و کاراکتەر و بزووتنەوە و هێزگەلی هەلپەرست (بە بەرگی جیاوازی سیاسی، ئایینی و ڕۆشنبیری)، کە وەک قارچکی دوای هەورەتریشقە هەڵتۆقیو، لەناو ناجۆریی دۆخە سیاسی و هەلومەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا لەپڕ سەریان دەردێنن، بە چەند خەسڵەتێک بناسینەوە.


موژدەبەخشینەوە یەکێکە لە خەسڵەتە دیارەکانی کاراکتەری پۆپۆلیست، بۆیە شتێکی ئاساییە کاراکتەری پۆپۆلیست ببینین لە تریبۆنە جیاوازەکاندا و بە قۆستنەوەی هەموو دەرفەت و بۆنەیەک، بڵێت: ئێمە ڕزگارکەر و فریادڕەسی ئێوەین، موژدەی باشترین گوزەران و ئەوپەڕی خۆشبەختیمان بۆ ئێوە پێیە، بەڵێنی نەهێشتنی جیاکاریی و نایەکسانیتان پێ دەدەین، ڕەگی گەندەڵی و بێدادیی لە ڕیشەوە دەبڕینەوە، هەلی وەک یەکی کار و ژیان بۆ هەمووتان دەڕەخسێنین، بەشداریی سیاسیتان هەر بریتی نابێت لە دەنگدان، بەڵکوو لە داڕشتنی بڕیاریشدا هاوبەشیمان دەکەن، بەختەوەریی کۆمەڵایەتی، ئاسایش و دڵنیایی ئێوە، ئامانجی لەپێشینەی ئێمەیە و……!


تایبەتمەندییەکی دیکەی کاراکتەری پۆپۆلیست، نماییشکردن و نواندنی ساختەبازانەی سادەیی و خاکەراییە. ئەمەش دەکاتە چەک و تەڵە، ڕاوکردن و دەستەمۆکردنی مێگەل. لە ڕۆشناییدا سادە دەپۆشێت و سادە دەخوات، دەرگاکەی بە ڕووی هەموواندا دەکاتەوە و دڵی کەسیان لە خۆی ناکات. دانە ڕۆژێک شا و یەکێک گەدا، دانەڕۆژێک دەوڵەمەند، یەکێک هەژار، دانەڕۆژێک پیاوی ئایینی و یەکێک سەرخۆش و قومارچی، دانەڕۆژێک قورئانخوێن و یەکێک گۆرانیبێژ و لۆتی، دانەڕۆژێک ئاغا و یەکێک پاڵە، دانەڕۆژێک پیاوماقووڵ و یەکێک شەقاوە و…..هتد، دەبینێت.


خەسڵەتێکی تری پۆپۆلیست، سورپرایز و شۆککردنە. کاراکتەری پۆپۆلیست بۆ ئەوەی گوتارەکەی بگات و کاریگەریی خۆی جێ بهێڵێت، زۆر ئاساییە لەپڕ دانەڕۆژێک لەناو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی جەماوەری و دواتر لە گۆڕەپانێکی وەرزشی، لە دانەڕۆژێکدا لە هۆڵێکی بۆنە و زەماوەند و لە دانەڕۆژەکەی دیکەدا لە هۆڵێکی پرسە. دانەڕۆژێک لە تەکیە و خانەقایەک و ئەوەی تر لە باڕ و یانەیەک. دانەڕۆژێک لە دیوەخانێک و پاشان لەژێر ڕەشماڵی ڕەوەندێک. دانەڕۆژێک لەسەر مێزی بزنسمانێک و یەکێکی دی لەسەر سفرەی ماڵە هەژارێک. دانەڕۆژێک لەناو بازاڕ و دواتر لە باخچەیەکی گشتی و…. هتد، ببینیت (کاریزمای پۆپۆلیستمان لە هەرێمی کوردستان بینی، کە ڕۆژگارێکدا گەنجی کوردی فێری ئەوە دەکرد کتێبە ئایینییەکە بە پشتی حوشتر بنێرنەوە مەککە و مەدینە، کەچی دواتر قورئانی ماچ دەکرد و بەرماڵی بەسەر شانەوە بوو. سەرکردەی پۆپۆلیستی ئیسلامیشمان بینی، لە یەک کاتدا کارت و پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنی لە تەکیە و مزگەوت، باڕ و شوێنی مەیفرۆشیدا دەبەشییەوە!).


تایبەتمەندییەکی دیکەی کاراکتەر و سەرکردەی پۆپۆلیست، کارکردنی جیدییەتی بۆ قۆرخکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەو پێیەی میدیا ڕۆڵێکی گرنگ لە گەوجاندنی مێگەل و پشتکردن و ڕاهێنانیدا دەبینێت. هەروەها لەم ڕۆژگارەدا میدیا خێراترین ئامرازێکە، تا لە ڕێگایەوە لە لایەک گوتار و پەیامە ئایدیۆلۆژییەکەی خۆی بگەیەنێت، لە لایەکی دیکەشەوە وەک سەکۆیەک بۆ ناشیرینکردن و لەکەدارکردنی بەرامبەرە جیاوازەکانی بەکاریان بێنێت. لەمەشدا شەرم و باکی بەوە نییە، نەک هەر لە کەناڵەکانی خۆی، بەڵکوو ئەو پانتایی و بوارە ئازادییەی، کە میدیاکانی بەرامبەرە جیاوازەکانی بۆی دەڕخسێنن بقۆزێتەوە، تا لە ڕێگای دەمهەراش و تووتییەکانییەوە، تا ئاستی تۆمەتبارکردن بە ناپاک و سووکایەتی پێکردن، هێرشیان بکاتە سەر.


کاراکتەر و سەرکردەی پۆپۆلیست هەموو ئەمانە دەکات، بەڵام لەبیری دەچێت، کە (پیێر ئەندرێ تاگیف)ی توێژەری فەڕەنسی، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان دیماگۆجیەت و پۆپۆلیزمدا دەکات و هەر هەوڵێکیش بۆ هاوتاکردنیان، بە هەڵە و نەگونجاو وەسف دەکات. ئەم توێژەرە بە ڕوون و ڕاشکاوی جەخت لەسەر جیاوازیی نێوان هەردوو کائینەکە دەکات و دەڵێت: “کەسی دیماگۆجی بەرامبەرەکانی فریو دەدات، هەرچی کەسی پۆپۆلیستە، خودی خۆی دەخەڵەتێنێت”.