دۆخی کوردستان و دۆخی یەکێتی!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دۆخی کوردستان و دۆخی یەکێتی!

 

ساڵی دووهەزار و سێ وتاری ڕەخنەییم دەنووسی و تیایدا بە خاڵ باسی ئەو هەڵە و پەڵانەم کردووە کە لەو حزبەدا هەبوون و پێشبینی ئەو دۆخەشم کردبوو کە ئێستا تیایدان، لێکترازاو و پەرتەوازە و ناکۆک و ناتەبا لەگەڵ سێبەری خۆشیان.

لە دیدارێکی ڕێکەوتدا لەگەڵ مام جەلال بە ڕوویەکی خۆشەوە پێی گوتم ڕەخنەکانمی خوێندۆتەوە و ئەو سیفەتەی هەبوو لە ڕەخنە قەڵس نەدەبوو. بەڵام ئەوسا و ئێستاش کەس پێشنیاری باش بۆ بەرژەوەندی گشتی وەرناگرێت و هەر گاڵتەشی پێ دێت.

دۆخی کوردستان لە ئێستادا باش نییە، باش نەبوونەکەشی زۆر فاکتەری دەرەکی هەیە، بەڵام ناوەکییەکان گورزی کوشندە بوون و ینک لێیان بەرپرسیارە ، بە تایبەتی ینک ی پاش نەخۆشکەوتنی مام جەلال.

ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ڕوویدا، دۆخێک بوو یەکێتی بەسەر کوردستانیدا هێنا و لە نزیک لوتکەوە بەری دایەوە نێو دۆڵێک لە زەلکاو.

لەوساوە حکومەتی کوردستان ناچار بووە جار لە دوای جار تەنازولی زیاتر بۆ بەغدا بکات. بەغداش هەر ئەوەندەی ناوێت، بەڵکو دەیەوێت قەوارەیەک نەمێنێت ناوی هەرێمی کوردستان بێت.

یەکێتی پێی وایە بەم هەنگاوانە گورزی کوشندە لە پارتی وەشاندووە، بەڵام ڕاستییەکەی بۆ هەمووکەس ڕوونە کە گورزەکە لە پرسی کورد و لە کوردایەتی کەوتووە. پشتی کوردی پێ شکێنراوە.

ئەو مانۆڕە ناسیاسییە ڕقهەڵسێنانەی کە بە تایبەتی دوای گۆنگرەی ٤ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە باسی جیاکردنەوەی سلێمانی و ئازادکردنی ڕەوەداعشێکی دیل و هاندانی خەڵک بۆ داواکردنی ئەوەی مووچەی فەرمانبەران ڕاستەوخۆ بەغدا بیدات و لە ئێستاشدا داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هتد، هەموویان بۆ مەبەستێکی دیاریکراوە، ئەویش ئەوەیە کە سەرۆکی پدک بانگی هاوسەرۆکەکانی ینک بکات و ددانیان پێدا بنێت. ئەگەرچی پارتی پیرۆزبایی بۆ ناردن، بەڵام ئەوان دانپێدانانی خوودی بارزانی یان دەوێت چونکە دەزانن دانپێدانانی هیچ هێزێک وەک دانپێدانانی ئەو ڕەوایەتی نادات بە سەرۆکایەتییەکەیان.

پرسیارە جەوهەرییەکەش ئەوەیە، ئایا بارزانی، دەچێتە ژێر باری ئەو فشارانەو ددان بەواندا دەنێت؟!

ئەی ئاخۆ ئەوانیش هەر بەردەوام دەبن لەوەی دۆخی کوردستان بەرەو خراپ و خراپتر ببەن و خەڵک ماندووی نێو ئەو زەلکاوی سیاسەتە بکەن؟

ئەی تاکەی کورد دەبێ باجی ئەم ناکۆکیانە بدات و ببێتە قوربانی بیرکردنەوەی چەوت و هەڵە و پەڵەکان؟