بۆڵتۆن: ماکڕۆن تكای لە ترامپ کرد کوردەکان بە تەنیا جێنەهێڵێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆڵتۆن: ماکڕۆن تكای لە ترامپ کرد کوردەکان بە تەنیا جێنەهێڵێت

جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، کتێبێکی بە ناونیشانی (ئەو ژوورەی شتەکەی تێدا ڕوو دا) بڵاو کردووەتەوە کە چەندین زانیاری سەرنجڕاکێش لە بارەی دۆناڵد تڕامپ و ماوەی کارکردنی بۆڵتۆن لە کۆشکی سپی ئاشکرا دەکات.
لە چەندین بەشی کتێبەکە بۆڵتۆن باس لە کورد دەکات و ڕەخنەی زۆریش لە تڕامپ دەگرێت بۆ سیاسەتە هەڵەکانی لە هەمبەر کورد بە تایبەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.

بەشێکی بەرچاوی کتێبەکەی بۆڵتۆن تەرخان کراوە بە ڕۆژانەی کە تڕامپ تێیدا بڕیاری پاشەکشەی لەناکاوی هێزە ئەمریکییەکانی لە سووریا دەرکرد. وەک بۆڵتۆن دەگێڕێتەوە، بەشێک لە سەرۆکی وڵاتان و ژمارەیەکی بەرچاوی ئەفسەرە پایەبەرزەکانی سوپای ئەمریکا ئەم بڕیارەیان لا بڕیارێکی هەڵە بوو.

ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە کتێبەکەیدا بە دیاریکراوی باس لە پەیوەندی تەلەفۆنی ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لەگەڵ ترامپ دەکات. ئەو دەگێڕێتەوە کە ماکڕۆنی تكای زۆری لە تڕامپ کرد کە لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە و هۆشداری ئەوەی دا کە دەرئەنجامەکانی ئەم پاشەکشەیە دەکرێ کارەساتی گەورەی لێ بکەوێتەوە.

بەلام لە بەرامبەردا، وەک بۆڵتۆن دەڵێت، تڕامپ بە سەرۆکی فەڕەنسای گوتووە کە ژمارەیەکی کەمی چەکدارانی داعش ماون کە تورکیا و سوریا ئەوانیش لە ناو دەبەن. لە وەڵامدا ماکڕۆن جەختی کردووەتەوە کە تورکیا تەنها کێشەی لەگەڵ کورد هەیە و لێی بەدوور نییە لەگەڵ داعش سازش بکات و هەلەکە بقۆزێتەوە بۆ لەناوبردنی کورد.

بۆڵتن دەڵێت دواتر تڕامپ بە سەرۆکی فەڕەنسا گوتووە کە لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی دیراسەی زیاتری بابەتەکە دەکات. بەڵام هەر دوای تەلەفۆنەکە پێی ڕاگەیاندوون کە تیمی ئیدارەکەی، وەک وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوە و ڕاوێژاکاری ئاسایشی نیشتمانی، پەیوەندی بە هاوتا فەڕەنسییەکانیان بکەن و جەخت لەسەر بڕیارەکەی تڕامپ بکەنەوە.

شایانی باسە کە دۆناڵد تڕامپ داوای لە دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکا کردبوو ڕێگە نەدات کتێبەکەی بۆڵتۆن چاپ بکرێت بە بیانوو ئەوەی کە زانیاری هەستیاری تێدایە و زەرەر بە سیاسەتی ئەمریکا دەگەیەنێت، بەلام دادگا سەرەتای ئەم هەفتەیە داواکەی تڕامپی ڕەتکردەوە.