ئەمڕۆ لە ڕووسیا ریفراندۆم بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ لە ڕووسیا ریفراندۆم بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور دەکرێت

پۆتین ڕێگەی بۆ خۆش دەبێت تا ساڵی 2036 هەروەک سەرۆک بێت

ئەمڕۆ ٢٥ی حوزەیران گەلی رووسیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان و، دەنگ بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور دەدەن، لەو گۆڕانكارییەشدا ڤلادمیر پوتین سوودمەندی یەكەم دەبێت، چونكە رێگەی بۆ خۆش دەبێت تا ساڵی ٢٠٣٦ وەكوو سەرۆكی رووسیا بمێنێتەوە.

دەنگدان بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری رووسیا تا ١ی تەمووز بەردەوام دەبێت، ئەم ماوە زۆرەش كە بۆ دەنگدان دانراوە، هۆكارەكەی بوونی كۆرۆنایە لەو وڵاتەدا.

پوتین لە ٢٠٢٤ كۆتایی بە ماوەی سەرۆكایەتییەكەی دێت و ئیتر بۆی نییە ببێتەوە بە سەرۆكی رووسیا، بەڵام بە گوێرەی هەمواركردنەوەی دەستووری رووسیا كە ئەمڕۆ دەنگی بۆ دەدەن، پۆتین رێگەی بۆ خۆش دەبێت تا ١٦ ساڵی تر وەكوو سەرۆكی رووسیا بەردەوام بێت، واتە تا تەمەنی ٨٣ ساڵی، چونكە ئێستا تەمەنی پوتین ٦٧ ساڵە.

لە هەمواری دەستوورەكەدا هاتووە، دەسەڵاتی پەرلەمانی زیاد دەكرێت، بەوەی ئیدی سەرۆكی رووسیا لە پەرلەمانەوە دەسەڵاتی دەدرێتی و هەر پەرلەمانیشە ئەندامانی دادگای باڵا دادەمەزرێنێت، جگە لەوەش چەندین دەسەڵاتی تر كە پێشتر لای سەرۆكی رووسیا بوو و ئیتر دەدرێتەوە بە پەرلەمان.

یەكێكی‌تر لەو گۆڕانكارییانەی لە دەستوودا دەكرێت ئەوەیە، بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەن (پیاو و پیاو_ ئافرەت و ئافرەت) هاوسەرگیری بكەن، پێناسەی ژیانی هاوسەری تەنیا بۆ پیاو و ئافرەت دەبێت.

هەروەها بەنیازە مووچەی خانەنشینان زیاد بكەن و كەمترین مووچەی كرێكاریش زیاد دەكرێت.

بەشی تورکی ئاژانسی  (BBC)بڵاوی كردووەتەوە، پوتین یەكێكە لەو سەرۆكانەی لە سەدەی بیستدا بە بەهێزترین كەسایەتیی رووسیا دادەنرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ٢٠٢٤ بە هەموو شێوەیەك ماوەی سەرۆكایەتی كۆتایی پێ دێت و ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك و رێگەیەكی یاسایی ببێتەوە بە سەرۆكی رووسیا، بۆیە ڤالانتینا تەریشكۆڤا ئەندام پەرلەمانی رووسیا و نزیكی پوتین پێشنیاری بۆی كرد دەستوور هەموار بكاتەوە لە بەرژەوەندی خۆی تا بتوانێت تا ٢٠٣٦ وەكوو سەرۆك بمێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ پوتین توانی ٧٦٪ دەنگی گەلی رووسیا بەدەست بهێنێت.

بە گوێرەی زانیارییەكانی BBC گەلی رووسیا كێشەیان نییە لەوەی پوتین ببێتەوە بە سەرۆك، چونكە پێیانوایە تاكە كەسایەتییە بتوانێت رووبەڕووی ئەورووپا ببێتەوە.

دەبێت ئەوەش باس بكرێت، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش دوای ئەوەی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی توركیا نەما و ماوەی یاسایی كۆتایی هات، بووە سەركۆماری توركیا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پۆستی سەركۆماریی توركیا تەنیا رەمزی بوو و هیچ دەسەڵاتێكی نەبوو، بۆیە بڕیاری دا سیستەمی توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی بگۆرێت و سەركەوتووش بوو لە ٢٠١٨ لە ریفراندۆمێكدا دەستووری هەموار كردەوە.

بە گوێرەی دەستووری تازەش بێت، ئەردۆغان بۆی هەیە تا ١ ساڵیێتر وەكوو سەرۆكی توركیا بمێنێتەوە و هەموو دەسەڵاتێكی لەلای خۆی هێشتەوە.