دەیان كۆمپانیای گەورە دێنە هەرێمی كوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەیان كۆمپانیای گەورە دێنە هەرێمی كوردستان

 

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەکات کە دەیان كۆمپانیای گەورەی بیانی پڕۆژەی گەورە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن.

د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لەو ماوەیە 50 كۆمپانیای گەورە داواكارییان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی لە ھەرێمی كوردستان پێشكەش كردووە، ئەو پڕۆژانەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئابووریی ھەرێمی كوردستان دەبێت".

روونیشیكردەوە، لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بیانهێنن بۆ كوردستان، گوتیشی: "لە رێگەی ڤیدیۆوە كۆنفڕانسێكمان لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریكا و نوێنەرایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە واشنتن و كۆمەڵێك وەبەرھێنەری ئەمەریكی هەبوو، هەوڵ دەدەین بیانهێنین تاوەكوو پڕۆژەی گەورە بكەن".

لەو ماوەیەدا دەستەی وەبەرهێنان زیاتر لە هەزار پڕۆژەی وەبەرهێنانی راگەیاند و دەرفەتیش دراوە بە وەبەرهێنەرانی بیانی ئەو پڕۆژانە بگرنە ئەستۆ.

ئەوبەرپرسەی وەبەرهێنان گوتیشی: "سەرقاڵی ئاسانكارین بۆ كۆمپانیا بیانییەكان، بۆ ئەوەی كە ھاتن كەرەنتینە بكرێن و رێكارەكانی ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی جێبەجێ بكەین، رەزامەندییشمان وەرگرتووە و بە رەچاوكردنی رێنمایی تەندروستی سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن و دەست پڕۆژەكانیان دەكەن".

د. محەمەد شوكری، باوەڕی وایە لە رێگەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەتواندرێت دووبارە بوژانەوەی ئابووری لە كوردستان دروست بێتەوە.