كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پسپۆڕێکی ئابووریی عێراقی: نزیکەی 100 ملیار دۆلاری دەروازە سنوورییەکان دزراوە

"دوای کاتژمێر پێنجی ئێوارە، داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ لایەنە سیاسییەکانە"

پسپۆڕێکی ئابووریی عێراقی ئاشکرای دەکات، کە لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 100 ملیار دۆلاری داهاتی دەروازەکان، دزراوە.

عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، پسپۆڕی ئابووریی عێراقی رایگەیاندووە، داهاتەکان لە دەروازە سنوورییەکان بەشێکی گەورە لە داهاتی دەوڵەت پێک دەهێنن و دەتوانرێ لە چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، پشتی پێببەسترێ.

هەروەک ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز) بڵاوی کردووەتەوە، عەبدولڕەحمان مەشهەدانی هەروەها رایگەیاندووە، عێراق 22 دەروازەی وشکانی، ئاوی و ئاسمانی هەیە، بەڵام داهاتی ئەو دەروازانە بە تەواوی ناگەڕێندرێتەوە خەزێنەی دەوڵەت.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە ئاشکرای کردووە، کە کەمتر لە یەک لەسەر چواری داهاتی دەروازە سنوورییەکان گەڕێندراوەتەوە خەزێنەی دەوڵەت و  لە ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا نزیکەی 100 ملیار دۆلاری ئەو دەروازانە، بەهەدەر دراوە و دزراوە.

مەشهەدانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەشێک لە دەروازە سنوورییەکان کەوتوونەتە دەستی ئەو لایەنە سیاسییانەی هێزی چەکداریان هەیە و دوای کاتژمێر پێنج یان شەشی ئێوارە، داهاتەکانیان دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی ئەو لایەنە سیاسییانە.