كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئایا لیبیا دەبێتە بەرەیەكی گەورەی شەڕی نێوان فەڕەنسا و توركیا؟

ماوەیەك بەرلە ئێستا، دوو كەشتیی سەر بە فەڕەنسا و توركیا لە دەریای سپی رووبەڕووی یەكتری بوونەوە و كەمی مابوو شەڕ هەڵبگیرسێنن، ئەمەش وای كرد توركیا و فەڕەنسا پەیوەندیی نێوانیان لاواز بێت و هەڕەشە لە یەكتری بكەن. ماوەیەكی زۆرە لەبارەی گەڕان بە دوای گازی سروشتی لە دەریای سپی و كێشەی ناوخۆیی لیبیا، توركیا و فەڕەنسا ناكۆكن، لە تازەترین لێدوانیشدا ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا ئاماژەی دا رێگە نادەن توركیا ئەو رۆڵە گەورەیەی لە لیبیا هەبێت.

ناتۆ لێكۆڵینەوەی دەست پێ كردووە لەبارەی كێشەی دوو كەشتییەكەی نێوان توركیا و فەڕەنسا لە دەریای سپی، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەكەی ئاشكرا نەكراوە.

كێشەكە چۆن رووی دا؟

بە گوێرەی گوتەی بەرپرسانی فەڕەنسا، لە دەریای سپی و لە چوارچێوەی یاساكانی ناتۆدا كەشتییەكی توركی هاوكاریی كەشتییەكی تری دەكرد، كە چەكی بۆ لیبیا دەگواستەوە، بەڵام لەلایەن كەشتییەكی فەڕەنسییەوە فشاریان كراوەتە سەر. بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەوان،سێ جار بە رادار كەشتییە توركییەكەیان ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام ئەوان گوێیان پێ نەداوە و پەلاماری كەشتی فەڕەنسایان داوە، بۆیە لەسەر ئەو كردارە، فەڕەنسا لە ناتۆ داوای یاسایی لەدژی توركیا تۆمار كردووە.

ئاژانسی (BBC)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، كە وەزیری بەرگریی فەڕەنسا وەكوو هەڕەشەیەك بۆ توركیا لەناو پەرلەمانی فەڕەنسا قسەی كردووە و، گوتوویەتی ئەمە بابەتێكی جیدییە و توركیا زیاد لە پێویست سنووری خۆی بەزاندووە.

مەولوود چاوشئۆغڵو قسەی بۆ میدیاكانی جیهانی كردووە و، دەڵێت لەوەتەی توركیا ئۆپەراسیۆنی بۆ رۆژئاوای كوردستان دەست پێ كرد و توانیمان لە ئۆپەراسیۆنی (كانی ئاشتی) سەر بكەوین، فەڕەنسا شێواوە و نازانێت چی بەرامبەر بە توركیا بكات.

(BBC) قسەكانی چاوشئۆغڵوی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: "ئەوان دەیانەوێت بزانن ئەو كەشتییەی ئێمە چی پێ بووە كاتێك بەرەو لیبیا بەڕێ كەوتووە، ئێمە لەوێ كەشتیمان هەیە، بۆیە ئەگەر هاوپەیمانێكمان لە ناتۆ بەو شێوەیە هەڵسوكەوت بكات وەڵامی دەدەینەوە".

لە ٢٠١٦ ەوە فەڕەنسا بنكەی سەربازی لە لیبیا هەیە، ئەمەش دوای ئەوەی ئاشكرا بوو كە هەلیكۆپتەرێكی فەڕەنسی كەوتە خوارەوە و سێ سەربازیان كوژرا، ئیدی فەڕەنسا دانی بەوەدا نا كە سەربازی لە لیبیا هەیە، گوتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان لەوێن.

بەڵام كاتێك توركیا رێككەوتنی لەگەڵ حكوومەتی سەراجدا كرد، كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ناسێنراوە وەكوو سەرۆك وەزیرانی لیبیا، ئیدی هاوكێشەی هێز لە لیبیا گۆڕانی بەسەردا هات و توركیا بووە ئەكتەرێكی گەورە و سەرەكی لیبیا.

فەڕەنسا پاڵپشتی لە خەلیفە حەفتەر دەكات، كە توركیاش هەموو هەوڵێك دەدات تا حەفتەر بە تەواوی لە لیبیا لەناو ببات، ناكۆكیی فەڕەنسا و توركیاش لە لیبیا لە بنەڕەتدا هەر پەیوەندیی بە دەریای سپییەوە هەیە.

توركیا لەگەڵ حكوومەتی دانپێدانراوی لیبیا رێك كەوتووە، كە لە دەریای سپی بە دوای گازی سروشتیدا بكەڕێن و ئیدی توركیاش بەشی لە دەریای سپیدا هەبێت، خەلیفە حەفتەریش كە بەشێكی گەورەی خاكی لیبیای لەژێر دەستە، دژی ئەو رێككەوتنەیە و دەڵێت كاتێك تەرابلوسم كۆنتڕۆڵ كرد، توركیا لە لیبیا دەردەكەم و رێككەوتنەكەش لەناو دەبەن.

هەربۆیە فەڕەنسا پشتگیری لە حەفتەر دەكات و دژی حكوومەتی سەراج و توركیایە، بەڵام ئێستا توركیا رۆڵێكی زۆر گەورەی لە لیبیا هەیە، تەرابلووس لەژێر مەترسیی حەفتەردا نەماوە و هێزەكانی توركیا توانیان٧٠ كیلۆمەتر هێزەكانی حەفتەر لە تەرابلووس دوور بخەنەوە.

چاوەڕوان دەكرێت كێشەی نێوان فەڕەنسا و توركیا لەبارەی لیبیا و دەریای سپی زیاتر قووڵ بێتەوە و دووریش نییە لە لیبیا لەڕووی سەربازییەوە رووبەڕووی یەكتری ببنەوە.