كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

نرخی دۆلار لە ئێران گەیشتە 20 هەزار تمەن

ڕۆژە لەدوای ڕۆژ ڕەوشی ئابووریی ئیران خراپتر دەبێت و نرخی زێڕ و دراوە بیانییەکان زیاتر دەبن و ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی ئیران هەر دۆلارێکی ئەمریکی بە 20 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کراوە.

هەندێ سەرچاوەی دیکەش باسیان لەوە کردووە کەلە هەندێ شوێنی بازاری تاران هەر سەد دۆلاری ئەمریکی بە یەک ملیۆن و 990 هەزار تمەن و لە زۆر سوێنیش بە دوو ملیۆن ئاڵووێری پێوە کراوە.

هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران، هەر ئەمڕۆ سکەی زێڕ بە هەشت ملیۆن و 350 هەزار تمەن فرۆشراوە کە ئەم ژمارانە لە سەرەتای ئەم مانگەدا نیشانەی شکانی ڕیکۆردی نوێن لە بازاری ئابووریی ئێران.

هەڵکشانی نرخی دۆلار و زێڕە و دراوە بیانییەکان لە بازاری ئێران لە کاتێکدایە کە ئەندامێکی کۆمیسۆنی ئابووریی پەرلەمانی ئێران بە ماڵپەڕی (ئیسنا)ی ڕاگەیاندووە لەبارەی ڕەوشی ناجێگری ئابووریی ئێرانەوە سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران و وەزیری ئابووریی حەسەن ڕۆحانی بانگهێستی پەرلەمان کراون.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکی سزادان لەلایەن ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکییەوە لەدژی ئێران، ئەم بڕیارە کاریگەریی زۆری لەسەر چوونە سەری دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە و خراپبوونی بازاڕی ئابووریی ئێران داناوە.