پێشانگای شێوەکاریی هونەرمەند بەهرام حاجۆ لە پۆڵه‌ندا بەڕێوە دەچێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پێشانگای شێوەکاریی هونەرمەند بەهرام حاجۆ لە پۆڵه‌ندا بەڕێوە دەچێت


ڕۆژی 2020/6/23 پێشانگای بەهرام حاجۆ، هونەرمەندی ناوداری کوردستانی ڕۆژئاوا لە شاری کڕاکۆڤی پۆڵه‌ندا بەڕێوە دەچێت، لەم پێشانگایەدا 30 تابلۆ نمایش دەکرێن، زیاد ڕەئووف، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی سەندیکای هونەرمەندانی پۆڵه‌ندا، لقی کڕاکۆڤ، ڕێکخەری ئەم پێشانگایەن.

بەهرام حاجۆ لەسەر شێوازی فیگه‌راتیڤ کار دەکات و لە تابلۆکانیدا زیاتر دوو فیگه‌رى ژن و پیاو دیارە و باسی پەیوەندی و دیالۆگی نێوان ژن و پیاو دەکات، لە بەشێک لە تابلۆکانیشیدا کارەساتی ئەنفال پێشان دراوە.

زیاد ڕەئووف، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵه‌ندا، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئامانجی ئێمە ئەوەیە، دیوە جوانەکانی کورد زیاتر بە وڵاتان بناسێنین و خزمەت بە هونەری کوردی بکەین، بەهرام حاجۆ یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە بێ جیاوازی، پارچەکانی کوردستان پێویستە خزمەت بە هونەرەکەی بکەین، هەر وەکوو ئەو بە هونەرەکەی خزمەتی بۆ کورد کردووە”.

بەهرام حاجۆ هونەرمەندی ناوداری کوردستانی ڕۆژئاوایە، لەناو هونەرمەندانی ئەورووپا ناوێکی دیاری هەیە و جێگەی سەرنجی ڕەخنەگرانی هونەری شێوەکارییە.

کورتەیەک دەربارەی بەهرام حاجۆ

ساڵی 1952 لە (گرێ سپی) لەدایک بووە، لە تەمەنی 20 ساڵیدا زێدی خۆی جێ هێشتووه‌ و ڕووى كردووه‌ته‌ بەغدا بۆ خوێندن لە ئه‌کادیمیای هونەرەجوانەکان، دواتر لە 1974 ڕوو كردووه‌ته‌وه‌ ئەڵمانیا بۆ تەواوکردنی خوێندن، خولیا و خۆشەویستیی بۆ کاری هێڵکاری، وای لێ کرد ئەرکیۆلۆجیش بخوێنێ.

پاشان لە ساڵی 1990ەوە وەک شێوەکارێک دەستی بە کار کردووە. کۆمەڵی پێشانگەی تایبەتی لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا، سووریا، ئەمەریکا و چه‌ند وڵاتێكى دیكه‌ کردووەتەوە.

هەروەها لە گەلەرییەکی تایبەتمەندی پاریس کارەکانی پیشان داوە. یەکەم پێشانگای لە ساڵی 1983 لە ئەڵمانیا بووە، پاشان لە ئینگلتەرا و هەنگاریا و نیۆیۆرک و..... تا ئێستا کۆمەڵێکی زۆر لە تابلۆکانی فرۆشراون، چوون ناوێکی دیارە.

کارەکانی دیوی ناوەوەی سروشت و مرۆڤ بە ستایلێکی تایبەت بە خۆی پیشان دەدات، کە ئازادییەکی ڕەهای بە خۆی داوە. هەروەها مۆتیڤەکانی (بابەتی کارەکانی) بریتین لە چیرۆکی جوانی، خۆشەویستی، ترس، تەنیایی، نیگەرانی و نهێنییەکان، جا هی خۆی بێ یا ئەوانی دیكه‌، لە ئەڵمانیادا بە شێوەکارێکی دەربڕینی مۆدێرن دەناسرێ.