په‌رله‌مانتارێکی گۆڕان: بەڕێوەبەری ئاسایشی یەكێتی هەیە ڕۆژانە لە مەرزەكان 100 هەزار دۆلار وەردەگرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

په‌رله‌مانتارێکی گۆڕان: بەڕێوەبەری ئاسایشی یەكێتی هەیە ڕۆژانە لە مەرزەكان 100 هەزار دۆلار وەردەگرێ

"هێزێكی حزبی لە مەرزەكانن و بە ئۆتۆمبێلی سەر بە ئیداره‌ی گشتیی یەكێتی هێلكەی قاچاخیان هێناوە"

ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لەمیانی دیمانەیەكیدا لەگەڵ (باسنیوز)، چەند زانیارییەكی نهێنی لەبارەی كارە نایاساییەكانی لاهوور جەنگی، هاوسەرۆك و سەردەستەی خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرا دەكات، ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو دیمانەیەیە:

باسنیوز: هه‌ڤاڵ ئه‌بووبه‌كر پارێزگاری سلێمانی، سه‌ردانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی و رێكخه‌ری گشتیی گۆڕانی كردووه‌ كه‌ گوایه‌ هه‌وڵ ده‌دات گرفتی گۆڕان و یه‌كێتی له‌ ئیداره‌ی سلێمانی چاره‌سه‌ر بكات، ئێوه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ چۆن ده‌بینن؟

رزگار محه‌مه‌د: دوو هه‌فته‌ پێش ئێستا كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ خانه‌ی ڕاپەڕاندن كردووە، باسمان له ‌زۆر شت كردووه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ نزیكبوونه‌وه‌ له ‌یه‌كێتی بووە، من خۆم له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ گوتم ئه‌گه‌ر نزیكبوونه‌وه‌ له‌ یه‌كێتی وه‌ك رابردوو بێت، باش نییه‌، پێشووتر زۆر نزیكبوونه‌وه‌مان هەبووە، بەڵام له‌ قازانجی گۆڕان نه‌بووه‌، ئێستاش پۆستی خۆجێییمان له‌ سلێمانی وه‌رنه‌گرتووه‌، له‌كاتێكدا گۆڕان هێزی یه‌كه‌م بووه‌ له‌و سنووره‌، به‌تایبه‌ت له‌ گه‌رمیان پۆستی زۆرمان هه‌بووه‌، به‌ڵام یه‌كێتی نامانداتێ، له‌وانه‌ جێگری ئیداره‌ی گه‌رمیان، بەڕێوەبەری په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان‌، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی گه‌رمیان. چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌مان كردووه‌، بەڵام به‌داخه‌وه‌ به‌كاریان هێناوین، هەر كه‌ مه‌رامیان هاته ‌دی، ئیدی گوێ بەو پرسانە نادەن كە لەسەری رێك كەوتووین. رێككه‌وتنی سیاسیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هه‌بووه‌، جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، رێككه‌وتنی خۆجێیی جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرۆژه‌ی په‌رله‌مان تا نیوه‌ی رێگا له‌گه‌ڵ گۆڕان بوون، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌ی راپه‌راندن باس كراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بۆ ئامانجی خۆی به‌كارمان بهێنێت، باش نییه‌ له‌گه‌ڵیان ڕێك بكەوین.

باسنیوز: ئەمە مانای وایە كە متمانەتان بە یەكێتی نەماوە؟

رزگار محه‌مه‌د: به ‌راشكاوانه‌ قسه كه‌م، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ گوتم ده‌بێت خانه‌ی راپه‌راندن و ئۆرگانه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر به ‌وریاییه‌وه‌ بڕیار بده‌ن، وه‌ك جارانی پێشوو نه‌كه‌ن، كاتی خۆی مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان مابوون، رێككه‌وتنیان كرد، جێبەجێ نەكرا، ئاخۆ ئێستا به‌ئاسانی جێبەجێ دەكرێت؟

باسنیوز: هەندێك دەڵێن كە نەوشیروان مستەفاش لە كۆتایی تەمەنیدا لەوە بێ هیوا بووە یەكێتی حزبی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی بێت؟

رزگار محه‌مه‌د: كاتی خۆی كه‌ رێككه‌وتنی ده‌باشان كرا، كاك نه‌وشیروان گوتی: (حیكمه‌ت له ‌جێبه‌جێكردنیدایه‌)، ئه‌م قسه‌یه‌ زۆر بوو، خۆی پێشبینیی ده‌كرد چی روو ده‌دات و مێشكی ئه‌وانه‌شی خوێندبووه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و قسه‌یەی كرد. هەروەك ئەو گوتی، ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا. له‌ كۆتایی ته‌مه‌نیدا كاك نه‌وشیروان بێ هیوا بوو له‌ یه‌كێتی، به ‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵێك كه‌سی نێو یەكێتی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له ‌پێش هه‌موو شت دانابوو، دوای كاك نه‌وشیروانیش زۆر له ‌سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ویستیان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام ئه‌وان نه‌هاتنه‌ پێش، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان خۆیان گرفتی ناوخۆییان هه‌بوو، نه‌ده‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و موماتەڵەیان ده‌كرد به‌ كۆبوونەوەكانەوە، بۆیه‌ كاك نه‌وشیروان بێ ئومێد بوو و دوای كاك نه‌وشیروانیش ئێستا خانه‌ی راپه‌راندن بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كە یه‌كێتی نیه‌تی پاك نییه لەگەڵ گۆڕان‌، كۆمه‌ڵێك كەس له‌ناو یه‌كێتی به‌رژه‌وه‌ندییان خستووه‌ته‌ پێش هەموو شتێكەوە‌.

باسنیوز: گله‌یی له‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بووبه‌كر ده‌كرێت به‌وه‌ی یه‌كێتی فشاری له‌سه‌ر ده‌كات وه‌ك كارتێك بەكاری دەهێنێت، چاوپۆشی له‌ گه‌نده‌ڵیی مه‌رزه‌كان ده‌كرێت، گۆڕان لەمبارەیەوە چی ده‌ڵێت؟

رزگار محه‌مه‌د: به‌داخه‌وه‌ نیه‌تپاكی نییه‌، له‌نێو كۆبوونه‌وه‌كان باسمان كردووه‌، غه‌در له‌ گۆڕان ده‌كرێت، هێزی گۆڕان له‌م سنووره‌ یه‌كه‌م بووه‌‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا قائیمقام و بەڕێوەبەری گشتیمان هه‌یه‌ و پارێزگارمان هه‌یه‌، رێگری دروست ده‌كه‌ن، چاوبه‌ستمان ده‌كه‌ن، كاره‌كانی قایمقام و پارێزگار و بەڕێوەبەری ناحیه‌كان گرفتیان بۆ دروست ده‌كه‌ن. من نموونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ئه‌ندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (محه‌مه‌دی شێخ و كه‌ریم عه‌لی) چووینه‌ مه‌رزه‌كان‌، ئه‌وه‌ی له‌وێ روو ده‌دات له‌ مه‌رزه‌كان له ‌سه‌رده‌می به‌ره‌ی كوردستانییشدا نه‌بووه‌، خه‌ڵك هه‌یه‌ بەڕێوەبەری ئاسایشی یه‌كێتییه‌، هه‌موو رۆژێك 10 ده‌فته‌ر دۆلار له‌ گواستنەوەی سووتەمەنی و به‌نزین وه‌رده‌گرێت، چاره‌سه‌ریان نییه‌ بۆ زانیاریتان. سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هەموو بەڵگەكانی داوەتە ئەنجوومەنی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌موو لایه‌كمان ئاگادار كردووەتەوە.

باسنیوز: كەواتە چاره‌سه‌ر چییه‌ بە ڕای ئێوە؟

رزگار محه‌مه‌د- قسه‌مان له‌گه‌ڵ سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، پارێزگاری سلێمانییش بێ ده‌نگ نییه‌، بەڵام چاره ‌چییه‌؟ كاكه‌ قاچاخی ده‌كرێت به ‌جگه‌ری ئاژەڵ، هێلكه‌، مه‌وادی به‌نزین، هەموو ئەمانە له ‌مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كانه‌وه‌ قاچاخییان پێوە ده‌كرێت. من سێ خاڵی پشكنینم كردووه‌ له‌ سلێمانی (كۆمپانیای -ل-) له‌و مه‌رزانه‌ی سنووری سلێمانی و ئیداره‌ی یه‌كێتی پەنجا ملیۆنی هه‌یه‌، پاككەرەوە دانراوه‌ بۆ ته‌عقیمكردنی ئۆتۆمبێل، رۆژانه‌ هەزار ئۆتۆمبێل تێدەپەڕێت و پاك دەكرێتەوە، له‌ كاتی چوون و هاتن پاره‌یان لێ وه‌رده‌گیرێت، له‌ هه‌ر ئۆتۆمبێلێك 25 دۆلاره‌ و حیسابمان كردووه‌ بۆ هەزار ئۆتۆمبێل‌، 12 ده‌فته‌ر دۆلار وه‌رده‌گیرێت رۆژانه. له‌ خاڵێكی دیكه‌ مه‌وادی به‌نزین هاتوچۆی پێ ده‌كرێت داهاتەكەی رۆژانه‌ خۆی له‌ 10 ده‌فته‌ری دۆلار ده‌بینێته‌وه‌، بۆ زانیاریتان ئه‌م پارانه‌ شه‌خس دەیانبات، ئه‌م پارانه‌ رۆژانه‌ بچێته‌ خەزێنەی حكوومه‌ته‌وه‌ گرفتی مووچه‌ و خزمه‌تگوزاری نامێنێت، به‌لام ئه‌وه‌ی ده‌كرێت تاڵانكردنه‌ و شه‌خس هه‌یه‌ به‌قه‌د حكوومه‌ت ده‌وڵه‌مه‌نده‌، كەچی‌ حكوومه‌ت هیچی نییه‌.

باسنیوز: له ‌چه‌ند ده‌روازه‌وه‌ ئه‌مه‌ كراوه‌؟

رزگار محه‌مه‌د: ئه‌مه‌ی بۆم باس كردن یه‌ك ده‌روازه‌یه‌ له‌ باشماخ، شوێنه‌كانی دیكه‌ پشته و تەوێڵەمان هه‌یه، لاوه‌كین، ئه‌مانه‌ كاره‌ساتن، خه‌ڵك دانراوه‌ به‌ قه‌پان وه‌سڵ ده‌كات بۆ ئۆتۆمبێل، وه‌سڵه‌كه‌ به‌س له‌وێ ده‌یخوات، واتە كلاواته‌، سوێند به‌خوا ئه‌وه‌ی له‌وێ ده‌كرێت، ئابڕووچوونێكی گه‌وره‌یه. بۆیه‌ ئێمه‌ بێ ده‌نگ نابین، له‌گه‌ڵ پارتی هەشت جار كۆبوونه‌وه‌مان كردووه‌، كۆبوونه‌وه‌ هه‌بووه‌ سێ سەعات زیاتر بووه‌، دانیشته‌كان جه‌ختكردنه‌وه‌ بووه‌ له‌ چاكسازی، پێمان گوتوون ئه‌گه‌ر چاكسازی ده‌كه‌ن، به‌شدار ده‌بین له‌ حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر نایكه‌ن، ده‌كشێینه‌وه‌، پارتیش به‌ سنگی فراوانه‌وه‌ هاتووەتە پێشەوە، گوتوویەتی به‌ڵێ ئامانجمان چاكسازییه‌، بۆیه‌ گۆڕان بێده‌نگ نه‌بووه‌ و به‌ڵگه‌كانمان داوه‌ته‌ حكوومه‌ت كه‌ تاڵانی هه‌یه‌، به‌ڵام رێگری هه‌یه‌ له‌ چاكسازییه‌كه‌، رێگرییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه یاسای چاكسازی له ‌په‌رله‌مان ده‌رچووه‌، خه‌ڵك ده‌ناسم به ژیانی وه‌زیر نه‌بووه‌، كەچی كراوه‌ته‌ وه‌زیر و ئامر لیوا، ده‌یان خه‌ڵك بندیواره‌، به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاته‌، لێره‌ مووچه‌ی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر یاساكە جێبەجێ بكرێت، داهات بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە.

باسنیوز: گۆڕان چۆن لە پشتیوانیكردنی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وەزیری دارایی و ئابووری دەڕوانێت؟

رزگار محه‌مه‌د: وه‌زیری دارایی بڕیاری ده‌ركردووه‌ بۆ مه‌رزه‌كان و خه‌ریكە چاكسازی ده‌كرێت له‌ مه‌رزه‌كان، حكوومه‌ت و سه‌رۆكی حكوومه‌ت پشتیوانی له‌ وه‌زیری دارایی ده‌كەن. سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران گوتوویەتی وه‌رن با دانیشین و ئه‌م دزی و قاچاخچێتییە‌ نەمێنێت، ئێمه‌ش ئاماده‌ین، به‌ڵام رێگری هه‌یه‌ و رێگرییه‌كان ماددی و سه‌ربازین و ده‌كرێت لایه‌نە به‌شداره‌كان له‌ حكوومه‌تدا، به ‌نیه‌تی دیكه‌ نه‌یه‌نه‌ پێشه‌وه‌، به ‌نیه‌تی چاكسازی بێنە پێشه‌وه‌، پارتی ده‌ڵێت ئه‌وه‌ چاكسازی ده‌كه‌ین و ئێمه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی خانه‌ی ڕاپەڕاندن گوتمان كاكه‌ با ئاشكرای بكه‌ین كه‌ كێن ئه‌وانه‌ی رێگری ده‌كه‌ن؟ ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌ دیاری بكرێت، وه‌زیره‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران قسه‌ بكه‌ن.

باسنیوز: باس له‌وه‌ ده‌كرێت هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی ده‌سه‌ڵاتی له‌و مه‌رزانه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وان تەحەكومی پێوه‌ ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌ت لاهوور جه‌نگی؟

رزگار محه‌مه‌د: به‌ڵێ باش ده‌زانین له‌و سنووره‌ قاچاغخچێتی ده‌كرێت.

باسنیوز: دەگوترێ هێز بردراوەتە ئەو مەرزانە، زانیاریتان لەبارەوە هەیە؟

رزگار محه‌مه‌د: ئه‌وه‌ روونه‌، هەموو كەس ده‌یبینێت، هه‌ردوو ئه‌ندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی زانیارییان پێ داین، هێلكه‌ هاتووە‌ته‌ ژووره‌وه‌ و گیراوه،‌ لێژنه‌ی قایمقامیەت گرتوویه‌تی، دوایی به‌دواداچوونمان كرد، ئۆتۆمبێلەكە‌ براوه‌ته‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی حیجزی كه‌لار له ساحه‌كه راگیراوە، دواتر ته‌له‌فۆنیان كردبوو گوتبوویان ئه‌و ئۆتۆمبێلەی‌ كه‌ هێلكه‌كه‌ی پێ بووه‌، هی ئیداره‌ی گشتییه‌ و با بڕوات؟ یانی به‌ ئۆتۆمبێلی ئیداره‌ی گشتی، هێلكه‌ی قاچاخ هاتووه‌ته‌ ژووره‌وه‌ و به ‌زه‌بری هێز گوتبوویان ئه‌وه‌ ئه‌مره‌ و با بڕوات.

باسنیوز: هێزی تایبه‌تیی لاهوور جه‌نگی له‌وێیه‌؟

رزگار محه‌مه‌د: دیاره‌ ئه‌و هێزه‌ له ‌كوێ دانراون، ئه‌و هێزانه‌ بۆ ئه‌وه‌ هێنراونه‌ته‌ مه‌رزه‌كانی سلێمانی پارێزگاری له‌ قاچاخچییه‌كانی هێلكه‌ و مه‌واده‌كانی دیكه‌ بكه‌ن، هێزی زیاتر هاتووه‌ و خۆمان بینیمان هێز له‌ مه‌رزه‌كان دانراوه‌، به‌تایبه‌ت پێنجوێن.

باسنیوز: مەبەستت ئەوەیە ئه‌و هێزه‌ فه‌رمان له‌ هاوسه‌رۆكی یەكێتی وه‌رده‌گرێت؟

رزگار محمه‌د: به‌دڵنیاییه‌وه‌ خۆ ئه‌و هێزه‌ سه‌ر به‌ وەزارەتی پێشمه‌رگه‌ نییه‌، سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ نییه‌، نازانم چۆن ئه‌و هێزه‌ هاتوون به‌بێ ئاگاداریی حكوومه‌ت.