دوای شەش مانگ لە پەتایەکە.. ئایا زانایان لە سەرکەوتن بەسەر کۆڕۆنا نزیک بوونەتەوە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دوای شەش مانگ لە پەتایەکە.. ئایا زانایان لە سەرکەوتن بەسەر کۆڕۆنا نزیک بوونەتەوە؟

لە ماوەی شەش مانگدا، کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە و ملیۆنان کەسی تووش کردووە و سەدان هەزار کەسیشی کوشتووە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی ئەو هەموو کاتە، زاناکان سەبارەت بەم پەتایە گەیشتوونەتە چی؟ ئەی دەرفەتی گەیشتن بە پێکوتەیەک بەر لە کۆتایی ئەم ساڵە هەیە؟

لە کانوونی یەکەمی 2019، لە وۆهانی چینەوە، ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە جیهاندا بڵاو بووەوە و تا ئێستا نزیکەی 7 ملیۆن و 895 کەسی تووش کردووە و نزیکەی 433 هەزاریشی کوشتووە، بەمەش بووە بە خراپترین کارەساتێک، کە لە مێژووی نوێدا لە هەسارەی زەویی دابێت.
لەکاتێکدا توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پەتایەکە، یان تەنانەت بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی مردووان دەکرێن، ئەگەرچی رێژەکەیان لە 1%ی تێکڕای تووشبووانیشی تێنەپەڕاندووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا مانای ئەوەیە، کە سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەست دەدەن.
لەگەڵ دەسپێکی دەرکەوتنی نەخۆشییەکە، زاناکان ئامادەی مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسێکی وەک کۆڕۆنا نەبوون، ژمارەیەکی زۆری نەخۆش روویان کردە نەخۆشخانەکان، کە پێشتر نموونەی نەبوو، تیمە پزیشکییەکانیش لە سەرانسەری جیهان بەدەست کەمیی زانیاریی پێویست سەبارەت بە ڤایرۆسەکە و کەمیی پێداویستیی پزیشکیی دەیانناڵاند.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، زاناکان وێنەیەکی روونتریان لەسەر دۆخی کۆڕۆنا دەست کەوت، لە گرنگترین ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە پەتایەکە پێی گەیشتن ئەمانە بوون:

- ئەوانەی زۆرترین ئەگەری تووشبوونیان هەیە:
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید- 19 لە جیهاندا، دەرکەوت، کە بەساڵاچووان زۆرترین ئەگەری تووشبوونیان بە کۆڕۆنا هەیە و تووشبوونەکەشیان چەند جار زیاد دەکات، ئەگەر نەخۆشیی دڵ، گورچیلە و سییەکانیان هەبێ.

مارک وۆلهاوس، مامۆستای نەخۆشییە گوزراوەکان و پەتایەکان لە زانکۆی ئەدنبرە دەڵێت، “رێژەی مردن بە کۆڕۆنا لەوانەی لە 75 ساڵی بەسەرەوەن، 10 هەزار جار زیاترە لە رێژەی ئەو تووشبووانەی تەمەنیان 15 ساڵە”.

گوتیشی: “گرفتی پەیوەست بە کاریگەریی نەخۆشیی لەسەر پێگەیشتووان لە تەمەنی تووشبووانی 50 ساڵی دەست پێدەکات، لەگەڵ زیادبوونی هەر ساڵێک لە تەمەنەکە، بەشێوەیەکی گەورە زیاد دەبێت. ئەمەش مانای وایە، رێژەیەکی زۆر لە خەڵک- ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 75 ساڵییەوەیە- پێویستیان بە بەرگریی هەیە لەم ڤایرۆسە، چونکە ئاکامەکەی زۆر مەترسیدارە”.

- پشکنینەکان:
لەسایەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون، وای پێویست کرد، کە رێگای خێرا بۆ جیاکردنەوەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ئەوانەی بەرکەوتەیانن بدۆزرێتەوە، بەتایبەتی، کە زۆر لە تووشبووان هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرنەدەکەوت.

زاناکان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات گەیشتنە رێگای پشکنینی ورد و خێراتر. شارەزایانی بواری تەندروستی جەخت لەسەر گرنگیی پشکنینەکان دەکەنەوە، داواش لە حکوومەتەکان دەکەن، بە شێوەیەکی بەرفراوان جێبەجێی بکەن، بۆ ئەوەی دەربارەی تەمەن و رەگەز و پێکهاتەکان و ئەو ناوچانەی تێیدا بڵاو بوونەتەوە، بگەن بە زانیاریی زیاتر.

سەرباری ئەو توێژینەوە بەردەوامانەی لە 6 مانگدا لە سەرانسەری جیهاندا سەبارەت بە تێگەیشتن لە سروشتی ڤایرۆسەکە و هەوڵی گەیشتن بە چارەسەرێک دەدرێن، کەچی هێشتا زۆر پرسیار هەن، کە زانست نەیتوانیوە بگات بە وەڵامەکەیان، گرنگترین ئەو خاڵانەش، کە پسپۆرانی تەندروستی سەرسام کردووە، ئەمانەن:
- بەرگری و دژە تەنەکان
لاشەی ئەوانەی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا چاک دەبنەوە، دژەتەن دروست دەکەن و وایان لێ دەکات لە تووشبوونی دووبارە پارێزراو بن، بەڵام “ماوەی بەرگری”، کە ئەو تەنانە دەستەبەری دەکەن، هێشتا لەژێر توێژینەوەدایە.

تا ئێستا، توێژینەوەکان دەریدەخەن، کە (ماوەی بەرگری) لە 6 مانگ تا 2 ساڵ دەمێنێتەوە، دەستەواژەی (ماوەی بەرگری) کە دژەتەنەکان دەستەبەری دەکەن، تەوەری سەرەکییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی پەتایەکە، تا ماوەی بەرگرییەکە زیاتر بێت، بڵاوبوونەوەی پەتایەکە لەناو کۆمەڵگا کەمتر دەبێ.

لەبەر ئەم هۆیە، پزیشکان داوا لەوانە دەکەن، کە چاکبوونەتەوە، ماوە ماوە نموونەی خوێنیان پێشکەش بکەن، بۆ لێکۆڵینەوە لە دژەتەنەکان و زانینی ئەوەی، کە دوای چەند مانگێک کەم دەکات.

- پێشبینیی تووشبوونی مەترسیدار
لەگەڵ مامەڵەی کارمەندانی بواری پزیشکی لەگەڵ تووشبووانی کۆڕۆنا لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، توانیویانە بەخێرایی مامەڵە لەگەڵ حاڵەتە زۆر ترسناکەکان بکەن، هەر لەگەڵ گەیشتنیان بە نەخۆشخانەکان، بەڵام زانینی ئەوەی، کە ئایا حاڵەتی ئەو تووشبووەی تازە هێنراوەتە بەردەستیان لە دۆخی ئاسایی دەگۆڕێ بۆ دۆخی ترسناک، یان دەستنیشانکردنی ئەو حاڵەتانەی پێویستیان بە چاودێریی چڕ هەیە، هێشتا لەژێر توێژینەوەدایە.
بۆ نموونە، هەندێ لەتووشبووان بە کۆڕۆنا تووشی جەڵتەی دڵ دەبن، بەتایبەت لەناو توێژی گەنجان، بەڵام پزیشکان تا ئێستا ناتوانن بزانن لە کام حاڵەتدا ئەمە روودەدا، بۆ ئەوەی
خوێنیان پێ بدرێ، لەگەڵ ئەو ماوەیەی، کە نەخۆش پێویستە وەریبگرێ.

بەگوێرەی (The Guardian)ی بەریتانی، تۆم وینگفیڵد، دکتۆر لە کۆلێژی لیڤەرپول دەڵێ: “خاڵی یەکلاکەرەوە ئەوەیە، کە ئێمە بەدرێژایی کات داتاکان لە پشکنینەکانی خوێن و ئاستی ئۆکسجین و رێژەی هەناسەدان کۆ دەکەینەوە، هیوامان وایە ئەمە یارمەتیمان بدات بۆ پێشبینی کردنی ئەوەی کێ رەنگە خراپترین پەرچەکرداری بۆ ڤایرۆسەکە هەبێ و کێش پێویستە چارەسەریی چڕی پێ بدرێ”.

- رێگای گەیشتن بە پێکوتە
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، زۆر کەس باوەڕیان وا بوو، لە ماوەی چەند مانگێکدا دەگەن بە پێکوتەیەک بۆ پەتایەکە، هێشتاش ئەم هیوایە لەلایەن زۆر کەسەوە هەیە، کە بەر لە کۆتایی 2020 بگەن بە پێکوتەیەک، بەڵام ئاماژەکان شتێکی تر دەڵێن.

وۆلهاوی لەم بارەیەوە دەڵێت “پێکوتە هیوایە، ستراتیژیەت نییە”، بە ئاوڕدانەوە لەوەی دەرفەتی گەیشتن پێی بەر لە کۆتایی ساڵ زۆر کزە”.