كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
نوری بێخاڵی 09/06/2020

پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی..

(بەشی یەکەم)


دەروازە..
پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی لە دونیای سیاسیی ئەمڕۆ و ململانێکانی ناویدا، چ لە ئاستە گڵۆباڵەکەی، یان هەرێمایەتی و لۆکاڵییەکەیدا، پانتاییەکی گەورە و فراوانی داگیر کردووە. هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و هاتنەپێشەوەی (تڕامپ)، گەمە سیاسییەکانی (پۆتین) لە ڕووسیا و بەردەوامییەکەی لە سەرۆکایەتیکردنی ئەو وڵاتە، چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوڕووپا (برێکزت)، خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا و بابەتی (هێلەگ زەردەکان)، ڕاپرسی لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری ئیتالیا، ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، ڕاپرسی لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا و بابەتی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لەو وڵاتە و پۆپۆلیزمی (ئەردۆگان)، خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی لوبنان، دۆخی سیاسیی عێراقی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان و دەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو شەپۆلە سیاسییەی دواتر حزبە ئیسلامییەکانیشی لەگەڵ خۆیدا ڕاماڵی و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت کاوێژ لەسەر میراتی ئەو بزووتنەوەیە دەکەن. هەموو ئەم پرسانە و زۆر رووداو و پرسی دیکەی سیاسی، لە ئاستی وڵاتانی جیهان و ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستاندا، هەر یەکەیان و بە شێوەیەک لە شێوەکان، لەگەڵ خۆیاندا بابەتی پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستییان زەقتر کردەوە.

بەشێوەیەکی گشتی، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هیچ ڕووداو و پێشهاتێکی سیاسی نییە، لەگەڵیدا بابەتی پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی نەورژوێنرێت. لەناو هەموو ئەو ڕووداو و پێشهاتە جیهانی و هەرێمایەتی و لۆکاڵیانەشدا، پرسی هەڵبژاردن و ڕاپرسییەکان، زۆرترینی ئەو بوار و دەرفەتانەن، کە بەهۆیانەوە هێز و کاراکتەرگەلی سیاسی، پۆپۆلیزم لە بەرگی جیاوازدا بەرهەم دێننەوە. واتە ئەگەر زیادەڕۆییمان نەکردبێت، ئەوا دەتوانین بڵێین: لەم سەردەمەدا، لە توێی ململانێ سیاسییەکاندا، پرسی هەڵبژاردن و ڕاپرسییەکان بەتایبەتی، منداڵدانی سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی پۆپۆلیزم و گەشەکردنی گوتاری پۆپۆلیستین.

بەو پێیەی هەرێمی کوردستانیش کەم و زۆر لەم هاوکێشە سیاسییە بەدەر نییە، تا ئەو ئاستەی زۆر بەڕوونی هەست بە بوون و کارایی هێز و کاراکتەرگەلی پۆپۆلیست دەکەین و دەستوپەنجەمان لەگەڵ خۆیان و گوتارەکەیاندا نەرم کردووە. بۆیە گرنگە لەبەر ڕۆشنایی چییەتیی چەمکەکە و ڕەگە مێژووییەکانی، هەروەها خەسڵەت و ئەدگارەکانی و ئەو گۆڕانکارییانەی پێ بەپێی قۆناغە مێژووییەکان، کە هەر لە ڕۆژی سەرهەڵدانیەوە تا ئەمڕۆ پۆپۆلیزم بەخۆیەوە بینیوە، تیشک بخەینە سەر چییەتی و ماهییەتی پۆپۆلیزم و لەبەر ڕۆشنایی ئەو خوێندنەوەیەشدا، سیما و ئەدگار و خەسڵەت و تایبەتمەندیی ئەو کاراکتەر و سەرکردە و بزووتنەوە سیاسییانەی لە هەرێمی کوردستاندا سەرمەشقی بەرهەمهێنان و برەوپێدانی گوتاری پۆپۆلیستی بوون، بناسینەوە. ئەمەو لەگەڵ ئەو دەرهاوێشتە و لێکەوتە نەرێنییانەی، کە پۆپۆلیزمی کوردی (ئەگەر بتوانین ئەو ناوەی لێ بنێین!) و گوتارە پۆپۆلیستییە چەواشەکارەکەی لەگەڵ خۆیدا هێنانی و بەهۆیانەوە کۆمەڵگای کوردستانی لەسەر ئاستە سیاسی، کۆمەڵایەتی، تەنانەت ئابووری و کولتوورییەکەیشی، دووچاری شێوان و شڵەژان کرد.

هەموو ئەمانە ئەوەمان لێ دەخوازن، بەشێوەیەکی ڕووکەش و سەرپێیی لەبارەی پرسی پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستییەوە نەدوێین، بەڵکوو پێویست دەکات بە ڕۆچوونە قووڵایی پرسەکە، هەر لە شوێنکات و زەمینە و هەلومەرجی سەرهەڵدانییەوە، تا خستنەڕووی ئەو گیروگاز و گرفتانەی لە پێناسەکردنیدا هەن، لەگەڵ ئەدگار و خەسڵەتەکانی، بەتایبەتیش لە پەیوەست بە چییەتی و ماهییەتی پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی لە کوردستان، بەرچاوڕوونیی زیاتر بدەینە خوێنەر. بۆیە دەپرسین:

پۆپۆلیزم چییە؟ ئایا تیۆرێکی سیاسییە، یان تێزیکی فەلسەفی؟ ئاخۆ گوتارێکی فیکرییە، یان هونەر و سەلیقەی ڕامکردنی خەڵک؟ ڕەگوڕیشە مێژووییەکانی چین و کەی و لە کوێ سەری هەڵدا؟ ئایا پۆپۆلیزم بە یەک فۆڕمی دیاریکراو، یان بە فۆڕمی جیاواز خۆی دەنوێنێت؟ بەڕاست پۆپۆلیزم دەچێتە خانەی چەپڕەوی، یان ڕاستڕەوی؟ ناوەڕۆک و ڕەهەندەکانی، ئەدگار و ڕووخسارەکانی چین؟ ئەی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوە و کاراکتەرە پۆپۆلیستییەکان چین؟

وەڵامدانەوەی هەموو ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری دیکە، کە ڕەنگە لێرەدا بە خەیاڵی ئێمەدا نەهاتبن، بە تەنیا وتارێکی شیکاریی دەرەقەتیان نەیەت و کارێکی هەروا ئاسان نەبێت، بەڵام بە ئەوپەڕی توانا و تا ئەو شوێنەی شارەزایی و ئاگاییمان کۆمەکمان دەکات، هەروەها بەسوودوەرگرتن لە تێز و تیۆر و ڕوانگە و بۆچوونی بیرمەندان و پسپۆرانی بواری سیاسی و ئەو ئەرگۆمێنتانەی لە واقیعی گۆڕەپانی ململانێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەبەردەستدان، هەوڵ دەدەین وەڵامی زۆرترینی پرسیارەکان بدەینەوە.

بەدڵنیاییشەوە، لەمیانی ئەم خستنەڕووە هەمەلایەنەی بابەتەکەدا، خوێنەری وریا و بەئاگا، خوێنەری ورد و هۆشیار، ئەوەی، کە توانای پەیبردرن بە نەگوتراوی پشتی گوتراوەکان و خوێندنەوەی نێو وشە و ڕستە و دێڕەکان هەیە، کەم تا زۆر دەگاتە ئەو دەرەنجامەی، کە لەوە تێ بگات، هێزە سیاسییەکانی کوردستان، ئەوانەی ناویان لە خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی ماف و داخوازییەکانی خەڵک دەزانن، دەکەونە کوێی پۆپۆلیزم. دەرک بەوە بکات، کە کاراکتەر و سەرکردە سیاسییەکانی ئەو بزووتنەوە و هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنانە، لەکوێدا وەک ڕەفتار و خەسڵەت دێنەوە ناو چوارچێوەی پۆپۆلیزم. بزانێت چۆن و بە چیدا گوتاری پۆپۆلیستی لە هەرێمی کوردستان بناسێتەوە. دواجاریش بگاتە وەڵامی ئەو پرسیارەی، کە ئاخۆ کاراکتەر و هێزگەلێکی سیاسی، کە درێژکراوەی ناو هەمان مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی پڕ شکستی کۆمەڵگا بن، دەتوانن نموونەیەکی دیکەی باشتر، یان فۆڕمێکی دیکەی جوانتری کاری سیاسی پێشکەشی کۆمەڵگا بکەن؟