فیلمی کوردی (فۆرڤاردی کوێستان) پاڵێوراوە بۆ کێبڕکێی شەش فیلم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فیلمی کوردی (فۆرڤاردی کوێستان) پاڵێوراوە بۆ کێبڕکێی شەش فیلم

 

فیلمی درێژی (فۆرڤاردی کوێستان) بەرهەمی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتە و سەرنجی لێژنەی فیلم فێستیڤاڵەکانی (سویس، داڵاسی ئەمەریکا، کۆریای باشوور، بەڕازیل، چیک و هەروەها فستیڤاڵی ئیتاڵیا)ی راکێشاوە.

فورڤاردی کوێستان، باسی چیرۆکی منداڵانی کورد و کوێستان و تۆپی پێ و مۆندیال دەکات.

فریا مەجید ئابادی، نووسەری فیلمنامەی فۆرڤاردی کوێستان بە (باسنیوز)ی گوت “ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە منداڵانی هەورامان دەکات، ئەو منداڵانەی هیوای تۆپی پێیان هەیە، بەڵام بەهۆی شێوازی جوگرافیای ناوچەی هەورامان، زەوینێکی تەخت و لەبار بۆ یاریەکەیان نییە، بۆیە منداڵانی گوند بڕیار دەدەن بڕۆن بۆ هەوار و لە بەرزاییەکانی هەوار شوێنێک بۆ یاریی تۆپی پێ دابین بکەن، هەموو منداڵان بە کوڕ و کچ تێدەکۆشن و لە کۆتاییدا شوێنێکی گونجاو ڕێک دەخەن، دروستکردنی ئەم زەوینە هاوکات دەبێ لەگەڵ مۆندیال و هەر خێزانێکی ئەو گوندە لایەنگری یانەیەکی جیهانە و بەم شێوەیە پیشان دەدەین، کورد دۆستی هەموو جیهان و مرۆڤایەتییە”.

فریا مەجید ئابادی دەڵێت “چەندین بەشی فیلمەکە سەرنجی لێژنەی داوەرانی فیلم فستیڤاڵی ڕاکێشاوە و یەکێک لەو بەشانە ئەوەیە، دوای ئەوەی منداڵان ئامادەی یاری دەبن، جلوبەرگیان نییە، بۆیە دەموچاویان ڕەنگ دەکەن و بەم شێوەیە دەبنە دوو یانەی سەر سوورەکان و سەر شینەکان. هەروەها ئەم فیلمنامەیە 4 ساڵ پێش ئێستا نووسیومە و مەبەستم لەم فیلمە پیشاندانی چەند لایەنێکی جوانی کورد بووە، (یەکڕیزی، هەوڵ و تێکوشانی کچ و کوڕان، دۆستایەتیی کورد لەگەڵ جیهان و هەروەها تەنیا دۆستی کورد کوێسانە)، کە ئەم وشەیە بە دیالۆگ لە فیلمەکەدا هەیە”.

چاوەڕوان دەکرێت فۆرڤاردی کوێستان لە ئاستێکی باشدا بێت، بۆ بەدەستهێنانی پلەیەکی باش و فیلم و هونەری کوردی ئاستێکی تری جیهانی بەخۆیەوە ببینێت.

لۆکەیشنی فورڤاردی کوێستان ناوچەی هەورامان و بەرزاییەکانی 2000 مەتری هەوار بووە.

شایانی باسە، کە کەیوان مەجیدی، دەرهێنەری ئەم فیلمەیە و خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە و چەندین فیلمی درێژ و دراما و کورتە فیلی کوردیی بەرهەم هێناوە.

فریاد مەجید ئابادی، نووسەری چەند دەقی بەرامەی تەلڤزیۆنییە و پێشکەشکاری دیاری شاری سنە و هەروەها ژەنیاری ئامێری پیانۆیە.

یوسف ئەسەدی، ئامادەکاری فۆرڤاردی کوێستان، ئەکتەری بەناوبانگی کۆمیدیای کوردی شاری سنەیە.