عێراق نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی لەسەرە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عێراق نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی لەسەرە

لێژنەی دارایی وڵاتەکە لە ڕاپۆرتێکدا بابەتەکە دەخاتە ڕوو

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، راپۆرتێکی بە ژمارە (١٤٦٨) لە (٦/ ٦/ ٢٠٢٠) بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناردووە و تیایدا داوای کردووە، پرۆژە یاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ تەمویلی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، بخەنە ئەجێندای کۆبوونەوەی پەرلەمان (خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێ)، لیژنەکە تێڕوانینی خۆیشی خستووەتە روو، بەتایبەتی. کە موازەنەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دواکەوتووە و پەتای کۆڕۆناش سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە و نرخی نەوتیش بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو دابەزیوە.

لیژنەی دارایی پەرلەمان رێکارەکانی لە چەند خاڵێکدا روون کردوونەتەوە، لەوانە:
- ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠٢٠) لە رێکەوتی (٩/ ٥/ ٢٠٢٠) بڕیاری رەزامەندیی لەسەر پرۆژە یاسایەکە داوە.
- پرۆژە یاساکە لە (١١/ ٥/ ٢٠٢٠) بە نووسراوی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارە (ش.ز.ل /١٠/ ١/ ٣/ ٩٩٠٣) لە (١١/ ٥/ ٢٠٢٠) نێردراوەتە ئەنجوومەنی نوێنەران.
- پرۆژە یاساکە بەپێی پەراوێزی سەرۆکی پەرلەمان لە (١٧/ ٥/ ٢٠٢٠) ئاراستەی لیژنەی دارایی کراوە.
- لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٢)ی رۆژی چوارشەمە (٣/ ٦/ ٢٠٢٠) خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە کراوە.

دوای روونکردنەوەی ئەم رێکارانەی سەرەوە، لیژنەکە سەرنج و تێبینییەکانی خۆی سەبارەت بە رەسیدی قەرزەکان لە چەند خاڵکدا بەم شێوەیە روون کردووەتەوە:

١- قەرزی دەرەکی:
لیستی قەرزی دەرەکی بە ناوی تەواوی ئەو شوێن و لایەنانەی قەرزەکەیان لێ وەرگیراوە، لەگەڵ بڕی قەرزی وەرگیراو لە هەر یەکێکیان بە دۆلار لەگەڵدا هاوپێچ کردووە، کە کۆی گشتیی قەرزی دەرەکی بریتییە لە (بیست و پێنج ملیار و چوار سەد و چل و چوار ملیۆن دۆلار).

٢- قەرزی ناوەخۆ:
بەهەمان شێوە لیستی قەرزی ناوەکی بە ناوی ئەو لایەن و بڕی ئەو پارەیەی قەرز کراوە بە دیناری عێراقی هاوپێچ کردووە، کە بریتییە لە (چل ترلیۆن و هەشت سەد و دە ملیار و چوارسەد و حەفتا و یەک ملیۆن و هەشت سەد و شەست و یەک هەزار و سێ سەد و دوو دینار) کۆی قەرزی ناوخۆیی.

لیژنەی دارایی پەرلەمان لە درێژەی راپۆرتەکەیدا ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە بەهۆی ئەوەی پرۆژە یاسای موازەنەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پێشکەش نەکراوە، لیژنەی دارایی بۆی نەلوا لەسەر قەبارەی کورتهێنانی نەخشەبۆکێشراو بۆ ئەم ساڵ بوەستێ، تا بتوانێ لەبەرامبەردا قەبارەی قەرزی پێویست دەستنیشان بکا.
لێژنەکە لە راپۆرتەکەیدا بە ئاماژە بە مادەی (٢) لەم پرۆژەیەدا، دەڵێ، ناکرێ ئەم پرۆژەیە بکرێتە بنچینەیەکی جێگرەوە بۆ بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠. پاشان لیژنەکە وای دەبینێ، کە قەرزەکان لە چ بوارێکدا بن. هەروەها گەڕان بەدوای ستراتیژیەتی جێگرەوە، لەپێناو گەشەکردنی ئابووریدا، هەروەها داهات لە رێی سەرچاوەی نانەوتییەوە زیاد بکرێ، بۆئەوەی لەداهاتوودا کەمتر پەنا ببەنە بەر قەرزەوە، پەلەش بکرێ لە پێشکەشکردنی یاسای موازەنەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠.

دواجار لیژنەی دارایی پەرلەمان عێراق داوای کردووە، کە پرۆژە یاساکە بە ئامانجی تەواوکردنی رێکارەکانی جێبەجێکردن، بۆ خوێندنەوەی دووەم لە پەرلەماندا بخرێتە روو.
...........
-تێبینی: کۆپیی نووسراوەکان هاوپێچ کراوە.